دانیشتنی دادگایی دۆسیەی داخستنی هەدەپە دەستی پێکرد

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ دانیشتنی دادگای دۆسیەی داخستنی هەدەپە لەلایەن دادگای دەستوری تورکیاوە دەستی پێکرد.

بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتیی گەیشتووەتە دادگا و لە دانیشتنەکەدا بە زارەکی لەدژی هەدەپە قسە دەکات. ٥ی ئەم مانگە، دادگای دەستووریی تورکیا بودجەی هەدەپەی بەشێوەیەکی کاتی بڕیبوو.

بۆ یەکەمجار ١٧ی ئازاری ٢٠٢١، سکاڵایەکی یاسایی لە دادگای دەستووری لەلایەن بەکر شاهین سەرۆکی داواکاری گشتی تورکیا، تۆمار کرا بۆ داخستنی هەدەپە. تۆمەتەکان لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢١ لەلایەن دادگای دەستوورییەوە بە هۆی کەموکورتی لە دۆسیەکەدا رەتکرایەوە.

بەڵام بەکر شاهین لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١ جارێکی دیکە سکاڵاکەی تۆمار کردەوە. دادگای دەستووریش، لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١ سکاڵا نوێیەکەی قبوڵ کرد. دواتر هەدەپە لە ١٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەرگریینامەی خۆی بە فەرمی  پێشکەش بە دادگای دەستووری کرد.

لیژنەی دادوەرانی دادگای دەستووری کە لە ١٥ کەس پێکهاتووە، دۆسیەی داخستنی هەدەپە یەکلایی دەکاتەوە. بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی لیژنەکە، واتە بە دەنگی ١٠ دادوەر لە کۆی ١٥ دادوەر،، بڕیار دەدەرێت کە ئایا هەدەپە بمێنێتەوە یان دابخرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار