کۆنگرەی دوەمی بەغدا: پشتیوانی عێراقێکی ئارام و گەشەسەندو دەکەین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وڵاتانی بەشدار لە دوەمین کۆنگرەی بەغدا  پشتیوانی خۆیان بۆ عێراقێکی ئارام و گەشەسەندو دوپاتکردەوە و داواشیانکرد بەغدا هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا چڕبکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە کۆنگرەی 'بەغداد دوو' بۆ هەماهەنگی و هاوبەشی بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری وڵاتانی عەرەبی لە ئەردەن دەستیپێکرد.

بەبەشداری ژمارەیەک لە وڵاتانی هەرێمی و جیهانی، دوەمین کۆنگرەی بەغدا بۆ هەماهەنگی و گەشەپێدان لە هۆڵی مەلیک حسێن بۆ کۆبونەوەکان لە ئوردن سازکرا،و وڵاتانی بەشدار لە کۆنگرەکە جەختیان کردەوە  لە بەردەوامی کاری پێکەوەیی و هاوکاری عێراق لەبوارەکانی ئاسایش، ئارامی و پاراستنی سەروەری خاکەکەی .

 هەروەها پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقیان کرد  بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام، کارکردن بۆ بونیادنانی ئابورییەکی بەهێز، گەشەپێدانی زیاتری کەرتی کارەبا، وزە، ئاو، ئاسایشی خۆراک، تەندروستی، رێگەوبان، ژینگە و بەرەنگاربونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

هاوکات،لە كۆنگرەی لوتكەی بەغدای دوودا، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتارێکی پێشکەشکرد و وتی:”هیوادارین ئەم لوتكەیە ئەنجامی باش بەدەستبهێنێت و هیوای گەورەمان هەیە، داواش لە وڵاتان دەکەین، هاوكارمان بكەن بۆ گەڕانەوەی پارەكانی عێراق”.

سوودانی هەڵوێستەی لەسەر دۆسیەی ئاویش کرد و وتی:”بەهۆی كەمیی ئاوەوە لە ژێر هەڕەشەیەكی گەورە داین و كێشەی ئاومان لەگەڵ توركیادا هەیە، داوا لە توركیا و ئێران دەكەین، پشكی ئاوی عێراق بەربدەنەوە”.

وتیشی:”نامانەوێت هیچ وڵاتێك سنووری وڵاتێكی تر ببەزێنێت، هەروەها قبوڵی ناكەین هیچ وڵاتێكە هەڕەشە لە وڵاتەكەمان بكات”.

جێگەی باسە لە کۆنگرەکەی ئەمڕۆدا هەریەک لە عێراق، ئوردن، فڕەنسا، میسر، ئیمارات، ئێران، تورکیا، قەتەر، بەحرەین، سعودیە، سەڵتەنەتی عومان، کوەیت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی، ئەمینداری ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بەشدارییان تێدا کرد، بڕیاریشە ساڵی داهاتو عێراق و فڕەنسا بە هاوبەشی کۆنگرەی سێیەمی بەغدا ساز بکەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار