دوای سێ مانگ هـۆكـاری لاوازبوونی نـــاڕەزاییەكانی ئێران دەستنیشان دەكرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئیسرائیل سێ هۆكار بۆ لاوازبوونی ناڕەزاییەكانی ئێران دیاریدەكات و هەرچەندە باوەڕی وایە رژێمی ئێران ناچارە هەندێك پاشەكشە بۆ خۆپیشاندەران بكات، بەڵام رووخانی رژێم بەئاستەم دەبینێت، هاوكات سەرۆكی سی ئای ئەی ئەمریكا دەڵێت: دەسەڵاتی تاران وەڵامی داواكاریی خەڵكی وڵاتەكەی پێنادرێتەوەو ناڕەزایەتییەكانیش بەردەوام دەبێت، دوای كاردانەوە دەرەكییەكانیش لەسەر لەسێدارەدانی دوو گەنج دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان بەشێوەیەكی كاتی راگیران.
نزیكەی 100 رۆژە دوای مەرگی ژینا ئەمینی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەكان سەرەڕای سێدارەو ئەشكەنجەو مەرگی رۆژانەی گەنجان و لاوان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەردەوامەو دەسەڵاتی وڵاتەكە كەوتووەتە لاوازترین قۆناغی سیاسی و پێگەی نێودەوڵەتییەوە.
نوێترین راپۆرتی ژمارەیەك پسپۆڕی هەواڵگریی و ئەمنی و سەربازیی ئیسرائیل سەبارەت بەناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵاتی ئێران بڵاودەبێتەوەو ئاماژە بەوەكراوە ئەو سەرهەڵدانانەی ئێستا 40 ساڵە هاوشێوەی نەبووەو چیتر دۆخی وڵاتەكە ناگەڕێتەوە پێش مەرگی ژینا ئەمینی بەڵام سێ هۆكاری سەرەكیی بووەتە مایەی مەترسیی لەسەر لاوازبوون و دواكەوتنی رووخانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەئێران لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵگریی ئەمریكا پێشبینیی بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەكان دەكات.
ئەگەرچی دەسەڵاتی ئێران لە ناوخۆی وڵاتەكەدا بە زەبرو زەنگ و سێدارە هەوڵی كپكردن و سەركوتكردنی ناڕەزایەتییەكان دەدات، بەڵام لەئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەی وڵاتەكە بەتەواوەتیی لاوازبووە بەتایبەت دوای بڕیاری دەركردنی نوێنەرایەتییەكەیان لەكۆمیسیۆنی ژنانی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان، دوای ئەو رووداوەش ئەمریكاو بەریتانیا بەشێوەیەكی روون و ئاشكرا ئامانجی وڵاتەكانیان بۆ سزادانی زیاتری تاران ئاشكراكردووە.
سێدارە دەسەڵاتی ئێران بەرەو هەڵدێر دەبات
دەسەڵاتی ئێران دووجار دوو گەنجی دەستگیركراوی ناڕەزایەتییەكانی لەسێدارەدا بەڵام پێشبینی ئەوەی نەدەكرد كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان و تەنانەت بڕیاری نەتەوەیەكگرتووەكان بەوشێوەیە پێگەی وڵاتەكەی لەئاستی جیهاندا هەرەس پێبێنێت و لەكۆمیسیۆنی ژنان تەنها هەشت وڵات ئامادەبن بەرگرییەكی لاواز لەو دەسەڵاتە بكەن.
دوای لەسێدارەدانی موحسین شكاری لەتاران و مەجیدڕەزا رەهنەورد لەشاری مەشهد، بڕیاربوو لانیكەم 39 كەسی دیكە لەسێدارە بدرێن، بەڵام بەهۆی كاردانەوەی زۆربەی وڵاتان بەتایبەت بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئۆسترالیا، نەمساو ئەمریكاو هۆشداریی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ناڕەزایەتییەكانی ناوخۆ لەئێران سزای سێدارەكان بەشێوەیەكی كاتی راگیران.
سەرۆكی سی ئای ئەی ئەمریكا دەڵێت: دەسەڵاتی تاران وەڵامی داواكاریی خەڵكی وڵاتەكەی پێنادرێتەوەو ناڕەزایەتییەكانیش بەردەوام دەبێت، ڤەدانت پاتێڵ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاند؛ واشنتۆن بەقوڵی نیگەرانی سەركوت و سێدارەیە لەئێران سەرەڕای ئەوەی توندوتیژییەكانی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر خۆپیشاندان و خەڵك ئیدانە دەكات، هەوڵی سزادانی زیاتری تاران دەدات .
ئەو وتی وڵاتەكەی نیگەرانە لەسەركوتی ژنان و گەنجانی ناڕازیی ئێران، بۆیە واشنتۆن لەگەل هاوپەیمانەكانی هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە نەتوانێت خۆی لەبەرپرسیارێتی رووداوەكانی سێ مانگی رابردوو دەرباز بەكات و دەبێت ناچار بكرێت بە وەڵامدانەوە و بەرپرسیارێتی كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان.
هەڵوێستەكەی ئەمریكا لەكاتێكدایە لەسەرەتای دەستپێكی ناڕەزایەتییەكان رۆبەرت مالی، نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران رایگەیاند واشنتۆن پشتیوانیی لەو خۆپیشاندانانە ناكات كە بۆ رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكرێت و ئەوەش ناڕەزایەتیی زۆری چالاكوانانی مەدەنی و سیاسیی لێكەوتەوەو تەنانەت لەواشنتۆن و نیۆیۆرك خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژی ئەو بەرپرسەی ئەمریكا بەڕێوچوو.
رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز دوو مانگ دوای لێدوانی مالی ئاشكرای كرد كەئەمریكا هەڵوێستی دوای مەرگی ژینا ئەمینی و كاردانەوەكانی دژی دەسەڵاتی ئێران گۆڕاوەو تەنانەت لەئێستادا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریكا تاووتوێی بژاردەی سەربازیی لەدژی هەندێك دامەزراوەی ئەتۆمیی دەكات و لەگەڵ ئەوەشدا كۆتایی بەدانوستانە ئەتۆمییەكان هێناوە كەوەك تاكە تروسكایی دەسەڵاتی ئێران بۆ لابردنی سزا ئابورییەكان و سوككردنی باری گرانی وڵاتەكە لەقەڵەمدەدرا.
لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بەبۆنەی سێ مانگ تێپەڕینی مەرگی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان پەیامێكی لەڕێگەی وەزیری دەرەوە بڵاوكردەوەو جەختی لەسزادانی زیاتری دەسەڵاتی ئێران لەلایەن لەندەنەوە كرد، ئەویش بەهۆی سەركوت و سێدارەی خۆپیشاندەرانەوە.
بەریتانیا رایگەیاند لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان 300 سزای بەسەر دەسەڵاتی ئێراندا سەپاندووەو ئەگەر توندتویژی و پێشێلكارییەكان بەردەوام بێت سزای زیاتر بەسەر تاراندا دەسەپێنێت.
جەیمز كلێڤێرلی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند: لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان، 300 سزای بەسەر دەسەڵاتی ئێران و 40 بەرپرسی ئەو وڵاتەدا سەپاندووەو ئەگەر سێدراەو توندتویژی و پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ بەردەوام بێت ئەوا سزای زیاتر بەسەر تاراندا دەسەپێنێت.
بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی و ئەمنیی و سەربازیی ئیسرائیل هۆكاری ئەگەری شكستەكانی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی سێ مانگی رابردووی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانیان تاووتوێ كردووەو بەپێی راپۆرتێكیش ئەو ناڕەزایەتییانە لە 40 ساڵی رابردوودا هاوشێوەی نەبووەو دۆخی كۆماری ئیسلامی ئێران بەهیچ شێوەیەك ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش مەرگی ژینا ئەمینی.
بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل بەپێگەی (ئەلمۆنیتەر)ی راگەیاندووە دۆخی ئێستای ئێران زۆر جیاوازە بەراورد بەپێنج ساڵی رابردوو، ئەوەی ئێستا روودەدات زۆر قووڵ و كاریگەرەو پاشەكشێی نییەو دۆخەكە ناگەڕێتەوە دواوە.
ژەنەڕاڵ عەفرایم سنێ، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل وتوویەتی: ئەوەی ئێستا لەئێران بەدیدەكرێت تەنها سەرهەڵدانێكی ناوچەیی و ئاسایی نییە، بەڵكو لەقووڵایی و بەردەوامیدایەو دۆخەكە گشتگیرو بەرفراوانەو وەرچەرخان و گۆڕانكاریی بەرچاو دروستدەكات.
پێچەوانەی ئەو بەرپرسە زۆربەی بەرپرسانی ئیسرائیل بڕوایان وایە وەرچەرخان و گۆڕانكاریی خێرا لەئێران روونادات و ناڕەزایەتییەكان بەچەند هۆكارێك ئەگەری سەركەوتنیان لەوڵاتەكە لاوازە.
بەپرسێكی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) كە ناوی بڵاونەكراوەتەوە بە ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە؛ رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران تائێستا كۆمەڵێك ئامرازی بۆ بەرگریی و مانەوەی خۆی و سەركوتی لەبەردەستدا ماوە كە سوودی لێوەرنەگرتووەو دژی خۆپیشاندەران بەكاری نەهێناوە، بۆیە پێشبینی رووخانی ئەو رژێمە ئاستەمە، بەڵام ناتوانرێت حاشا لەگۆڕانكارییەكان بكرێت و دەسەڵاتی وڵاتەكە ناچارە هەندێك پاشەكشە بۆ خۆپیشاندەران و گەنجانی ناڕازیی بكات.
ئەو بەرپرسەی مۆساد وتوویەتی: لەلایەك پێشبینیكردنی بەدیلی كۆماری ئیسلامی ئێران قورسەو لەلایەكیش گومانی تێدا نییە كەئەو وڵاتە بەرەو گۆڕانكاریی ریشەیی هەنگاو دەنێت.
بەبڕوای ئەو نەوتنەوەی سرودی نیشتیمانیی ئێران لەدەستپێكی یەكەم یاریی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە لەمۆندیالی 2022ی قەتەر ئاماژەیەكی زۆر واتاداربووە بۆ ئەوەی چ گۆڕانكارییەك لەوڵاتەكە روویداوەو دۆخێكی نوێ هاتووەتەوە ئاراوە.
ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە كردووە ئەگەر تەنانەت رژێمی ئێران یاسای سەرپۆشی زۆرەملێ هەڵوەشێنێتەوە كەهۆكاری سەرەكی مەرگی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی وڵاتەكە بووە ناڕەزایەتییەكان كۆتایی نایەت و بەردەوام دەبن ئەگەرچی رەنگە بۆ ماوەیەك ناڕەزایەتییەكان دامركاندنەوەو خاوبوونەوە بەخۆیانەوە ببینن، بەڵام دانیشتوانی ئێران دیواری ترس و تۆقاندنی دەسەڵاتدارانیان تێكشكاندوەو خەڵك بەشێویەكی بەرفراوان داوای مافەكان و ئازادییەكانیان دەكەن، بۆیە هەرگیز گەڕانەوە بۆ دۆخی رابردوو پێشبینیی ناكرێت.
بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی مۆساد هەڵوێستی بەدریە خامنەیی تاقانە خوشكی عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بێبەریبوونی لەبراكەی رۆڵی بەرچاوی هەبووە لەئاشكرابوونی دەسەڵاتی خۆسەپێنانەی ئێستای دەسەڵاتدارانی ئێران و لەسەرووی هەمووشیانەوە رێبەری كۆمارەكە، بۆیە ئەوەش ناڕەزایەتییەكانی قووڵتر كردووەتەوە.
شارەزایان و بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی مۆساد لەڕاپۆرتێكدا لەسەر ناڕەزایەتییەكان و تواناكانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە ئەو سەرهەڵدانانەی كەزیاتر لەسێ مانگە بەردەوامە نەبوونی سێ هۆكار مەترسیی لەسەر ئەنجامی ئەو ناڕەزایەتییانەو ئەگەری شكستهێنانی دروستكردووە كەیەكێكیان نەبوونی سەركردایەتییكردنی ناڕەزایەتییەكانەو دووەمیان نەبوونی پشتیوانیی ماددی و سێیەمیان نەبوونی پشتیوانیی بەهێزی ئەو ناڕەزایەتییانەیە لەلایەن مامۆستایانی ئاینیی ناڕازی لەدەسەڵاتی وڵاتەكە.
پسپۆڕانی مۆساد پێیان وایە لەئێستادا ئەو ناڕەزایەتییانە بەهۆی نەبوونی سەركردەو رێبەرەوە ئەگەری لاوازبوونی زۆرە لەكاتێكدا روحەڵا خومەینی، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی توانی لەوڵاتی فەڕەنساوە تا رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتیی لەساڵی 1979 سەركردایەتیی راپەڕینی رابردووی ئێران بكات.
ئەو بەرپرس و پسپۆڕانەی مۆساد جەختیان لەوە كردووەتەوە كە لەئێستاشدا ئۆپۆزسیۆنی تاراوگە دەتوانن هەمان رۆڵی خومەینی بۆ سەركردایەتیی ناڕەزایەتییەكانی ئێستای رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ببینن بۆ ئەوەی نەبوونی سەركردایەتیی ناڕەزایەتییەكان گورزی قورس لەڕاپەڕینی بەرفراوانی وڵاتەكە نەدات و ئەو كەموكوڕییە گەورەیە هیواكان بۆ رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەناو نەبات.
دووەم هۆكاری مەترسیی لەسەر ناڕەزایەتییەكان نەبوونی پشتیوانیی ماددیەو لەئێستاشدا پێناچێت هیچ پشتیوانییەكی ماددی و دارایی بۆ ئەو خۆپیشاندان و گەنجانە هەبێت كە بوێرانە لەسەر شەقامن لەكاتێكدا زیاتر لەحەوت ساڵە وڵاتەكە قەیرانی قووڵی دارایی هەیەو بەپێی دوایین راپۆرتی نێودەوڵەتیش لەكۆی 85 ملیۆن دانیشتوی وڵاتەكە 60 ملیۆن كەسیان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و توانای بژێوی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە.
بەرپرسانی هەواڵگریی ئسرائیل پێیان وایە سێیەم هۆكاری لاوازی یان ئەگەری شكستی ناڕەزایەتییەكان نەبوونی پشتیوانیی مامۆستایان و زانایانی شیعەیە لەناڕەزایەتییەكان و ئەوەش بۆ هۆكارێكی هەستیارە بەتایبەت كەكۆمەڵگەی ئێرانی بەدیندارو باوەڕدا لەقەڵەمدەدرێت، بەبڕوای ئەوان زۆرینەی شیعەی كۆمەڵگەی ئێران هەڵوێستی ئەو زانا ئاینییانەی شیعە بەهەند وەردەگرن كەدژی بەرپرسانی ئێستای وڵاتەكە بێت، بەڵام تا ئێستا زانایانی ئاینیی شیعە هەڵوێستێكی ئەوتۆیان بۆ پشتیوانیی لەناڕەزایەتییەكان دەرنەبڕیوە.
لەو خاڵەدا كەدەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ئاماژەی بە رۆڵی زانایانی ئاینیی شیعە كردووە لە رۆژهەڵاتی كوردستان پێچەوانەیەو زۆرینەی مامۆستایانی ئاینیی ئەو بەشە لەكوردستان بەبەیاننامەو دەربڕینەكانیان لەمزگەوتەكانەوە ئیدانەی دەسەڵاتی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كردووەو تەنانەت لەزۆربەی بەیاننامەكاندا جەخت لەو خاڵە كراوەتەوە كە دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەكە ئاكارو رەفتاری پێچەوانەی رەوشت و بەرنامەی ئیسلام و موسوڵمانان و رەفتارەكانی كۆماری ئیسلامی بووەتە مایەی زیانگەیاندن بەئیسلام و موسوڵمانان.
لەكۆتایی راپۆرتی مۆساد سەرەڕای ئەوەی پێشبینیی كراوە كەئەگەری هەیە رووداوە لەناكاوەكان ببێتە مایەی سەرسوڕمان یان رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام پێناچێت بەو كەموكوڕیانەی ئێستا لەناڕەزایەتییەكاندا بەدیدەكرێت بەخێرایی ئەنجامی گەورەی لێبكەوێتەوە، بەڵكو ئەوەی یەكلایی بووەتەوە دۆخی ئێران چیتر بۆ سەردەمی پێش مەرگی ژینا ناگەڕێتەوەو لە رووی نێودەوڵەتیشەوە پێگەی تاران بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو لاواز بووە.
ئەمریكا گەشبینە بەناڕەزایەتییەكان
ویلیام بێرنز، سەرۆكی دەزگای ناوەندی هەواڵگریی ئەمریكا (سی ئای ئەی) لەنوێترین لێدوانی خۆیدا رایگەیاند؛ دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داواكاریی گەنجانی وڵاتەكە بێت و ناڕەزایەتییەكانیش سەرەڕای هەموو زەبرو زەنگەكان دژی دەسەڵات بەردەوام دەبێت، چونكە بەبڕوای ئەو تێپەڕاندنی سێ مانگ ناڕەزایەتیی ئاماژەی ئازایەتی و بوێریی گەنجان و خەڵكی ناڕازیی وڵاتەكەیە.
بەبڕوای بێرنز ناڕەزایەتییەكانی ئێستا جیاواز لەساڵانی رابردووی ئێران سەرجەم گەلان و چین و تووێژە جیاوازەكانی سەرتاسەری جوگرافیای وڵاتەكەی گرتووەتەوە كە بووەتە هۆی بەرفراوانبوون و بەهێزبوونی ناڕەزایەتییەكان و دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ناتوانێت وەڵامی خواستی ئەو خەڵك و چین و تووێژە جیاوازانە بداتەوە.
ناڕەزایەتیی و ئەشكەنجە بەردەوامە
تائێستا زیاتر لە 12 گەنجی رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی ئەشكەنجەی هێزە ئەمنییەكان لەناوەندە هەواڵگری و ئەمنییەكان و زیندان گیانیان لەدەستداوەو بەپێی دوایین ئامار لەماوەی 95 رۆژی ناڕەزایەتییەكان لانیكەم 133 كەس لەو بەشەی كوردستان كوژراون و زیاتر لەشەش هەزار كەسیش دەستگیركراون كە 15 كەسیان سزای سێدارە دەیانگرێتەوەو پێنج كەسیان جێبەجێكردنی سزاكەیان نزیكە.
هاوكات ناوەندی مافەكانی مرۆڤی ئێران بڵاویكردووەتەوە لەماوەی زیاتر لە سێ مانگی ناڕەزایەتییەكان ناوی 502 كوژراو تۆماركراوە، كە 69 كەسیان تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمتر بووەو ژمارەی دەستگیركراوانیش گەیشتووەتە 18 هەزارو 452 كەس.