روسیا و ئێران دژی دۆلار رێکدەکەون
2 ساڵ لەمەوپێش
روسیا و ئێران بۆ بەکارنەهێنانی دۆلار، رێککەوتنی نێوانیان لەبارەی مامەڵەکردنی هاوبەش بە دراوە نیشتیمانییەکانیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەردو بانکی ناوەندیی روسیا و ئێران رێککەوتنی نێوانیان بۆ پێکەوەبەستنی سیستمە بانکییەکانیان و ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان بە دراوی نیشتیمانیی ئەو دو وڵاتە خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ و تاران، لەپێناو کۆتاییهێنان بە هەژمونی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندایە و لەکاتێکدایە کە مۆسکۆ بەدەست چەندین سزای سەپێنراوی ئەمریکییەوە دەناڵێنێت.
بە پێی رێککەوتنەکە دەبێت زۆربەی مامەڵە بازرگانییەکانی ئەو دوو وڵاتە بە روبڵی روسی و تمەنی ئێران ئەنجام بدرێت.
میدیای ئێران بڵاوی کردوەتەوە بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە 806 بانکی جیهان پێکەو دەبەسترێنەوە کە 700 بانکیان روسی و 106 بانکی دیکەیان لە 13 وڵاتی دیکەی جیهانە.
بانکی ناوەندیی روسیا، لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی رونکردوەتەوە؛ بەپێی رێککەوتنەکە گواستنەوە داراییەکان یان حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندیی روسیا سەرپەرشتی دەکرێت و سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئێرانەوە رێکدەخرێت.