ئیسرائیل زیندانیەکی فەڵەستینی ئازادکرد، کە ماوەی ٤٠ ساڵ بوو زیندانیکرابوو

کەریم یوسف

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئیسرائیل کەریم یوسفی ئازادکرد کە ماوەی ٤٠ ساڵ بوو لە زینداندا بوو بە تاوانی فڕاندن وکوشتنی سەربازێکی ئیسرائیلی بەناوی ئەڤی برۆمبێرگ.

میدیا ناوخۆییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند، لە بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە، هێزە ئەمنیەکانی ئیسرائیل کەریم یوسف کە ماوەی ٤٠ ساڵە لە زیندانەکانی ئیسرائیل دایە بردووەتە شاری ڕانانانەی ئیسرائیل وئازادیان کردووە، بەڵام هیچ یەک لە خزم وکەسەکانیان ئاگادارنەکردۆتەوە بۆ ئەوەی هیچ ئاهەنگێک نەگێڕن بەوبۆنەیەوە.

لەبارەی ئازادکردنەکەیەوە، ئیتامار بن گڤیری وەزیری ئاسایشی ئیسرائیل لە تویتێکدا وتی، دەبینیت ئەو جۆرە کەسانە تەنها بە" زەلیل بوونەوە" ئازاد دەکرێن، ئەمەش تا ئەوکاتەیە کە حوکمەتی نوێی ڕاستڕەوی ئیسرائیل سزای سێدارە دەسەپێنێت بەسەر تیرۆریستاندا.

هاوکات مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین لەبارەی ئازادکردنی کەریم یوسفەوە وتی، ئەو زیندانیە نوینەرایەتی گەلی ئازادی فەڵەستین دەکات و ڕەمزی فەڵەستینە.

لەگەڵ ئەوەشدا خوشکی ئەو سەربازەی کە کەریم یوسف بەتاوانی کوشتنی زیندانی کرابوو، ناڕەزایی دەربڕی لەسەر ئازادکردنی و وتی، ناتوانرێ بیر لەوە بکرێتەوە ئەو جۆرە کەسانە ئازادبکرێن و لەناوماندا بسوڕێنەوە وپێبکەنن و چێژ وەربگرن.

کەریم یوسف زیندانیەکی فەڵەستینی بوو، کە یەکێکە لەو زیندانیانەی درێژترین ماوە لە زیندانی ئیسرایل دا بووە، ساڵی ١٩٨٣ بە تۆمەتی ڕفاندن وکوشتنی سەربازێکی ئیسرائیلی بەناوی ئەڤی برۆمبێرگ لە بەرزاییەکانی جۆلان دەستگیرکرا وخرایە زیندانەوە، کەریم یوسف هەرچەندە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئیسرائیلیە، بەڵام وەزیری ناوخۆی ئیسرائیل بڕیاری دا ڕەگەزنامەکەی هەڵوەشێنێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار