هەدەپە: پێویستە بە زووترین کات راستی پشت کۆمەڵکوژیەکی پاریس ئاشکرا بکرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی هەدەپە داوایان لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کرد، بە زووترین کات راستی پشت کۆمەڵکوژیەکەی پاریس ئاشکرا بکەن.
پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) سەبارەت بە هێرشە چەکداریەکەی دوێنێ بۆسەر ناوەندی رۆشنبیری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا کە بە زمانی تورکی و فەڕەنسی بڵاوکرایەوە ئاماژە بەوەکراوە کە پێویستە رای گشتی لە راستی هێرشەکە ئاگادار بکرێتەوە.
راگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:
"بە داخەوە لە هێرشێکی دڕندانەدا بۆ سەر ناوەندی رۆشنبیری ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، ٣ هاووڵاتیی کورد گیانیان لەدەستدا و ٣ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون. سەرەتا بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە دڕندانەیە دەکەین و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خزم و کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە گیانیان لەدەستداوە، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. چاوەڕوانی ئێمە لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئەوەیە کە راستی پشت رووداوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن. تاکە ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە هێرشە ڕەگەزپەرستانە، ئاشکراکردنی راستیەکانە."
ف.ق