حکومەتی هەرێم بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕەتدەکاتەوە

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێک لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بڵاودەکاتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو دادگەیە بە شێوەیەکی دەستووری پێکنەهاتووە و رێکنەخراوە و ناتوانێت وەک دادگەیەکی فیدرالی بڕیاربدات. داوش لە حکومەتی عێراق دەکات بڕیارەکانی دادگەکە جێبەجێ نەکات.

لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە، "ئەو بڕیارەی دادگای ئیتیحاددی، بە بڕیارێک نەک تەنیا دژی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت دەزانین و پێویستە هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایان بەرامبەر بڕیار و ڕەفتارە ناڕەواکانی دادگای ئیتیحاددی هەبێت."

باسلەوەشدەکات،"حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار شاندی ناردووەتە بەغدا و لە دوا سەردانیشدا، لە بەغدا گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار کرا و هەردوولا نیازپاکی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو کارنامەیەی کە لایەنەکان لەسەری ڕێککەتوون دووپاتکردەوە".

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێم:

بە داخەوە ئەمڕۆ دادگای ئیتیحاددی، جارێکی دیکەش، دژایەتی خۆی بۆ مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەم دادگایە، جەختکردنەوەیە لە درێژەدان بە سیاسەتی ناڕەوا و دژایەتیکردنی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا کە کەشێکی ئەرێنی و لەیەکنزیکبوونەوە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دروست ببوو بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور، کەچی بەداخەوە ئەمڕۆ دادگاکە، لە جیاتی پاڵپشتی ئەو كەشە ئەرێنییەی کە دروست بووە، لە بڕیارێكی ناڕەوا و دژ بە خەڵکی کوردستان، ڕێگری لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە کرد کە بڕیار بوو لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین جار شاندی ناردووەتە بەغدا و لە دوا سەردانیشدا، لە بەغدا گفتوگۆی زۆر بەرهەمدار کرا و هەردوولا نیازپاکی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو کارنامەیەی کە لایەنەکان لەسەری ڕێککەتوون دووپاتکردەوە.

هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدرالی دەستوورییە و ئەم بڕیارانە، پێشێلکردنێکی زەق و ئاشکرای دەستووری عێراقە. هەروەها دژی رێککەوتنی لایەنەکانی ئیدارەی دەوڵەتە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و دژی کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشە کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کراوە و تێیدا لە بڕگەیەکدا بە ڕوونی باس لە خۆدوورگرتن لە هەر ڕێکاڕێک دەکات کە کێشەکان ئاڵۆزتر بکات ( تجنب اية اجراءات تصعيدية). بۆیە ئێمە ئەو بڕیارەی دادگای ئیتیحاددی، بە بڕیارێک نەک تەنیا دژی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دژی حکومەتی نوێی عێراق و لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت دەزانین و پێویستە هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرایان بەرامبەر بڕیار و ڕەفتارە ناڕەواکانی دادگای ئیتیحاددی هەبێت. هەروەک لە کارنامەی وەزاری حکومەتی عێراقیشدا هاتووە کە هەموو لایەنە بەشداربووەکان لە سەری ڕێککەوتوون، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا، پڕۆژە یاسای دادگای ئیتیحاددی دەربچێت، چونکە لە سایەی ئەم دادگایەی ئێستا، کە بە پێی دەستوور دروست نەکراوە ، هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و نابێت.

هەرێمی کوردستان ڕێز لە دەستوور و یاسا و دادگا شەرعییەکان دەگرێت، بەلام ئەم دادگایە بە شێوەیەکی دەستووری پێکنەهاتووە و ڕێک نەخراوە و ناتوانێت وەک دادگایەکی فیدرالی بڕیار بدات ، بۆیە بڕیارەکانی ڕەت دەکەینەوە و داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، نەچێتە ژێرباری ئەم بڕیارە و پابەند بێت بەو بەڵێنانەی کە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان داویەتی.


حکومەتی هەرێمی كوردستان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار