کەشتی رۆحەکان فرۆشتنی نەوتی ئێران رادەگرن

روسیا دەبێتە رکابەری سەرەکیی نەوتی ئێران

2 ساڵ لەمەوپێش



رۆژنامەیەکی بەریتانی ئاشکرای کرد؛ ئەو کەشتییانەی پێشتر بە نهێنی نەوتی ئێرانیان لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخ دەکردەوە لە ئێستادا لە بەرژەوەندیی وڵاتێکی دیکە ئەو کارە دەکەن و دەستبەرداری ساخکردنەوەی نەوتی ئێران بون.

رۆژنامەی (فاینانشاڵ تایمز)ی بەریتانی بڵاوی کردەوە؛ ئەو کەشتییانەی کە نەوتی ئێرانیان بە نهێنی لە پێناو دەربازکردنی وڵاتەکە لە سزا نێودەوڵەتییەکان لە بازاڕەکانی نەوتی جیهان ساخ دەکردەوە لە ئێستادا نەوتی روسیا دەگوزانەوە.

بە پێی راپۆرتی رۆژنامەکە ئەو کەشتییانە کە ژمارەیان لە 16 کەشتی زیاترە و بە کەشتی رۆحەکان ناودەهێنرێن بەهۆی سزاکانی سەر نەوتی روسیا لە ئێستا نەوتی ئەو وڵاتە لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخ دەکەنەوە.

فاینانشاڵ تایمز ئاماژەی بەوەکردوە پێشتر تەنها نۆ کەشتی رۆحەکان نەوتی روسیایان بۆ بازاڕەکانی جیهان گواستوەتەوە بەڵام لە دو مانگی رابردودا ئەو 16 کەشتییە سەرجەمیان نەوتی سەرقاڵی گواستنەوەی نەوتی روسیا بون و هیچ بڕە نەوتێکیان بۆ ئێران نەگواستوەتەوە.

بە پێی زانیارییەکان؛ روسیا نەوتەکەی لە بازاڕەکاندا نە نرخێکی زۆر کەمتر لە نەوتی ئێران رادەست دەکات و لە بەرامبەر هەر بەرمیلێکدا 50 دۆلار وەردەگرێت و کرێی گواستنەوەشی بۆ کەشتییەکان دو هێندەی ئێران بوە و هەر ئەوەش وای کردوە کەشتی رۆحەکان چیتر نەوتی ئێران بە نهێنی لە بازاڕەکاندا ساخ نەکەنەوە.

زیاتر لە چەند ساڵێکە ئێران توانیویەتی لە رێگەی ئەو کەشتییانەی کە بە ئاڵای وڵاتانی دکە و بە بێ بەکارهێنانی ئاماژەی ئەلیکترۆنی  (جی پی ئێس) و دور لە چاودێریی کۆمپانیاکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، نەوتەکەی لە بازاڕەکاندا ساخ بکاتەوە و بەوەش تاران خۆی لە سزاکانی ئەمریکا بۆ رێگریی لە فرۆشی نەوتەکەی دەرباز کردوە.

لە ماوەی رابردودا ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە؛ کە بە کردار فرۆشی نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیهان بۆ سفر دادەبەزێنێت و لەو چوارچێوەیەشدا هۆشداریی داوەتە وڵاتی چین کە نەوت لەو وڵاتە نەکڕن لە کاتێکدا تەنها چین رۆژانە 850 هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێران کڕیوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار