دادگای ئەستەنبوڵ داواکاری ئازادکردنی فینجانجی رەتکردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



دادگای چاغلایانی ئەستەنبوڵ داواکاری ئازادکردنی شەبنەم کۆرۆر فینجانجی سەرۆکی دەستەی ناوەندی پزیشکانی تورکیای رەت کردەوە.

ئەمڕۆ دانیشتنی دادگاییکردنی شەبنەم کۆرۆر فینجانجی سەرۆکی دەستەی ناوەندی پزیشکانی تورکیا لە دادگای چاغلای ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو. لە دانیشتنەکەدا فینجانجی و پارێزەرانی هەموو ئەو تۆمەتانەیان رەت کردەوە کە ئاراستەی کراوە.

لیژنەی دادوەران، بێ ئەوەی بڕیارێک بدەن، داواکاری ئازادکردنی فینجانجیان رەت کردەوە و دانیشتنی دادگایان بۆ ١١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٣ دواخست.

دوای ئەوەی هەپەگە، ١٨ی تشرینی یەکەم، ناسنامەی ١٧ گەریلای ئاشکرا کرد و رایگەیاند، بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە شەهید بوون. شەبنەم کۆرور فینجانجی رایگەیاند، بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوکراونەتەوە سوپای تورکیا لە شەڕی دژی پەکەکەدا چەکی کیمیایی بەکارهێناوە و داوای لێکۆڵینەوەی کرد. 

دوای قسەکانی فینجانجی، بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی تورکیا و پارتە نەژادپەرستەکان بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان لەلایەن سوپاکەیانەوە رەتکردەوە و رایانگەیاند، هەر کەسێک داوای لێکۆلینەوەی لەم بابەتەدا کردبێت، سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەن و پێویستە دەستگیر بکرێن.

٢٦ی تشرینی یەکەم لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، لەسەر فەرمانی داواکای گشتیی ئەنقەرە فینجانجی لە شاری ئەستەنبوڵ بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ پەکەکە" دەستبەسەرکرا.   

پرۆفیسۆر دکتۆر شەبنم کۆرور فینجانجى، لەساڵی ١٩٥٩ لە ئەستەنبوڵ لەدایکبووە. دوای خوێندنی دواناوەندی، لە کۆلیژی پەروەردەی کادکۆی لە ئەستەنبوڵ دەستی بە خوێندن کردووە. دواتر توانیویەتی کۆلیژی پزیشکیش لە زانکۆی ئيستەنبوڵ تەواو بکات.

پاشان لەهەمان زانکۆ بەکالۆریۆسی لە شوێنەوارناسی کلاسیک لەکۆلیژی ئاداب لەساڵانی ١٩٨٧ تا ١٩٩٠ تەواوکردوە

لەساڵانی ٢٠١٨وە تا ٢٠٢١سەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ بووە لە تورکیا، لە تشرینی یەكەمی٢٠٢٠ەوە، وەک سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی تورکیا هەڵبژێردراوە.

پرۆفیسۆر فینجانجی، لەرووی نێودەوڵەتیەوە وەک شارەزایەکی بواری مافەکانی مرۆڤ ناسراوە و لەهەمانکاتدا، ئەندامی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤە لەتورکیا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار