ئیمامئۆغلۆ: کاندیدی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کلچدارئۆغلۆیە

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ لەبارەی کاندیدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، کاندیدەکەیان کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی گشتی پارتەکەیە.

ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ کە ١٤ی ئەم مانگە، دادگای ئەستەنبوڵ، بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٥ رۆژ زیندای بەسەردا سەپاند، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.

ئیمامئۆغڵو باسی لە کاندیدبوونی کەمال کلچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتەکەی کرد و وتی، " من ئەندامی جەهەپەم. بەڕێز کەمال کلچدارئۆغڵو، سەرۆکی هەموو ئەندامانی جەهەپەیە و کاندیدی هەموو خانەوادەیەکی جەهەپەیە."

'پشتگیری لە قسەکانی دەمیرتاش دەکەم'

لەبارەی تویتێکی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی زیندانیکراوی پێشووی هەدەپە کە وتبووی، 'پێویستە ئۆپۆزسیۆن دەست لە مشتومڕەکانی بۆ کاندیدکردنی کەسێک بهێنێت، لەبەرئەوەی لە ئامانجەکە کە بردنەوەیە لە هەڵبژاردن، دووریان دەخاتەوە'، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ وتی، قسەکانی دەمیرتاش راستن و پشتگیری لە قسەکانی دەکەم.

دەشڵێت، هیوادارم دەمیرتاش بە زووترین کات ئازاد بکرێت و بگەڕێتەوە نێو خانەوادەکەی. ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێک نییە کە بە تەنیا لەپێناویدا تێبکۆشین. ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەموو گەلەکەمان و بۆ ٨٥ ملیۆن هاوڵاتی دەبێت.

چەند رۆژ لەمەوبەر، میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی تورکیا، باسی ئەوەیان کرد کە لەسەر پرسی کاندیدی هاوبەشی سەرۆککۆماری کێشە لەنێوان پارتە سیاسیەکانی ئۆپۆزسیۆندا هەیە و لەنێو جەهەپەشدا، کێشە کەوتووەتە نێوان ئیمامئۆغلۆ و کلچدارئۆغلۆ، بەڵام بەرپرسان و ئەندامانی جەهەپە ئەو هەواڵانە بە ناڕاست و بانگەشە لەقەڵەمدەدەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار