لە ماوەی شەش مانگدا تەواوی ئەو کەمپانەی عێراق کە ئاوارەی ناوخۆییان تیادایە دادەخرێن

2 ساڵ لەمەوپێش



لە ساڵانی رابردوودا هەزاران هاووڵاتی عێراقی، بەهۆی پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشه‌وه‌، ناچار بە بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان بوون و پەنایان بردبووە بەر کەمپەکان.

بڕیاریشە لە ماوەی شەش مانگدا ئەو کەمپانەی سەرتاسەری عێراق دابخرێن کە تایبەتن بە ئاوارە ناوخۆییەکان.

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ئیڤان فایەق، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، باسی لەوە کرد حکوومەتی بەغدا لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ ساڵی نوێ، بڕیاریداوە کەمپەکانی تایبەت بە ئاوارە ناوخۆییەکان لە ماوەی شەش مانگدا دابخرێن و ئاوارەکان بنێردرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

ئیڤان فایەق، ئاماژەی بەوەشدا ئەمە تەنها کاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران نییە بەڵکو پێویستە سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان دابین بکەن، گوتیشی: "پێویستە ئەو ناوچانەی دانیشتوانەکانیان ئاوارەبوون، بەزووترین کات خزمەتگوزاری ئاو، کارەبا و شارەوانییان بۆ دابین بکرێت. لە شەش مانگی ئایندەدا دەبێت سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەرکی سەرشانیان بەجێبهێنن و ئاسایشی ئەو ناوچانەش بە باشترین شێوە بپارێزرێت".

ئەو وەزیرەی عێراق، باسی لەوەش کرد کە لە کاتی پەلامارەکانی داعشدا ٣٠٠ خێزان روویان لە تورکیا و هەشت هەزار خێزانیش روویان لە سووریا کردووە، رێکارە فەرمییەکانیش بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانانە دەستیان پێکردووە.

ئیڤان فایەق، ئاماژەی بەوەشدا لە دوای راگەیاندنی بڕیارەکەی حکوومەت، دانیشتوانی کەمپەکان کە ژمارەیان ٥٠٠-٧٠٠ خێزانە دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، گوتیشی: "لەم بابەتەدا گەورەترین کۆسپ، خاپووربوونی ناوچەکان و خانووەکانە کە خراپترین نموونەشیان گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی شنگالن".

جێی ئاماژەیە لە سەرتاسەری عێراقدا ٥٣ کەمپ هەن کە نزیکەی ٣٧ هەزار ئاوارەیان تیادا نیشتەجێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار