هەدەپە بەم زووانە کاندیدەکەی ئاشکرا دەکات و ئەردۆغانیش دەڵێت پێنج مانگی دیکە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە کاتێکدا کە کەمتر لە شەش مانگ بۆ وادەی یاسایی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ماوە، بەڵام لە ئێستاوە، ئامادەکاری لایەنە سیاسیەکان بەو مەبەستە دەستی پێکردووە و ئەمڕۆ بەرپرسانی ئاکەپە، پارتی باش و هەدەپە لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە قسەیان کرد.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ئەمڕۆ لە چوارەمین کۆنگرەی رێکخستنی پارتەکەیدا لە پارێزگای قەرسی باکوری کوردستان قسەی کرد. بوڵدان رایگەیاند کە کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە ماوەیەکی نزیکدا ئاشکرا دەکەن.

هاوسەرۆکی هەدەپە وتی، " بڕیاری هەدەپە روون و ئاشکرایە، کە کاندیدی سەربەخۆی دەبێت. هەدەپە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، هاوبەشەکانمان، گەنجان و ژنان، لەم بارەیەوە راوێژ دەکات و کاندیدی خۆی لە زوترین کاتدا ئاشکرا دەکات."

لەلایەکی دیکەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەشداری لە رێورەسمی کردنەوەی پرۆژەیەکیدا کرد لە شاری ئەنتاڵیا و بۆ ئامادەبووان قسەی کرد. ئەردۆغان باسی لە وادەی هەڵبژاردنەکان کرد و وتی، " پێنج مانگمان لەبەردەمدا ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان."

مەڕال ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش کە لە ساڵی ٢٠١٧دا لە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) جیا بووەوە و لە ئێستادا لە بەرەی هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆندایە لە شاری موغلای تورکیا لەگەڵ لایەنگرانی کۆبووە. هەرچەندە شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دیاری بکەن، بەڵام ئاکشەنەر لە کۆبونەوە جەماوەریەکەدا، بە پێچەوانەی هەوڵەکانیان قسەی کرد و وتی، " ئێمە دەمانەوێت ببین بە یەکەم پارت لە تورکیا و منیش دەبم بە سەرۆکی وڵات."

عەلی ئیحسان یاڤوز یاریدەدەری سەرۆکی ئاکەپە بۆ کاروباری هەڵبژاردن. دەکرێت وادەی هەڵبژاردن پێش بخرێت، بەڵام ئەمە بە واتای هەڵبژاردنی پێشوەختە نایەت و هەموو ئەو قسانەی کە لەبارەی وادەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت، نەبوونەتە بڕیار و بە تەنیا قسەیە.

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەش کە رایگەیاندووە، لە ئێستاوە دەستی بە کەمپەینی هەڵبژاردن کردووە، تویتێکی دیکەی لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێویستە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئەو کەسانەدا قسە بکەن کە بڕیاریان نەداوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، یان بیر لە بایکۆت دەکەنەوە و رازیان بکەن کە لەدژی دەسەڵات دەنگ بدەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار