ژمارەیەک مامۆستای ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر دەکرێن
مامۆستایان داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن

مامۆستا شەریف مەحمودپور، پێشنوێژی مزگەوتی (رەسوڵەڵلا) لە پیرانشار
2 ساڵ لەمەوپێش
ژمارەیەک مامۆستای ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی سێدارە و دەستگیرکردنی خەڵک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و دوای بەیاننامەکەش ژمارەیەک لەو مامۆستا ئایینییانە دەستگیر کران.
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردەوە؛ مامۆستا شەریف مەحمودپور، پێشنوێژی مزگەوتی (رەسولەڵلا) لە پیرانشار کە بەیاننامەی هاوبەشی مامۆستایانی پیرانشار و نەغەدە و شنوی خوێندوەتەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراوە و بڕیاری دەستبەسەرکردنی دراوە.
هاوکات مامۆستا جەمالەدین واژەیی، پێشنوێژی مزگەوتی ناوچەی (پەسوێ) لە پیرانشار و ژمارەیەک مامۆستای ئایینی دیکە لە شاری شنۆ و نەغدە دەستگیرکراون کە لە کەسایەتییە خاوەن پێگەکانی ئەو ناوچانە و رۆژهەڵاتی کوردستانن.
دەستگیرکردنی ئەو مامۆستایانە لە کاتێکدایە رۆژی رابردو لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای ئازدکردنی دەستگیرکراوان و کۆتاییهێنان بە زەبر و زەنگی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردبو.
