ئەمریکا پشتگیری لە کۆبونەوەی ئەسەد و ئەردۆغان ناکات
2 ساڵ لەمەوپێش
ئەمریکا جارێکی دیکە دژایەتیکردنی خۆی بۆ هەوڵەکانی تورکیا بۆ خۆنزیکردنەوە لە رژێمی سوریا پیشاندا و رایگەیاند، پشتگیری لە کۆبونەوەی ئەسەد و ئەردۆغان ناکات.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، جارێکی دیکە ئاماژەی بە هەوڵەکانی تورکیا بۆ خۆنزیکردنەوە لە رژێمی سوریا کرد و وتی، " رژێمی دیمەشق، هیچ هەنگاوێکی نەناوە کە ببێتە هۆکاری ئەوەی، هاوپەیمانێکمان یان وڵاتێکی دیکە دەست بە پرۆسەی خۆنزیککردنەوە و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان بکەن."
پرایس دەشڵێت، سیاسەتمان لە سوریا نەگۆڕاوە. خەڵکی سوریا ١٢ ساڵە لەنێو ئازادی شەڕدایە. ئێمە وەک ئەمریکا پشتگیری لە هەموو چارەسەریەک دەکەین کە لە چوارجێوەی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ئەنجام بدرێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، هەر وڵاتێک کە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ رژێمی سوریا دەدات، پێویستە بیر لەوە بکاتەوە کە پەیوەندیەکان چۆن دەتوانن سوودێک بە خەڵکی سوریا بگەیەنێت و وتی، " بۆ چارەسەریەکی سیاسی، هەوڵەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان، لە چوارچێوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بەردەوام دەبێت."
دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی پارتەکەی (ئاکەپە) رایگەیاند کە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بە تەلەفون قسەی کردووە و وتی، " لەگەڵ پوتین باسی دۆخی سوریامان کرد. ئاماژەمان بە کۆبونەوەی سوریا و تورکیا لەسەر ئاستی هەواڵگری و سەربازی کرد. هەوڵ دەدەین وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا چاویان بەیەک بکەوێت و دواتر بەگوێرەی ئەنجامەکان، من و بەشار ئەسەدیش کۆبینەوە."
کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، بەرپرسە سەربازی و هەواڵگریەکانی سوریا و تورکیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە. بەرپرسانی تورکیا ئاشکرایان کرد کە چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی سوریا، بۆ لێدانە لە خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا و هەسەدە.
لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی نزیک لە حکومەتی دیمەشق لە زاری بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتەوە رایانگەیاند، سوریا سوورە لەسەر ئەوەی کە پێویستە تورکیا سەربازەکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و دەست لە هاوکاریکردنی گروپە رادیکالەکان هەڵبگرێت.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لە دانوستانەکانی سوریا و تورکیا ناکات. بەهۆی ئەوەی بەشار ئەسەد لە چاوی ئەمریکادا، بکوژی هاوڵاتیانی سوریایە و پشتگیری ئەمریکاشی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) دووبارە کردەوە.