هاوسەرۆکی مەسەدە: کۆبونەوەی روسیا و تورکیا بەهۆی فشاری روسیاوە بوو
2 ساڵ لەمەوپێش
ریاز دەرار هاوسەرۆکی مەسەدە رایگەیاند، روسیا دەیەوێت لە شەڕی ئوکراینادا، تورکیا پشتگیری بکات، بۆیەش هەوڵی نزیککردنەوەی سوریا و تورکیا دەدات و ئەوەش لە بەرژەوەندی تورکیادایە.
ریاز دەرار هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتی (مەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی فورات نیوز ئاماژەی بە کۆبونەوەکانی نێوان بەرپرسانی تورکیا و سوریا کرد و وتی، " تورکیا مۆڵەتی هێرشکردنە سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریای وەرنەگرت و نەیتوانی سەرکەوتوو بێت، ئەمجارە رووی لە حکومەتی دیمەشق کرد و ویستی بە زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەدەنە بۆشاییەکان پڕبکاتەوە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لە رێگەی رێککەوتنەوە بێتە ناو خاکی سوریا، زیانێکی زۆر بەر بەرژەوەندییەکانی گەل دەکەوێت، هەروەها رێگە بۆ چەتەکان دەکاتەوە کە لەم ناوچانەدا نیشتەجێ ببن. ئەمەش هەنگاوێک دەبێت بۆ دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکان بە تەواوی بخاتە سەر تورکیا وەک رووداوەکەی ئەسکەندەرون."
ریاز دەرار سەرنجی بۆ گفتوگۆکانی پەیوەست بە ئەگەری کۆبوونەوەی ئەردۆغان و ئەسەد راکێشا و رایگەیاند، "ئەم کۆبوونەوەیە بە هیچ شێوەیەک سوودی بۆ حکومەتی دیمەشق نابێت، حکومەتی دیمەشق بەهۆی فشارەکانی روسیاوە ئەو کۆبوونەوانە قبوڵ دەکات و چاوەڕێی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکان دەکات، تاوەکو کۆبوونەوەکان درێژتر بکرێنەوە، سوودی زیاتری بۆ روسیا دەبێت، چونکە بەپێی بەرژەوەندییەکانی، هەوڵدەدات لە رێگەی تورکیاوە، لە شەڕی ئۆکراینادا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، تورکیاش سنوورەکانی بەڕووی روسیادا دەکاتەوە."
هاوسەرۆکی مەسەدە دەشڵێت، پێویستە حکومەتی دیمەشق باش بزانێت کە گەل مافی هەیە و لەگەڵ گەلەکەی بۆ دروستکردنی وڵاتێکی نوێ هەوڵ بدات و پێویستە سیاسەتەکانی بگۆڕێت.