بوومەلەرزە جارێكی تر ئاوارە سورییەكانی توركیا ئاوارە دەكاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەگەڵ روودانی بومەلەرزەكانی شەشی ئەم مانگەدا كە ناوەندەكانیان پارێزگاكانی مەڕەش و دیلۆكی باكوری كوردستان بوو و بە گشتی لە ١٠ پارێزگای باكوری كوردستان و توركیا و چەندین پارێزگای سوریا زیانی زۆری گیانی و مادی لێكەوتووە، هەروەها كۆچی پێچەوانە دەستی پێكرد.
دوای بومەلەرزەكانی شەشی شوبات، زیاتر لە شەش هەزار پاشەلەرزەی دیكە لە ناوچەكەدا روویانداوە كە گەورەترینیان بومەلەرزەكەی ٢٠ی شوبات بوو لە هاتای كە جارێكی دیكە زیانی گیانی لێكەوتەوە.
زانكۆی بەیازیتی ئەنقەرە، لەبارەی دۆخی ناوچە زیانلێكەوتووەكان و كۆچی هاوڵاتیان لێكۆڵینەوەیەكی ئەنجامداوە، بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكە، لەو ١٠ پارێزگایەی باكوری كوردستان و توركیا، بە گشتی نزیكەی ١٤ ملیۆن كەس دەژین كە ملیۆنێك و ٧٠٠ هەزار كەسیان ئاوارەی سوریان كە دوای شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١١، روویان لە پارێزگاكانی باكور و توركیا كردووە، بەڵام بەهۆی بومەلەرزەكەوە جارێكی دیكە ئاوارە بوونەتەوە و بێ پەناگە ماونەتەوە و ناچارن بگەڕێنەوە بۆ سوریا.
ئاماری قوربانیانی ئاوارەكانی سوریا
مەرسەدی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئاشكرای كردووە، لە بومەلەرزەكەدا لەنێو سنورەكانی باكور و توركیادا، سێ هەزار و ٨٤١ پەنابەری سوریا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هەندێك سەرچاوەی نافەرمی رایدەگەینین ئامارەكە زۆر زیاترە.
رۆژنامەی بیرگونی توركیش لەبارەی دۆخی ئاوارە سوریەكان دەڵێت: لە ئێستادا ئاوارە سوریەكان لەو پارێزگایانەدا سەرگەردان بوون، خانووی كرێیان پێنادرێت، لە نۆرەی هاوكاریەكاندا دەردەكرێن و هەستی دژە پەنابەری لە هەڵكشاندایە.
كەناڵی بی بی سی لە دەروازەی سنوری باب لهەوای نێوان سوریا و توركیا راپۆرتێكی ئامادەكردوەو راپۆرتەكە بە هاوار و ناڵەی ژنێك دەست پێدەكات كە تەرمێكی لەبەردەمدایە و دەڵێت: «كچەكەم من بەبۆنەی تۆوە دەژیام، تۆ رۆیشتی ئێستا چی بكەم». بی بی سی بەم شێوەیە سەرنجی راكێشاوەتە سەر گەڕانەوەی ئاوارە سوریەكان بۆ زێدی خۆیان و باس لەوەدەكات: « تاوەكو ئێستا تەرمی دوو هەزار و ٣٠٦ ئاوارەی سوریا لە رێگەی دەروازەی باب لهەواوە بۆ نێو خاكی سوریا رەوانە كراونەتەوە».
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزیش راپۆرتێكی لەبارەی دۆخی پەنابەرە سوریەكان لە ناوچە زیانلێكەوتووەكان ئامادە كردووە، نیویۆرك ئاماژەی بەوەكردووە كە پەیامنێرەكەیان لەنێو خەڵكی زیانلێكەوتووی نێو یاریگای هاتایدا گەڕاوە و بە ئاشكرا بینیویەتی كە خەڵكە زیانلێكەوتووەكەی توركیا، بە دەنگێكی بەرز داوایان لە كاربەدەستەكان كردووە، ئیدی هاوكاری ئاوارە سوریەكان نەكەن، لەبەرئەوەی ئەوان باجیان بە حكومەت داوە و ئێستا پێویستە هاوكاریەكان بۆ ئەوان بێت.
١٠ هەزار و ٥٠٠ پەنابەر گەڕاونەتەوە
چەند رۆژێك لەمەوبەر، لە هەندێك ماڵپەر و دەزگای راگەیاندنی توركیادا باسی ئەوە دەكرا كە شەپۆلێكی دیكەی پەنابەرە سورییەكان، بەهۆی زیانی زوری بومەلەرزە و نەبوونی هیچ هاوكاریەك، روویان لەسوریا كردووەتەوە، بەڵام خولوسی ئاكاری وەزیری بەرگری توركیا ئەو هەواڵانەی رەت كردەوە.
خولوسی ئاكاری لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەكرد، دوای بومەلەرزەكە هیچ خەڵكێكی سوریا سنورەكانی توركیای تێپەڕ نەكردووە، بە پێچەوانەوە تاوەكو ئیستا ١٠ هەزار و ٦٣٣ ئاوارەی سوری، لەسەر داواكاری خۆیان، گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
گەڕانەوە بۆ وێرانە
بەرزبوونەوەی ئاستی نەژادپەرستی، هاوكارینكەردن، نەمانی كاروكاسبی لە پارێزگا زیانلێكەوتووانی توركیا، ئیدی ئاوارە سورییەكانی بێهیوا كردووە و وردە وردە رێگەی وڵاتەكەیان دەگرنەبەر.
لە وڵاتەكەشیان تاوەكو ئێستا بە سەدان كەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەكاندان بە هۆی زیانی بومەلەرزەكانەوە، هاوكارییەكان بە تەواوی ناگاتە دەستی زیانلێكەوتوان، ئەو ئاوارە سوریانەی كە دەگەڕێنەوە، زۆربەی زۆریان لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكانی سەربە توركیا نیشتەجێ دەبەن، بەو پێیەی لە ١٢ ساڵی رابردوودا، توركیا دەرگاكانی بە رووی ئەو سوریانەدا كردبووەوە كە دژی حكومەتی دیمەشق بوون كە بەگوێرەی ئامارە فەرمیەكان، نزیكەی شەش ملیۆن ئاوارەی سوریا رووی كردبووە توركیا، بەڵام زۆربەیان لەوێوە خۆیان گەیاندە وڵاتانی ئەوروپا و لە ئێستادا كەمتر لە چوار ملیۆن پەنابەری سوریا لە توركیا ماون.
ئەو پەنابەرانە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمێك كە لە ئێستادا بەهۆی بومەلەرزەوە بەشێكی زۆری وێران بووە، بە گشتی لە كارەساتی بومەلەرزەكەدا نزیكەی ١٠ هەزار هاوڵاتی سوریا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە و توركیادا گیانیان لەدەستداوە كە زیاتر لە چوار هەزاریان لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی گروپە چەكدارەكاندا گیانیان لەدەستداوە.
پێنج ملیۆن خەڵكی سوریا بێ ماڵوحاڵ بوون
گەڕانەوەی ئاوارە سوریەكان بۆ وڵاتەكەیان لە كاتێدایە كە سیڤانكا داناپالا كۆمیساری باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە، خەڵكی سوریا لەنێو قەیراندا رووبەرووی قەیرانێكی دیكە بوونەتەوە، ئاماژەی بەوەشكرد: لە ناوچە زیانلێكەوتووانی سوریادا، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی وەك كۆلێرا و ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە، بەهۆی ئەوەی پێداویستی پاككەرەوەیان لانییە و لە هەمووی خراپتر پێنج ملیۆن و ٣٧٩ هەزار كەس لە سوریا بێماڵ و حاڵ ماونەتەوە.