' ئەردۆغان دەستی بە خۆنواندنێکی سیاسی کردووە'
2 ساڵ لەمەوپێش
پەرلەمانتارێکی هەدەپە رایدەگەنێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بە زیادکردنی رێژەی 30٪ لە موچەی کارمەند و خانەنشینان دەستی بە خۆنواندنێکی سیاسی کردووە, ئەوەش لە کاتێکدایە لەگەڵ زیادیکردنی موچە، باجی سەر هاوڵاتیانیشی زیاد کردووە.
مەراڵ دانش بەشتاش جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە پەرلەمانی تورکیا کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و پرسە گرنگەکانی تورکیای هەڵسەنگاند.
بەشتاش ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتێکدا کە رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە 122٪، ئەردۆغان موچەی کارمەندانیبە رێژەی 30٪ زیاد کردووە و دەڵێت 'دەنگم پێبدەن'. لەلایەکی دیکەوە باجی سەر هاوڵاتیانیان زیاد کردووە و پارەی گەل دەدزن و ئەردۆغانیش ئەم دزیە وەک دەرفەتێک بۆ دەسەڵاتەکەی بەکار دەهێنێت و وتی، " ئەردۆغان راستەوخۆ سەیری ناو چاوی هاوڵاتیان دەکات و خۆنواندنی سیاسی دەکات."
لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی سوزجوی نزیک لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە ژمارەی ئەمڕۆ رۆژنامەکەدا،راپۆرتێکی لەبارەی زیادکردنی رێژەی 30٪ی موچەی کارمەند و خانەنشینان لەلایەن ئەردۆغانەوە بڵاوکردەوە.
رۆژنامەکە لە راپۆرتەکەدا دەڵێت، لە کاتێکدا کە ئەردۆغان موچەی بە رێژەی 30٪ زیاد کردووە، بەڵام لە یەک رۆژدا حکومەت، نرخی هێلکە و گوشتی بە رێژەی 29٪، جگەرە و خواردنەوە کحولیەکانی بە رێژەی 22٪، کرێی میترۆی بە رێژەی 15٪، کرێی قۆتابخانە تایبەتەکان بە رێژەی 65٪ و سمید (جۆر نانێکە کە لە تورکیا زۆر بەکار دەهێنرێت) بە رێژەی 40٪ زیاد کردووە.