کۆنگرێس ترەمپ وەکو "ئاژاوەگێڕ" تۆمەتبار دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 کۆنگرێسی ئەمریکا لە نوێترین بەدواداچونیدا بۆ ئەو هێرشانەی ساڵی رابردوو کرابوویە سەر دامەزراوەی کاپیتۆڵی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوی وڵاتەکەی وەکو "ئاژاوەگێڕ" تۆمەتبارکرد، پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا شکستی هێنا و ئەنجامی پێویستی بەدەستنەهێنا.

لیژنەی تایبەتمەند بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایی لەبارەی هێرشەکانی سەر کۆنگرێس، راپۆرتێکی ٨٤٥ لاپەڕەیی ئامادەکردووە، تۆمەتەکانی هێرشەکە بەتەواوی دەخاتە ئەستۆی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا، کە پێشتر کاندیدی کۆمارییەکان بوو بۆ هەمان پۆست، بەڵام لە بەرامبەر جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەدا شکستی هێنا.

لە رۆژی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، لە پاش راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم کاپیتۆڵ گوتارێکی بۆ دەنگدەرەکانی پێشکەشکرد، دواتر پشێوی دروستبوو، خەڵکەکە بەچەکەوە هێرشیانکردە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس.

یەکێک لە راسپاردەکانی راپۆرتەکەی کۆنگرێس، ئەوەیە لە داهاتوودا بەدەستهێنانی پۆستی گشتی لە دۆناڵد ترەمپ قەدەغە بکرێت، چونکە "کاری ئاژاوەگێڕیی ئەنجامداوە"، ئەگەرچی ناوبراو لەماوەی رابردوو هەنگاوەکانی دەستپێکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی داهاتوو دژی کۆمارییەکان و بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکی ئەمریکا.

لیژنەکەی کۆنگرێس بۆ ئامادەکردنی ئەو راپۆرتە ١٨ مانگ کاریان کردووە و ١٠ کۆبوونەوەی گشتییان ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ هەزار شایەتحاڵ ئەنجامداوە، کە لەنێویاندا بەرپرسان و کاربەدەستانی ئیدارەکەی ترەمپ، ئەندامانی خێزانی ترەمپ، ئەفسەرانی پۆلیسی کاپیتۆڵ، دەستگیرکراوەکان و تۆمەتبارەکان...هتد، هەبوون.

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا لیژنەکە ئاماژەیان بە تویتێکی ترەمپ کردووە، کە لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بڵاوی کردووەتەوە و نوسیویەتی: "ناڕەزایەتییەکی گەورە لە دی سی لە ٦ی کانوون بەڕێوەدەچێت و لەوێ بە"، بەو شێوەیە هانی هەوادارەکان و دەنگدەرەکانی داوە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا پشێویی دروست بکەن، چونکە چەندین جار بە ئاشکرا وتبووی ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکەدا کراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار