وتەبێژی هەدەپە: بریاری داخستنی ئەژمارە بانکیەکەی پارتەکەمان سیاسیە

2 ساڵ لەمەوپێش



وتەبێژی هەدەپە رایدەگەیەنێت، بریاری داخستنی ئەژمارە بانکیەکەی پارتەکەیان، ناتوانێت رێگری لە کارکردنیان بکات و وتی، " دادگای دەستووری بووەتە ئامرازی دەستی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنەکان."

ئەبرو گونای وتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لە باڵەخانەی پارتەکەی لە ئەستەنبوڵ، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لەبارەی داخستنی ئەژماری بانکی پارتەکەی لە گەنجینەی دەوڵەت ئەنجامدا.

گونای بە توندی نارەزایی بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای دەستووری دەربڕی و وتی، " ئێمە لە هیچ بڕیارێک سەبارەت بەم داواکارییە ئاگادار نەکراینەوە. ئەمڕۆ هیچ لێدوانێکی فەرمی و بڕیارێکی دادگای دەستووری نییە. ئێمە لەبەردەم هەڵمەتێکی چەواشەکاریداین. ئەمڕۆ دادگای دەستووری بڕیارێکی تەواو سیاسی و شەرمەزارکەریداوە کە بەتاڵە لە بنەما یاساییەکان."

گونای ئەوەی خستەڕوو، " ئەو بنەما یاساییانەی کە بڕیار بوو دادگای دەستووری جێبەجێی بکات، پێشێل کران. ئەم بڕیارە نارەوایە. لەلایەن گەلانی تورکیاوە شەرمەزار دەکرێت، بڕیارێکی قبوڵنەکراوە. دەبوو دادگای دەستووری بێ ئەوەی هیچ ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر، داواکارییەکی نایاسایی لەو شێوەیە رەت بکردایەتەوە. هەموو رای گشتی تورکیا زۆر باش دەزانن کە لە چەند مانگی رابردوودا فشارێکی سیاسی زۆر جددی دروست لەسەر پارتەکەمان هەبووە. دادگای دەستووری بەپێی ئەو فشارە سیاسیانە بڕیاریداوە.دادگای دەستووری بووەتە ئامرازی دەستی دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنەکان.

وتەبێژی هەدەپە راشیگەیاند، ئەم بڕیارە لە ویژدانی ملیۆنان کەسدا جێی نابێتەوە. گەورەترین گەنجینەی هەدەپە، هیوای گەلەکەمانە بۆ گۆڕانکاری و وتی، " بڕیارەکەی دادگای دەستووری، ئێمە ناترسێنێت، بە پێچەوانەوە توڕەییمان لە دژی فاشیزم زیاتر دەکات. ئێمە دڵسوزانەتر و بە ئیرادەتر تێدەکۆشین. ئێمە هیوامان بە داهاتوو هەیە، چونکە ئێمە گەورەتر دەبین. بە دڵنیاییەوە ئازادی و دیموکراسی بۆ ئەم هەرێمە دەهێنین. بە دڵنیاییەوە لەم بوارەدا سەردەکەوین. گەلی تورکیا سەردەکەوێت. حوکمڕانی فاشیست و ستەمکار بە دڵنیاییەوە لەناو دەچێت."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار