رۆژنامەیەکی فەڕەنسی: سێبەری تورکیا لەپشت هێرشەی پاریسەوەیە دەبینرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
رۆژنامەی لیبیرەیشنی فەڕەنسی بە ئاماژەدان بە خۆپیشاندانی کوردان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا رایگەیاند، سێبەری تورکیا لە پشت هێرشەکەی پاریسەوە دەبینرێت.
رۆژنامەی لیبیرەیشن راپۆرتێکی لەبارەی هێرشە چەکداریەکەی ٢٣ی ئەم مانگە بۆسەر کۆمەڵەی کەلتوری کوردی ئەحمەد کایا لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بڵاوکردەوە کە بەهۆیەوە سێ کورد شەهید بوون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژنامەکە دەڵێت، گۆمانی ئەوەدەکرێت، دەزگای هەواڵگری تورکیا لەپشت هێرشەکەوە بێت و بۆیەش کوردەکانی تووڕە کردووە.
هەرچەندە حکومەتی فەڕەنسا رایگەیاندووە، هێرشبەرەکە کەسێکی رەگەزپەرستە و هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە کە لەلایەن تورکیاوە هێرشەکە ئەنجام درابێت، بەڵام پارت و رێکخراوەکانی نزیک لە پەکەکە، بەرپرسیاری هێرشە دەخەنە ئەستۆی دەزگای هەواڵگری تورکیاوە.
کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دوێنێ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە یەکێک لە شەهیدەکانی پاریس بە ناوی ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بووە و نزیکەی ٣٥ ساڵ لەنێو ریزەکانی پەکەکەدابووە و بەشداری لە شەڕی دژی داعش لە رۆژئاوای کوردستانیشدا کردووە و بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی ئەوروپا کرابوو.
کەجەکە ئەوەی خستەڕوو کە هێرشەکە هاوشێوەی هێرشی ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ی پاریس کە تێیدا سێ ژن کورد بەناوی ساکینە جانسز یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز شەهید بوون، لەلایەن میتی تورکیاوە ئەنجامدراون.