چەندین دۆسیە دژی كازمی دەجووڵێنرێت و ئایندەی دەخرێتە مەترسییەوە

«بەڵێنەكانی مستەفا كازمی مەرەكەبی سەر كاغەزبوون»

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پێناچێت مانگی هەنگوینی نێوان هێزە شیعەكانی دەسەڵاتداری عێراق لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامی هەبێت و بەپێی ئەو لێدوان و ئاماژەو هەنگاوانەی كە لەلایەنی بەرامبەرەوە دەردەچن و دەنرێن چارەنووسی كازمی لەداهاتووی عێراقدا بەدووركەوتنەوە لەعێراق یاخود دەستگیركردن و دادگاییكردنی كۆتایی پێبێت، سەركردەیەكی شیعەكانیش دەڵێت لیژنەیەكی باڵا خەریكی بەدواداچوونە بۆ ئەو پێشێلكارییانەی كەكازمی لەماوەی دەسەڵاتیدا ئەنجامیداوە.

كازمی كە لەدایكبووی ساڵی 1967ی شاری بەغدایە، پێشتر وەك ئۆپۆزسیۆنێكی رژێمە رووخاوەكەی سەدام حسێن و دواتریش وەك رۆژنامەنووسێك و پاشتریش وەك بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراق دەستبەكاربووە، دوای خۆپیشاندانی تشرینییەكان و دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهەدی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، لە

7ی ئایاری 2020 تاوەكو 13 ئۆكتۆبەری 2022 وەك كاندیدێكی نزیك لەسەدرییەكان پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقی وەرگرت.

كاندیدكردنی كازمی هەرزوو لەلایەن هێزە شیعە چەكدارەكانی نزیك لەئێرانەوە رەتكرایەوە و بەوە تۆمەتباریانكرد كەدەستی هەبووە لەكوژرانی (قاسم سلێمانی) فەرماندەی سوپای قودس و (ئەبو مەهدی موهەندیس)ی سەركردە لەحەشدی شەعبی لە 3ی كانونی دووەمی 2020 لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا بەو پێیەی ناوبراو بەرپرسی دەزگای هەواڵگری عێراق بووە لەوكاتەداو ئاسانكاری بۆ ئەمریكییەكان كردووە تائەو سەركردەیەی شیعەكان بكوژن، هەربۆیە لەماڵەكەی خۆیدا بەدرۆن رووبەڕووی هەوڵی تیرۆركردن بووەوە.

لەئێستاشدا چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كە بەشێك لەهێزە چەكدارەكانی نزیك لەئێرانی تێدایەو لەكابینەكەی سوودانی بەشدارن، بەدوای دەرچەیەكدا دەگەڕێن ئەوەی كە لەكاتی دەسەڵاتی كازمیدا بۆیان نەكرا ئەنجامی بدەن و تۆڵەی خۆیان لەسەرۆكوەزیرانی پێشوو  بكەنەوە.

جەبار عەودە سەركردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی بڕوای وایە لەئەمساڵدا دەستی دادگا دەگات بەكازمی و ئاماژە بەوەدەكات سەردەمی دەسەڵاتی كازمی خراپترین سەردەمی دەسەڵاتە لەدوای ساڵی 2003ەوە و هەڵەی ستراتیژی گەورەی ئەنجامداوە جا چ ئەمنی بێت یاخود ئابووری.

عەودە دەڵێت: لیژنەیەكی باڵا خەریكی لێكۆڵینەوەیە لەو پێشێلكارییانەی كە حكومەتەكەی كازمی ئەنجامیداوەو بەمنزیكانە چەندین ئەنجامی چاوەڕواننەكراو رادەگەیەنرێنێت، ئاماژە بەوەشدەكات گەندەڵی بەشێوەیەكی بەربڵاو لەڕاڕەوەكانی حكومەتەكەی كازمیدا ئەنجامدراوەو گەڕان بەدوای بەڵگەكاندا بەردەوامە.

دەربارەی شوێنی مانەوەی كازمیش ئەو سەركردەیەی شیعەكان دەڵێت كازمی سەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا دەكات و لەنێوان بەغداو لوبنان و ئیمارات لەهاتوچۆدایە، جەختیش لەوەدەكاتەوە ئایندەی سیاسی كازمی كۆتایی هاتووە.

هێرشی نەیارانی كازمی هەر بەتەنیا لەیەك رووەوە نەوەستاوە، بەڵكو لەئاستی پەرلەمانیشدا لەهەوڵدان بۆ كردنەوەی چەندین دۆسیە كە بەقسەی خۆیان گەندەڵی تیادا ئەنجامدراوەو كازمی تیایدا تۆمەتباری سەرەكییە.

فراكسیۆنی (حقوق) لەپەرلەمانی عێراق داوایكردووە ئەنجومەنی نوێنەران و دادگاو داواكاری گشتی دۆسیەی پرۆژە وەهمییەكانی سەردەمی كازمی بكەنەوەو بەشداربووانی بدەنە دادگا.

حسێن عەلی جاسم پەرلەمانتار رایگەیاندووە حكومەتی پێشوو چەندین پرۆژەی وەهمی راگەیاندووە وەك پرۆژەو قەرزی كشتوكاڵی و پیشەسازی و وەبەرهێنان كەهیچ بەرهەمێكی نەبووە، هەروەهای پرۆژەی (داری) كە تایبەت بووە بەدابەشكردنی زەوی بەسەر هاووڵاتیاندا، ئاماژە بەوەشدەكات حزبەكان و كەسە نزیكەكانی كازمی لەو پرۆژە وەهمیانە سوودمەندبوون. زوهرە بەجاری پەرلەمانتاریش داوادەكات بەهۆی ئابڕووچونەكانی دەستپێشخەری و پرۆژەی (داری) مستەفا كازمی دادگایی بكرێت.

پرۆژەی (داری) كەئامانج لێی دابەشكردنی زەوی و درووستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بوو بەسەر 500 هەزار خێزانداو  رزگاربووانی كرێچیان بوو لەدەست كرێچێتی، لەواقیعدا نەك هەربوونی نەبوو جێبەجێنەكرا، بەڵكو بەقسەی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی عێراقیش پرۆژەكە تەنیا مەرەكەبی سەر كاغەزبوو.

بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی رایدەگەیەنێت پرۆژەكە تەنیا مەرەكەبی سەر كاغەزبوو لەواقیعدا هیچ بوونی نەبوو، لەبەرامبەردا نووسینگەی كازمی لەبەیاننامەیەكدا وەڵامی رێكانی دایەوەو رایگەیاند ئەو وەزیرە لەئەركەكانی خۆی خۆی شاردۆتەوەو تاپۆی زەوییەكانی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشنەكردووە، ئاماژەشی بۆ ئەوەكردووە كەئێستاش تاپۆكان ئامادەیەو وەزیر دەتوانێت دابەشی بكات.

رێكانیش لەوەڵامدا دەڵێت دەكرێت خاوەن پرۆژە كاغەزییەكان و فەیسبوكچییەكان پێمان بڵێن ئەو شوێنانە كوێن و ئەو شارانە كوێن دروستكراون تائێستا ئێمە تاپۆكانی دابەشبكەین.

یەكێكی تر لەو گورزانەی لەكازمی درا، لابردنی كەسانی نزیك لەكازمی و هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی دەستبەكاربوونی چەندین راوێژكارو بەرپرسی ئەمنی و ئیداری و سەربازی بوو كە بەسەدان كەس مەزەندەدەكرێن كە لەحكومەتەكەی كازمیدا پۆست و پلەیان پێدرابوو لەلایەن حكومەتەكەی سوودانییەوە هەڵوەشێنرانەوەو دادگای فیدراڵیش پشتگیری هەڵوەشانەوەیانی كردو بەنایاسایی ئەژماریكردبوون.

دۆسیەكی دیكەش كە شیعەكان بەنیازن بیجوڵێنن دۆسیەی كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیسە كە لەمەدا ئێرانیش سوورە لەسەر دادگاییكردنی ئەو كەسانەی كە بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەستیان لەوكارەدا هەبووە، بەتایبەت سەرۆكی هەواڵگری ئەوكاتی عێراق.

دۆسیەی نرخی دۆلارو دزی سەدەش لەو دۆسیانەن كەهەوڵی كۆكردنەوەی كۆدەنگیان بۆ دەدرێت لەلایەن نەیارانی كازمییەوەو بەوە تۆمەتباری دەكەن كەدەستی هەبووە لەو دوو دۆسیەداو بەهۆكاری سەرەكی دەزانن بەتایبەت لەمەسەلەی دزین و دیارنەمانی زیاتر لە دوو ملیارو 500 ملیۆن دۆلاری دزینی سەدەدا.

لەدۆسیەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤیشدا كازمی تۆمەتباركراوە، هەربۆیە بەفەرمانی محەممەد شیاع سوودانی سكاڵاو گلەییەكانی تایبەت بەڕوودانی ئەشكەنجەدان و وەرگرتنی دانپێدانانی بەزۆر لەزیندانەكاندا لەلایەن لیژنەیەكەوە كۆكرایەوەو رادەستی دەزگای داواكاری گشتی كرا بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەگوێرەی یاسا.

لەبەرامبەریشدا مستەفا كازمی لەڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت گوتاری پۆپۆلیستیی بێ زانیاری و ناڕاست رەتدەكەنەوە، كە بەمدواییە لەبارەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیادیكردووە، دەشڵێت ئەوە قەیرانەكان ئاڵۆزتر دەكات و داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات پارێزگاری لەسەقامگیریی بەهای دراو بكەن و سنوورێك بۆ بێسەروبەری دراو دابندرێت و رێگری بكرێت لەبەقاچاخبردنی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق.

بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەی كازمی پەیوەندیدارە بەدۆسیەی مافی مرۆڤ و جەخت لەوە دەكاتەوە كەئەو پرسە لەپێشینەی كارەكانی حكومەتەكەی بووەو بەتایبەت لەكاتی پرۆسەكانی لێكۆڵینەوەو دوای لێكۆڵینەوەش. هەروەها كازمی بەرگری لەلیژنەی بنبڕكردنی گەندەڵی دەكات كە لەساڵی 2020 و لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا دامەزراو بەگوتەی سەرۆكوەزیرانی پێشوو پێكهێنانی لیژنەكە لەسەر داواكاریی جەماوەری بووەو هیچ بڕیارێكی دەستگیركردنی بەبێ فەرمانی دادگەی تایبەتمەند نەكراوە.

بەپێی ئەو ئاماژانەش كە بەدیاركەوتوون پێناچێت مستەفا كازمی بەهۆی ئەو هەموو دۆسیەی كە لەئێستادا خەریكی كۆكردنەوەو ئامادەكردنین لەسەری لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراقەوە بەسەلامەتی دەربازی بێت و زیندان یاخود هەڵاتن بۆ دەرەوە (هەرچەندە باس لەهەڵهاتنی دەكرێت) چارەنووسی بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار