داوا دەکرێت سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەر پارێزەری ئۆجالاندا بسەپێندرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



لە چوارچێوەی دۆسیەی لێپرسینەوە لە ئەندامانی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی (کەجەدە)، داواکاری کۆماری پارێزگای ئامەدی باکوری کوردستان، داوای کرد سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەر نەوروز ئویسال پارێزەری عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکەدا بسەپێندرێت.

ئەمڕۆ، پرۆسەی دادگاییکردنی نەورۆز ئویسال پارێزەری ئۆجالان لە دەیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەد بەڕێوەچوو. ئویساڵ بەشداری لە دانیشتنەکەدا نەکرد و پارێزەرانی ئامادە بوون.

بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، داواکاری کۆماری ئامەد لە دانیشتنی دادگادا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە کاتی قۆناغی قەدەغەی هاتوچۆ، لە ناوچەی جزیری سەر بە پارێزگای شڕنەخ، کە ئەو کاتە شەڕی ناوخۆ هەبوو، نەورۆز ئویسال گروپی واتسئاپی داناوە و لەگەڵ ئەندامانی کەجەدە کاری بۆ ئەو کەسانە کردووە کە لەدژی دەوڵەت شەڕیان دەکرد.

داواکاری کۆماری وتیشی، نەوروز ئویسال بەشداری لە چالاکیەکانی کەجەدەدا کردووە (تورکیا کەجەدە وەک رێکخراوێکی سەر بە پەکەکە دەبینێت) و پێویستە بە تاوانی 'ئەندامێتی پەکەکە' لە حەوت ساڵ و شەش مانگەوە تاوەکو ١٥ ساڵ، سزای زیندانی بەسەردا بسەپێندرێت.

دواتر پارێزەرانی نەوروز ئۆیسال داوایان کرد، کاتیان پێبدرێت تاوەکو وڵام بدەنەوە، بەڵام داواکەیان رەتکرایەوە و دانیشتنی دادگا بۆ ١٥ی ئازاری ساڵی داهاتوو دواخرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار