تورکیا ئاشکرای کرد کۆبونەوەکەی مۆسکۆ بە مەبەستی لێدانە لە کورد

2 ساڵ لەمەوپێش



خولوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە کۆبونەوە سێ قۆڵیەکەی مۆسکۆدا، قسە لەسەر بێکاریگەرکردنی (یەپەگە\پەکەکە) کراوە.

لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا، خولوسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا، باسی کۆبونەوە سێقۆڵیەکەی نێوانیان و شاندی سەربازی و هەواڵگری سوریا بە نێوەندگیری روسیا لە مۆسکۆ کرد و وەک ئەوەی چاوەڕواندەکرا، مەرجی سەرەکیان دژایەتیکردنی کوردە.

ئاکار وتی، لە گەڵ شاندی سوریا ئاماژەیان بەوەکردووە کە پێویستە سنورەکانی نێوان سوریا و تورکیا بپارێزرێن و بەڕێوەبەری خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بێکاریگەر بکرێت کە وەک (یەپەگە\پەکەکە) ناوی هێناوە.

وەزیری بەرگری تورکیا باسی ئەوەشی کردووە کە دەیانەوێت ئاوارە سوریەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و لە کۆبونەوەکەدا باسی ئەم پرسەش کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە دوێنێ وەزارەتی بەرگری روسیا راگەیەندراوێکی کورتی لەبارەی کۆبونەوە سێقۆڵیەکەی روسیا، سوریا و تورکیا بڵاوکردەوە و وتی، کۆبونەوەکە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی پەنابەران و کۆتاییهێنان بە گروپە توندرەوەکان بووە.

لایەنی روسی و سوری تاوەکو ئێستا گلۆپێکی سەوزیان بۆ دژایەتیکردنی رۆژئاڤای کوردستان بە ئاشکرایی بۆ تورکیا هەڵنەکردووە. وەک ئەوەی پێشتریش فەیسەل مەقدید وەزیری دەرەوەی سوریا ئاماژەی پێکردبوو، مەرجی سەرەکی سوریا ئەوەیە کە تورکیا سەربازانی لە خاکی سوریا بکێشێتەوە و دەست لە پشتگیریکردنی گروپە توندڕەوەکانی دژی حکومەتی دیمەشق هەڵبگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار