دەمیرتاش: مشتومڕکردنی ئۆپۆزسیۆن لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتی بە واتای لادان لە ئامانج دێت

2 ساڵ لەمەوپێش



سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، سەرنجی بۆ گفتوگۆکانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا راکێشا و وتی، "ئێستا پێویستە کۆتایی بەو گفتوگۆ خراپانە بهێنرێت و مشتومڕکردنی ئۆپۆزسیۆن لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتی بە واتای لادانە لە ئامانجەکە."

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە لە زیندانی ئەدرنەدایە، سەبارەت بە هەڵبژاردن و مشتومڕەکانی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک کۆماری لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە پەیامێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوکردەوە و وتی، “هەموو ئەکتەرێکی سیاسی کە بە دڵ و گیان باوەڕی بە دیموکراسی هەیە، پێویستە بەرپرسیارێتی بنیاتنانەوەی دەوڵەت لە ئەستۆ بگرێت. نابێت هیچ کەسێک هەوڵی دوورخستنەوەی کەسێکی دیکە بدات."

ئاماژەی بەوەشکرد. " ئێمە بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێین. پێویستە ئامانجی هەموومان ئەوە بێت کە ئەم وڵاتە رادەستی خاوەنە راستەقینەکەی بکەین کە ئەویش خەڵکە. مشتومڕکردنی ئۆپۆزسیۆن لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتی بە واتای لادان لە ئامانج دێت."

دەمیرتاش دەڵێت، "هەموو ئەو لایەن و سەرکردە سیاسیانەی باوەڕیان بە دیموکراسی هەیە، بەشێکی سروشتی ئەم پرۆسەیەن. ئێستا پێویستە کۆتایی بەو باسە خراپانە بهێنرێت. ئێستا کاتی کۆبوونەوە و جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانە. بەم شێوازە هەمووان سەردەکەون و ٨٥ ملیۆن هاوڵاتی تورکیا قازانج دەکەن.

لە کاتێکدا کە نزیکەی شەش مانگ بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کە هاوپەیمانێتییەکیان بە ناوی هاوپەیمانی گەل پێک هێناوە، تاوەکو ئێستا لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماری رێکنەکەوتوون.

کەمال کلچدارئۆغلۆ ١٩ی ئەم مانگە رایگەیاند، ئەگەر لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن قبوڵی بکەن، خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا کاندید دەکات. بەڵام، بەرپرسانی پارتی باش بە سەرۆکایەتی مەڕال ئاکشەنەر کە دووەم پارتی نێو هاوپەیمانی گەلە لە رووی جەماوەر و رێژەی دەنگەوە، چەندین جار رایانگەیاندووە، پێیان وایە، کلچدارئۆغلۆ ناتوانێت لە بەرامبەر ئەردۆغان سەرکەتوو بێت و کاندیدکردنیی ریسکێکی گەورەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار