پاشەکشێی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە
بەرپرسێکی دیکەی ئێران نەبونی سەرپۆش بە ئاسایی لەقەڵەم دەدات
محەمەدباقر قاڵیباف, سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران
3 ساڵ لەمەوپێش
بەرپرسێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە پرسی سەرپۆشدا پاشکەشێ دەکات و دەڵێت پێش هەر گۆڕانکارییەک پێویستە بەرپرسان خۆیان بگۆڕن و ئاشکراشی دەکات کە پێشنیاری کردوە پۆلیس و بەرپرسان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی داوای لێبوردن بکات.
محەمەدباقر قاڵیباف, سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند؛ هیچ بەرپرس و کەسێک مافی ئەوەی نییە بەهۆی نەبونی سەرپۆش رێگریی لە خانمێک بکات بۆ بەکارهێنانی میترۆ و ئامرازە گشتییەکانی گواستنەوە.
ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی وتوشیەتی: پێش ئەوەی کۆمەڵگە بگۆڕین پێویستە بەرپرسان خۆیان بگۆڕن و هاوکات دان بە هەڵەی پۆلیسی ئەخلاقی وڵاتەکەدا دەنێت و دەڵێت دەبوایە داوای لێبوردمان بکردایە لەو کەموکۆڕییانەی پۆلیس و مەرگی ژینا ئەمینی.
وتەکانی قاڵیباف لە کاتێکدایە پێشتریش عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پێچەوانەی هەڵوێستەکانی پێشوی رایگەیاند؛ ئەو ژن و کچانەی سەرپۆشیان نییە نابێت تۆمەتبار بکرێن بە لادان لەدین و دژایەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی چوارشەممە لە کاتی وتاردان بۆ ژنانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی وتی: دۆخێک رویداوە کە وای کردوە هەندێک ژن و کچ کە پابەندبونیان بە باڵاپۆشییەوە گونجاو و تەواو نەبوە، تۆمەتبار بکرێن بە دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵام ئەوان سەلماندیان لە ژێر کاریگەریی دەرەوە و بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوا دژایەتی وڵاتەکەیان ناکەن.
لێدوانی خامنەیی لە کاتێکدایە پێشتر رایگەیاندبو پاشەکشێ لە هیچ بنەمایەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرپۆش و باڵاپۆش ناکەن.
