ناوهێنانی جامی کەنداو بە "جامی کەنداوی عەرەبی" لە لایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراقەوە نیگەرانی دروست دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ناوهێنانی جامی کەنداو بە "جامی کەنداوی عەرەبی" لە لایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراقەوە نیگەرانی لای بەرپرسانی ئێران دروست دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی دژبە بەکارهێنانی وشەی کەنداوی عەرەبی هاتە دەنگ و بەکارهێنانی وشەی کەنداوی عەرەبی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، بەر لەوەی ئەو بابەتە لە میدیاکاندا باس بکرێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم بارەیە دژکردەوەی نیشان داوە".

وتیشی، "کەنداوی فارسی کەنداوی فارسە و هیچ شتێک، ناتوانێت ئەو راستییە مێژووییە بگۆڕێت".

لەگەڵ دەستپێکردنی جامی کەنداو لە بەسرە کە هەڵبژاردەکانی عێراق، سعودیە، عومان، یەمەن، بەحرێن، کوێت، قەتەر و ئیمارات تێیدا بەشدارن، ژمارەیەک بەرپرس و کەسایەتیی دیاری سیاسیی عێراق، لە نێویاندا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتەر و راگەیێندراوەکانیاندا جامی کەنداویان بە جامی کەنداوی عەرەبی ناوبرد، ئەوەش ئێرانییەکانی توڕە کرد. 

پێشتر موقتەدا سەدر لە تویتێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی جامی کەنداو نووسیبووی ''بەخێرهاتنی میوانانی عەرەبی کەنداوی عەرەبی دەکەین".

هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە دەستپێکی یارییەکانی جامی کەنداودا بە هەمان شێوەی گوزارەی کەنداوی عەرەبی بەکار هێنابوو.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە "کەنداوی فارسی کەنداوی فارسە و هیچ شتێک لە میانی یارییەکەی تۆپی پێ و یان هەڵوێستی بەرپرسانی دەوڵەتانی دەرەوە، ناتوانن ئەو راستییە مێژووییە بگۆڕن".

گوتیشی: "ئێمە دەستبەجێ ناڕەزایەتییەکانی خۆمان گەیاندووەتە حکوومەتی عێراق و بەدواداچوونیشی بۆ دەکەین".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار