شیعەکان داوا لەسەرۆککۆماری عێراق دەکەن سزاکانی لەسێدارەدان پەسەند بکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی ڕاگەیەندراوێک چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕایدەگەیەنێت دەبێت بودجە و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کاری لەپێشینەی پەرلەمانی عێراق بێت، داواشدەکات سەرۆککۆمار سزاکانی لەسێدارەدان کە لە دژی ئەو تاوانبارانەی تێوەگلاون لە خوێنڕشتنی عێراقییەکان پەسەندبکات.
دوای کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 137ی خۆی بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و جیهان گرێدا و تێیدا دۆخی ئەمنی و رێگەکانی تۆکمەکردنی سەقامگیری و رێگەگرتن لە دەستدرێژییە تیرۆریستییەکانی تاوتوێکرد و سەرۆکوەزیرانی عێراق راپۆرتێکی لەبارەی ئەو رێوشوێنانەوە خستنە بەردەم ئامادەبووان کە لەوبارەیەوە دەگیرێنەبەر."
لەڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە سەرۆککۆمار کرد ئەو سزای لەسێدارەدانەی دژ بەو کەسانە دەرچوون کە خوێنێ عێراقییەکانیان رشتووە، پەسند بکات."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو رێکارانە نیشاندا کە حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و گەشەپێدان دەیگرێتەبەر، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە توێژە زۆر هەژارەکان و ناوچە بێبەشەکانەوە هەیە، وەکو لە راگەیێندراوەکەیدا هاتووە.
سەبارەت بە لەپێشترێتییەکانی وەرزی یاسادانانی نوێی پەرلەمانی عێراقیش، چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێی یاساکانی هەڵبژاردن و کۆمیسیۆن و نەوت و گاز و بودجەی گشتیی کرد و جەختیکردەوە لەسەر "گرنگیی یەکلاییکردنەوەی لیژنەکانی پەرلەمان بەزووترین کات بۆ ئەوەی رۆڵی چاودێری و یاسادانانی خۆیان بە تەواوەتی هەڵبستن."
جێگای ئاماژەیە بەسەدان کەس لەزیندانەکانی عێراق بەتۆمەتی تیرۆر چاوەڕێی بڕیاری لەسێدارەدان دەکەن.