ئێران؛ ناڕەزاییەكان پاشەكشێ بـەكۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن
لەناو دەسەڵاتەوە هۆشداری لــەڕووخانی سیستمەكە دەدرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
117 رۆژ ناڕەزایەتیی دوای مەرگی ژینا، قوڵبوونەوەی قەیرانەكانی ئێران زیاتر ئاشكرادەكات و هاوشێوەی مۆتەكەیەك باڵی بەسەر دەسەڵاتداراندا كێشاوەو باڵاترین دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ناچار بەپاشەكشێ كردووە.
پێچەوانەی رابردوو بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران لەلێدوان و هەڵوێستەكانیان پاشگەز دەبنەوەو نەبوونی سەرپۆش و جێبەجێنەكردنی باڵاپۆشی لەوڵاتەكە بەئاسایی ناودەبەن خامنەیی دەڵێت، مەرج نییە ئەوانەی سەرپۆشیان گونجاو نییە دژی ئیسلام و دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بن و وتووشیەتی» داری دەستی پۆلیس چارەسەری سەركوتی ناپاكان و گەنجانی فریودراو ناكات».
ئەوەی ئێستا و دوای زیاتر لەسێ مانگ و نیو لەناڕەزایەتییەكان بەدیدەكرێت لەلایەك كەمبوونەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانە لەسەر شەقام و لەلایەكی دیكەوە لاوازبونی دەسەڵاتی ئێرانە لەئاستی ناوخۆو دەرەوەدا بەجۆرێك بەرپرسان حاشا لەوەناكەن كەهیچ هیوایەك نییە بۆ ئەوەی پێگەی كۆماری ئیسلامی ئێران هاوشێوەی رابردوی لێبێتەوە بەتایبەت كەزۆرترین كۆدەنگیی نێودەوڵەتی بۆ سزادانی ئەو دەسەڵاتە دروست بووە.
شارەزایان و پسپۆڕانی كۆمەڵناسی و سیاسی پێیان وایە ئەوەی روونە بوونی شۆڕشە لەئێران و ناڕەزایەتیەكانییش جیاواز لە رابردوو رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران و دەسەڵاتدارانی كردووەتە ئامانج و گەنجان و دانیشتوانی وڵاتەكە چیتر بەچاكسازیی رازیی نابن و سەركەوتنیان لە رووخانی ئەو دەسەڵاتەدا دەبیننەوە.
شۆڕش دژی شۆڕش
شارەزایان و شیكەرەوانی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆكن لەسەر ئەوەی لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی ئەوەی روودەدات گەورەترین شۆڕشە دژی «شۆڕشی كۆماری ئیسلامیی»ە كە لەساڵی 1979 لەئێران هاتووەتە سەركار، بەڵام پێدەچێت لەئێستاداو دوای نزیكەی چوار مانگ لەسەرهەڵدانی ئەو ناڕەزایەتییانە ئاستی ناڕەزایەتییەكان و ژمارەی خۆپیشاندانەكان كەم بووبێتەوە لەبەرامبەردا ئاستی توندوتیژییەكان و سزای سێدارە بەشێوەیەكی بەرچاو لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرامبەر بەخەڵك زیادی كردووە.
لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان زۆربەی دروشمەكان بەدیاریكراوی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران و عەلی خامنەیی رێبەری ئەو وڵاتە لە سەرووی هەموانەوە كراوەتە ئامانج، واتا ناڕەزایەتییەكان لەچوارچێوەی داواكاریی و چاكسازیدا نەماوەتەوە و روون و ئاشكرا دژی دەسەڵاتە و هەوڵەكانیش بۆ رووخانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.
هەر ئەوەش وایكردووە باڵی ریفۆرمخوازی كۆماری ئیسلامی و سەركردەكانیان زۆر بەئاشكرا خۆیان لەقەرەی ناڕەزایەتییەكان نەدەن و خۆیان نەكەن بەخاوەنی لەكاتێكدا لەسەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەكی رابردوودا ئەو رەوتەی كۆماری ئیسلامی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان دەبوون و خۆیان دەخزاندە خۆپیشاندانەكان و بانگەشەی سەركرادیەتیی ناڕەزایەتییەكانیان دەكرد.
دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی هیچ كاتێك بەئاستی ئەم ماوەیە هەستی بەوە نەكردووە كە كۆڵەكەی كۆمارەكەی لەكەوتن و رووخان نزیكبووەتەوە و بەپرسانی ئەو دەسەڵاتەش حاشای لێناكەن بەڵام توندوتیژیی بەرامبەر خۆپیشاندان و بێباكبوونی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان گومانەكان بۆ سەركەوتنی ئەو شۆڕشە زیاددەكەن.
حكومەتی ئێران هەرجۆرە ناڕەزایەتیی و هەوڵدانێك بۆ رووخانی دەسەڵاتەكە بەپێی دەستوری وڵاتەكە بە دژایەتی خودا (محارب) لەقەڵەمدەدات، بۆیە دەوترێت چۆن پێغەمبەری موسوڵمانان (محەمەد) داوایین پێغەمبەر بووە لەسەر گۆی زەوی لەئێستادا خامنەیی خۆی بەدوایین دەسەڵاتدار دەزانێت كەنابێت لاببرێت یان كۆمارەكەی بڕووخێت.
لەسەر ئەو بنەمایە لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دەستبردن بۆ مێزەری ئاخوندەكان و بەدیاریكراوی ئەوانەی لایەنگری كۆماری ئیسلامی بوون، بوو بەدیاردەیەكی باوو تائێستاش خستنەخوارەوەی مێزەری ئەو ئاخوندانە بەردەوامەو ئەوەش بە ئامانجگرتنی ئەو بنەما و باوەڕانەیە كەكۆماری ئیسلامی ئێرانی لەسەری دامەزراوە.
هەر لەو سۆنگەیەوە كۆماری ئیسلامی خۆی بەدوایین دەسەڵاتی ئێران دەزانێت و ئەوەش وایكردووە زیاترین تۆمەتی دژایەتی خودا بخرێتە پاڵ گەنجان و خۆپیشاندەران بەوەش نەیاران و خەڵكی ناڕازیی لەو دەسەڵاتە پەلكێشی بەردەم پەتی سێدارە بكرێن، بۆیە تائێستا زیاتر لە 100 دەستگیركراوی ناڕەزایەتییەكان تۆمەتی (محارب) خراوەتە پاڵیان و تا 114 رۆژی ناڕەزایەتییەكانیش چوار گەنج بەو تۆمەتەو هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران لەسێدارە دران.
شۆڕشی هەژاران
بەرپرسان و كەسایەتییە دیارەكانی ناوخۆی ئێران حاشا لەوە ناكەن كەوڵاتەكەیان لەقووڵترین قەیرانی مێژوویی خۆیایەتی و ئەحمەد تەوەكولی، نوێنەری پێشووی تاران لەپەرلەمان و ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران وتوویەتی: دۆخی بژێوی و ئابوریی دانیشتوانی ئێران زۆر خراپەو دورنییە شۆڕشی هەژاران لەوڵاتەكەدا سەرهەڵبدات و داواشی لەدەسەڵاتدارانی وڵاتەكە كردووە كە بەجۆرێك هەڵسوكەوت نەكەن دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆل دەربچێت و ئێران «ژێرو ژوور» بێت.
موحسین هاشمی سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای تاران و كوڕی عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسنجانی كە باوكی یەكێك بووە لەدامەزرێنەرانی كۆماری ئیسلامی لەئێران بە رۆژنامەی (جمهوری ئیسلامی) راگەیاندووە؛ ئەو كۆدەنگییە نێودەوڵەتییەی ئێستا لەدژی دەسەڵاتی ئێران هەیە لەمێژووی وڵاتەكە و تەنانەت هیچ وڵاتێكی جیهانیش هاوشێوەی نەبووەو سزاكانی 15 ساڵی رابردوش بناغەی ئابوریی و توانای وڵاتەكەی لاواز كردووە و داهاتی نیشتیمانیشی زۆر دابەزاندووە.
هیلاكی دەسەڵات و بڕستی خۆپیشاندەران
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست لەوتارێكدا ئاماژەی بەوە كردووە لەساڵی 1978 خەڵكی ئێران بەدەستی بەتاڵەوە بەرامبەر سوپای پەهلەوی شۆڕشیان كرد كە بەچوارەم سوپای بەهێزی جیهان لەو سەردەمەدا ئەژمار دەكرا، بۆیە دوور نییە شۆڕشی خەڵكی وڵاتەكە جارێكی دیكە دژی شۆڕشی ئیسلامی لەئێران سەركەوتن بەدەستبهێنێت سەرەڕای ئەو توندوتیژیانە