هونەرمەندێکی کورد پێش لەسێدارەدانی هەوڵی خۆکوشتن دەدات
سامان سەیدی ناسراو بە یاسین، هونەرمەند و راپەری کورد
2 ساڵ لەمەوپێش
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە؛ سامان سەیدی ناسراو بە یاسین، هونەرمەند و راپەری کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە بە خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی داوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئامادەکاریی بۆ جێبەجێکردنی سزاکای.
ئەو رێکخراوەیە لە زاری کەسوکاری یاسین ئاماژەی بەوە کردوە ئەو هونەرمەندە لە ئێستادا هۆشیاریی خۆی لەدەستداوە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.
یاسین لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران دەستگیر کرا و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی و دژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی یاساکانی ئەو وڵاتە بە ناوی دژایەتی خودا(محاربە) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا.
لە چەند رۆژی رابردودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە، ئەو هونەرمەندە کوردەی خەڵکی کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانی ئێڤین لە تارانەوە بۆ زیندانی رەجایشار لە کەرەج گوازرابوەوە.
بە پێی ئامارەکان زیاتر لە 15 گەنجی دەستگیرکراوی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە و جگە لە یاسین پێنج گەنجی دیکەش گوازراونەتەوە بۆ ژوری تاکەکەسی زیندانەکان بە مەبەستی لەسێدراەدانیان.