کەمیی خۆراک هەڕەشە لە تەندروستیی خەڵکی ئێران دەکات
تەندروستیی ئێران: 16%ی منداڵانی وڵاتەکە خۆراکی پێویستیان نییە
2 ساڵ لەمەوپێش
رۆژنامەیەکی ئێران ئاشکرای دەکات خواردنی شیرەمەنیی لە وڵاتەکە بەهۆی بەرزبونەوەی نرخ بۆ نیوە کەمی کردوە و سفرەی زۆربەی خێزانەکانیش بە بێ گۆشت و مریشکە.
رۆژنامەی (هەم میهەن)ی ئێران لە ژمارەی ئەمڕۆ دوشەممەدا بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی نرخ، خواردنی شیرەمەنییەکان لە ئێران بۆ نیوەی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان دابەزیوە.
رۆژنامەکە نوسیویەتی: بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابوریی توانای کڕینی لە ناو خێزانەکاندا بەشێویەی بەرچاو دابەزاندوە و لە سفرەی هەندێک خێزاندا گۆشت و مریشک نەماوە و ئەوەش وا دەکات وەچە خستنەوە و تەنانەت ئەو منداڵانەی بڕیارە لەم دۆخەدا لەدایک بن تەندروستیان بکەوێتە مەترسییەوە.
ئامارەکانی حکومەتی ئێران باس لە هەڵاوسانی ئابوریی 50% دەکەن لە کاتێکدا بە پێی نوێترین ئامار رێژەی هەڵاوسان لە 18 پارێزگا لە کۆی 31 پارێزگای ئەو وڵاتە بە تایبەت لە پارێزگای سیستان و بەڵوچستان گەیشتوتە زیاتر لەو رێژەیە و هەندێکجار لە 78% نزیک دەبێتەوە.
وەزارەرتی تەندروستیی ئێران ئاشکرای کردوە؛ نزیکەی 16%ی منداڵە تەمەن شەش ساڵانەکانی ولاتەکە توشی بەدخۆراکی و کەمیی خۆراک بونەتەوە و 800 هەزار منداڵیش لە تەمەنی گەشەدا توشی کەمی وزە و پڕۆتین بونەتەوە.