بەلەمێكی کۆچبەران لە کەناراوەکانی باکوری لوبنان ژێرئاو كهوت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سوپای لوبنان رایگەیاند، دوای ئەوەی بەلەمێك لە کەناراوەکانی باکوری لوبنان ژێرئاو كهوت، زیاتر لە 200 کۆچبەریان رزگارکرد و تەرمی دو کەسیشیان دەرهێنایەوە.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2022، بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک بەندەری تەرابلوسی لوبنان کە کۆچبەری سووریا و نزیکەی 50 کۆچبەری لوبنانیی هەڵگرتبوو، تووشی کێشە بوو.
سوپای لوبنان رایگەیاند: "سێ کەشتیی دەریایی، لەگەڵ کەشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تیمەکانی فریاکەوتن 200 کەسیان رزگارکرد". گوتیشی کە دوو کەسی دیکەش لە رووداوەکەدا خنکاون.
پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس لە بەندەری تەرابلوس لە باکوری لوبنان رایگەیاندوه، سەرنشینەکان پیاو، ژن و منداڵن کە زۆرینەی خەڵکی سوریان و نزیکەی 50 لوبنانیشیان تێدایە وبەگوێرەی میدیای نێوخۆییش، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە ژن و منداڵێکی سوورین.
جێگەیباسە بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم هەزار و 570 کەس لەنێویدا 186 کەسی لوبنانی لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە هەوڵیانداوە لە لوبنانەوە خۆیان بگەیێننە قوبرس. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە قوبرس تەنیا 175 کیلۆمەتر لێیانەوە دوورە.