بانکی ناوەندیی ئێران: هێرشی پێچەوانە دژی دۆلار دەست پێدەکەین

ئێران دژی دابەزینی بەهای تمەن بڕیاری توند بەرامبەر دۆلار دەدات

محەمەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران

2 ساڵ لەمەوپێش



ئێران رایگەیاند بانکی ناوەندیی هەوڵەکانی بۆ دابەزینی بەهای دۆلار دەست پێدەکات و وەک دراوی قاچاخ مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆلارانە دەکرێت کە بە نرخێکی بەرزتر لە بازاڕەکان مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئێران بۆ راگرتنی بەرزبونەوەی بەهای دۆلار ناوەندێکی بە ناوی (ئاڵوگۆڕی زیڕ و دراو) راگەیاند و داوای لە کاسبکاران و بازرگانەکان کرد تەنها پشت بە نرخە دیارییکراوەکانی ئەو ناوەندە ببەسترێت بۆ بەهای دۆلار و دراوەکان لە وڵاتەکەدا.

محەمەدڕەزا فەرزین, پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران لەگەڵ بەرزبونەوەی بەهای یەک دۆلار بۆ 50 هەزار و 200 تمەن رایگەیاند؛ بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی دەستەوەستان نابێت و لە سبەینێ سێشەممەوە بە چالاککردنی ناوەندی ئاڵوگۆڕی زیڕ و دراو هێرشی پێچەوانە دژی نرخی ناڕاستی دۆلار بەرامبەر تمەن دەست پێدەکات.

بە وتەی فەرزین تەنها ئەو ناوەندە بەهای راستەقینەی دراوەکان و زێڕ لە ئێران دیاریی دەکات و بانکی ناوەندیی پابەند دەبێت بە دابینکردنی دۆلار بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی وڵاتەکە.

پارێزگاری بانکی ناوەندیی جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەو بانکە بە بەهای 28 هەزار و 500 تمەن بۆ هەر دۆلارێک هاوکاریی کڕین و هاوردەکردنی 68 کاڵا و پێدوایستیی سەرەکیی وەک خزمەتگوزاریی تەندروستی و پزیشکی و دەرمان و خۆراک دەکات.

 

فەرزین ئاشکرای کردوە نرخی زۆربەی ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی بە دۆلار لە دەرەوە بۆ ئێران هاوردە دەکرێت بەراورد بە ساڵی رابردو زیاتر لە 47%  نرخەکانیان بەرز بوەتەوە لە کاتێکدا بە پێی ئەو نرخانەی  حکومەت دیاریی کردوە ئەو کاڵایانە تەنها بە رێژەی 17% نرخەکانیان بەرزبونەتەوە و ئەوەش وا دەکات وردتر چاودێریی بازاڕەکانی وڵاتەکە بکرێت.

 ئاماژەی بەوە کردوە کە 600 نوسینگەی ئاڵوگۆڕ و 150 لقی بانکەکان بەرپرسیار دەبن لە دابینکردنی دراوی پێویست بۆ بازرگانەکان و خەڵکی وڵاتەکە و لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە بە فەرمی بەهای دراوەکان و نرخی زێر بۆ ئەو نوسینگە و بانکانە دیاریی دەکرێت.

بڕیارە سبەینی کاژمێر 11:00 بە کاتی تاران (ناوەندی ئاڵوگۆڕی زیڕ و دراو) لە ئێران بەفەرمی دەست بەکارەکانی بکات و بانکی ناوەندیی وڵاتەکە نرخی دراوەکان و زێڕ بە فەرمی رابگەیەنێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار