سوودانی: "کۆمەڵگای عێراقی دەستپێشخەریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان کردووە"

2 ساڵ لەمەوپێش



سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند، کۆمەڵگای عێراقی دەستپێشخەریی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی.

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی لە شاندێکی سەرۆک هۆزەکانی شەممەر لە پارێزگای نەینەوا بە سەرۆکایەتی شێخ فەیسەڵ حەروش جەربا کردووه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە دیدارەکەدا کە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، قەیس خەلەف محەمەداوی ئامادەی بووه‌، شاندەکە باسیان لە رەوشی پارێزگای نەینەوا و پێداویستییە ئەمنییەکان کردووه‌ بۆ دڵنیایی دەستەبەرکردنی سەقامگیریی تیایدا به‌ هەموو پێکهاتەکانییەوە، لەگەڵ داواکاریی بۆ باشترکردنی رەوشی خزمەتگوزاریی و ئابووری لە هەموو قەزا و ناحییەکانی پارێزگاکە.

شاندەکە ستایشی رۆڵی سەرۆکوەزیرانیان کردووە بۆ خێرا وەڵامدانەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی پێویست لە بەرامبەر گیان له‌ده‌ستدانی شێخ سوهەیل نەجم کە یەکێک بوو لە شێخەکانی هۆزی شەمەر کە لە رووداوێکی تیرۆریستیدا کوژرا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق هه‌روه‌ها ستایشی رۆڵی قارەمانانەی هۆزە رەسەنەکانی عێراقی کردووە و هەڵوێستی شێخ سوهەیل نەجم و وەڵامی بوێرانەی بۆ تیرۆریستان بەرزنرخاندووە.

سوودانی رایگه‌یاندووه‌: "کۆمەڵگای عێراقی دەستپێشخەریی کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیریی و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتیی".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار