ئەردۆغان دەیەوێت چاوی بە بەشار ئەسەد بکەوێت
2 ساڵ لەمەوپێش
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، هەوڵ دەدەن وەزیرانی دەرەوەی سوریا و تورکیا کۆبنەوە، دواتر خۆی لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی حکومەتی دیمەشق کۆبێتەوە.
لە کۆبونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی پارتەکەیدا، ئەردۆغان رایگەیاند کە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بە تەلەفون قسەی کردووە و وتی، " لەگەڵ پوتین باسی دۆخی سوریامان کرد. ئاماژەمان بە کۆبونەوەی سوریا و تورکیا لەسەر ئاستی هەواڵگری و سەربازی کرد. هەوڵ دەدەین وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا چاویان بەیەک بکەوێت و دواتر بەگوێرەی ئەنجامەکان، من و بەشار ئەسەدیش کۆبینەوە."
ئەردۆغان دەڵێت، لەگەڵ پوتین باسی لە پرسی یەپەگەش کردووە. دەیانەوێت یەپەگە لە تەل رەفعەت و منبج دەربکەن و بۆیەش پێویستە لەگەڵ حکومەتی ئەسەد هەماهەنگی بکەن.
کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەرپرسە سەربازی و هەواڵگریەکانی سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە. بەرپرسانی تورکیا ئاشکرایان کرد کە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سوریا، بۆ لێدانە لە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا و هەسەدە.
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق لە زاری بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتەوە رایانگەیاند، سوریا سوورە لەسەر ئەوەی کە پێویستە تورکیا سەربازەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و دەست لە هاوکاریکردنی گروپە رادیکالەکان هەڵبگرێت.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لە دانوستانەکانی سوریا و تورکیا ناکات. بەهۆی ئەوەی بەشار ئەسەد لە چاوی ئەمریکادا، بکوژی هاوڵاتیانی سوریایە و پشتگیری ئەمریکاشی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دووبارە کردەوە.