وەزارەتی نەوتی عێراق: داهاتی بەدەست هاتووی نەوت بۆ مانگی تشرینی دووەم زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە.
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی نەوتی عێراق كۆی گشتی هەناردەكردنی نەوت و داهاتی دەستكەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی بڵاوكردەوە و بە پێی ئامارەکە، ٩٩ ملیۆن و ٨٦٨ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و داهاتەکەی زیاتر هەشت ملیار دۆلار بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوت کۆی هەناردە و داهاتی بەدەست هاتووی بۆ مانگی تشرینی دووەمی راگەیاند ووتی ،فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ لەماوەی مانگی ڕابردوودا بریتی بووە لە ٩٩ ملیۆن و ٨٦٨ هەزار و ٢٩ بەرمیل.
هەروەها كۆی بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی ٩٧ ملیۆن و ٢٠٤ هەزار و ٦٩٦بەرمیل بووە.
هاوكات بڕی هەناردەكراوی نەوتی كەركووك لە ڕێگەی بەندەری میناوە دوو ملیۆن و ٣٦٣ هەزار و ٢٠ بەرمیل بووە، هەروەها تێكڕای نرخی یەك بەرمیل ٨٢ دۆلار بوو.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو بڕەی كە هەناردەكراوە لەلایەن ٣٨ كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتییەوە باركراوە، لە بەندەرەكانی بەسرە و خور ئەمایە بۆ سەر كەنداو و بەندەرەكانی توركیاوە گواستراوەتەوە.
جێگای باسە، داهاتی نەوتی مانگی تشرینی یەكەم كە لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشرابوو بریتی بوو لە حەوت ملیار و ٦٨٠ ملیۆن دۆلار.