سەرۆکی جەهەپە: ئێمە لەدژی داخستنی هەدەپەین

2 ساڵ لەمەوپێش



کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، پارتەکەی لەدژی داخستنی هەدەپەیە و وتی، ئەوان چاودێری قسەکانی دەمیرتاش دەکەن کە وتبووی، ئامادەن لەگەڵ لایەنەکان دانوستان بکەین.

کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە ناوەندی گشتی پارتەکەی لە ئەنقەرە لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس کۆبووە و وڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

کلچدارئۆغلۆ رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەبارەی کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا لایەنەکان لەبارەی دیاریکردنی کاندیدێک رێکنەکەوتوون و وتی، "ئێمە کاندیدێکمان دەوێت کە بەگوێرەی یاسا مامەڵە بکات، پاشایەک ناکەینە کاندید."

سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بە پرسی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد و ئەوەی خستەڕوو، " ئێمە لەدژی داخستنی پارتەکانین. بە تەنیا گەل دەتوانێت دەنگ بە پارتێک نەدات و دایبخات. داخستنی پارتەکان چارەسەر نییە، چونکە دوای ئەوە پارتێکی دیکە دادەمەزرێنن. لێگەڕن با گەل بڕیار بدات، دەنگ بە چ پارتێک دەدات و چ پارتێک دادەخات."

لەبارەی قسەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، کە وتبووی، پارتەکەیان ئامادەیە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دانوستان بکات و دەرگایان کراوەیە، کلچدارئۆغلۆ وتی، " ئێمە چاودێری قسەکانی دەمیرتاش دەکەین و پێمان وایە کە دەمیرتاش بە ناحەق زیندانیکراوە."

بەگوێرەی راپرسییەکان کە لەلایەن کۆمپانیا دیارەکانی بواری هەڵبژاردن ئەنجام دراون، دەنگی هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی گەل، نزیکن لەیەکەوە. پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) وەک پارتی کلیل و یەکلاکەرەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەبینرێت، بەهۆی ئەوەی پێشبینی دەکرێت رێژەی ٩.٠ تاوەکو ١١.٠٪ دەنگەکان بەدەست بهێنێت و ئەگەر پشتگیری لە کاندیدی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن بکات، ئەوا بە دڵنیاییەوە، دەسەڵات شکست دەهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار