یەکێتیی ئەوروپا 4 ملیۆن یۆرۆ وەک هاوکاریی مرۆیی دەداتە عێراق
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یەکێتی ئەوروپا بری ٤ملیۆن یۆرۆ وەک هاوکاری مرۆی دەداتە عێراق وڕایگەیاند ئەو بڕە پارەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی 4,000 خێزانی ئاوارە و هەزار خێزانی دیکەش کە ئەندامێکی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، یان چیدی توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان نییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی کانوونی یەکەمی 2022، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ناسەقامگیریی سیاسی، گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک بەهۆی وشکەساڵی و هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بوونەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی عێراق دەستیان بە پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان نەگات."
دەشڵێت،" ئەو پارەیە بۆیارمەتی چینی هەژار سەرفدەکرێت بەتایبەتی ئەوانەی ئاوارەن و نیشتەجێی دەرەوەی کەمپەکانن بۆ ئەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن"
جانێز لێنارچیچ، کۆمیسیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان ڕایگەیاند، "تا بێت ژمارەی ئەو کەسانە بەرزدەبنەوە کە کاریگەرن بە نەبونی ئاسایشی خۆراک لە عێراق بە تایبەت ئاوارەکان وخەڵکی هەژار لەو ناوچانە هاوکات یەکێتی ئەوروپا خۆی بە بەرپرسیاردەزانێت لە یارمەتیدانی ئەم چینە هەربۆیە بڕی 4 ملیۆن یۆرۆی زیادەمان تەرخانکرد بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکەی عێراق کە پێویستییان پێیەتی بۆ تێپەڕاندنی ئەم کاتە سەختە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش ڕونکراوەتەوە کە ئەو بڕە پارەیە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاڵپشتیکردنی 4,000 خێزانی ئاوارە کە مانگانە بڕە پارەیەکیان بەسەردا دابەش دەکرێت. جگە لەوەش، هەزار خێزانی دیکەش کە ئەندامێکی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، یان چیدی توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان نییە، لە هاوکاریی کاش سوودمەند دەبن.
جێگەی باسە،لە ساڵی 2014ەوە، یەکێتی ئەوروپا 530.5 ملیۆن یۆرۆی یارمەتی مرۆیی تەرخان کردووە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی عێراق