نوێترین ڕاپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق بڵاوکرایەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەڕاپۆرتێکدا بانکى نێودەوڵەتى ئاماژە بەوەدەکات بەهۆى گۆڕانکاریی کەشوهەواوە تاوەکو ساڵى 2035 جیاوازى ئاوى بەردەست لەگەڵ خواستى بەکارهێنانى دەگاتە 5 بۆ 11 ملیار مەتر سێجا، ئاماژە بەوەشدەکات سیستمى خوێندن لە عێراق "بێهێزترینە" لە ناوچەکە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق بەشێوەیەکى خێرایە و پێشبینیدەکرێت تاوەکو ساڵى 2035 جیاوازى بڕى ئاوى داواکراو لەگەڵ ئەو بڕەى لەبەردەستە بگاتە نێوان 5 بۆ 11 ملیار مەتر سێجا و ئەوەش دەکاتە تێکڕاى 15%ى خواست لەسەر ئاو.
لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکەدا هاتووە، گۆڕانکارى کەشوهەوا و بەرزى پلەى گەرمى و کەم بارانى لە عێراق دەبێتە هۆى کەمبوونەوەى ئاوى پێویست بۆ کشتوکاڵ بە رێژەى 20%، بەهۆى ئەوەشەوە تێکڕاى بەرهەمى نێوخۆیی بە رێژەى 3.9% کەم دەکات.
بانکى نێودەوڵەتی ئاماژەى بەوەشداوە کە لە چوار بەش، سێ بەشی گازە زیانبەخشەکان بۆ ژینگە لە عێراق لە کەرتى کارەبا، نەوت، گواستنەوەیە و ئەو گازەى لە عێراق دەسووتێت.
بانکى نێودەوڵەتی ئاماژەى بەوەشداوە کە سیستمى خوێندن لە عێراق "بێهێزترینە" لە ناوچەکە و ئەو منداڵەى لە عێراق لەدایک دەبێت تەنها 40%ى تواناکانى دەخاتەکار.
ئاماژە بەوەشکراوە "تەنها 13%ى خانمان هێزی کارى عێراق پێکدەهێنن؛ لە دواى یەمەن بە دووەم کەمترین رێژەی کارکردنى خانمان دادەنرێت لەسەر ئاستى جیهان."