نامەگۆڕینەوەی عیسای مەسیحو ئەبگاری پێنجەمی پادشای شانشینی ئێدێسا
2 ساڵ لەمەوپێش
دەشتی مەحمود
چیرۆكێك، كە بەبڕوای زۆرێ لە لێكۆڵەرەوانی پەیمانی تازە دەكرێت هەڵبەستراو بێت و بە بڕوای هەندێكیش ئەگەری راستی بوونی بانگەشەی بۆ دەكرێت، باس لە نامە گۆڕینەوەی نێوان حەزرەتی مەسیح و ئەبگاری پێنجەمی پادشای ئێدێسا (ئورفە) دەكات. گوایە، نامەگۆڕینەوەكان چەند مانگێك بەر لە خاچدانی مەسیح نوسراون.
شانشینی ئێدێسا و شا ئەبگار
ئێدێسا شارێكی كۆن بوو لە میزۆپۆتامیای سەرەوە، لە سەردەمی هێلینیستیدا لەلایەن شا سلووكسی یەكەم (لە ساڵانی ٣٠٥-٢٨١ پێش زایین) دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی سلووكی دامەزراوە . دواتر، ئەم شارە بووە بە پایتەختی شانشینی ئۆسرۆین و پاشان وەك پایتەختی هەرێمی ئۆسرۆینی ئیمپڕاتۆریەتی رۆمانی مایەوە، لە سەرەتاكانی سەدەی دووەمی زاینیدا، ئەم شارە بووە بە ناوەندێكی دیار و بەرچاوی فێربوونی ئاینی مەسیحی و مەڵبەندی قوتابخانەی فێركاریی مەسیحی ئێدێسای تێدا دامەزرا، هەروەها لە سەردەمی جەنگە خاچپەرستەكاندا پایتەختی هەرێمی ئێدێسا بووە.
ئەبگاری پێنجەم (نزیكەی سەدەی یەكەمی پێش زایین – نزیكەی ٥٠ـی زایینی)، پاشای ئۆسرۆینی بووە و پایتەختەكەی لە ئێدێسا بووە. مێژوونووسی ئەرمەنی موسای خۆرێنی ئەبگاری بە ئەرمەنی ناساندووە، بەڵام لە هەمانكاتدا موسا ئاماژەبەوە دەكات: كە هاوسەری سەرەكی ئەبگاری پێنجەم شاژنە هێلێنای هەبەزانی بووە، شاژنە هێلێنا شاژنی شانشینی كوردی هەزەبانی بووە كە لە پایتەختەكەی ئەربێلا (هەولێر) فەرمانڕەوایی كردووە. دەگوترێت، ئەبگاری پێنجەم یەكێكە لە یەكەمین ئەم پادشایانەی كە ئاینی مەسیحی قبوڵكردووە، ئەبگار لەلایەن تادیۆسی ئیدێسا كە یەكێكە لە حەفتا قوتابیەكەی مەسیح كە دوای مەرگی ئاینەكەیان بڵاوكردووەتەوە، چووەتە سەر ئاینی مەسیحی. یوسبیۆسی (٢٦٠-٣٣٩) مێژوونووسی كڵێسا، لە كتێبی مێژووی كڵێساكاندا، تۆماریكردووە كە ئەرشیفی كتێبخانەی ئورفە، وێنەیەكی نامەكانی تێدایە كە لە نێوان ئەبگاری ئورفە و حەزرەتی مەسیح ئاڵوگۆڕ كراوە.
چیرۆكەكە ..
دەگێڕدرێتەوە كە كاتێك پادشا ئەبگاری پێنجەمی ئورفە، نەخۆش دەكەوێت (گوایە توشی گولی بووە) نامەیەك بۆ عیسا دەنووسێ بۆ ئەوەی داوای چارەسەری لێ بكات. لە نامەكەدا ئەبگار بانگهێشتی عیسا دەكات كە بچێتە ئورفە بۆئەوەی لە مەینەتی و ئەشكەنجە رزگاری بێت، عیساش بە نووسراو وەڵامی داوەتەوە و لە نامەكەیدا ستایشی ئیمانی ئەبگاری كردووە، بەڵام، لە وەڵامی بانگێشتەكەیدا، مەسیح گووتویەتی كە ناتوانێت سەردانی ئورفە بكات، بەڵام مەسیح پادشاكە بەرەكەتدار دەكات و بەڵین بە پادشا دەدات، دوای هەستانەوەی بۆ ئاسمان یەكێك لە قوتابییەكانی بنێرێت بۆ ئورفە، بۆ ئەوەی نەك تەنها نەخۆشی پادشا بەڵكو نەخۆشییەكانی ئەوانەی لەگەڵیشدان چاك بكاتەوە.
نامەكان ..
نامەی پاشا ئەبگار بۆ حەزرەتی مەسیح:
«ئەبگارۆس، پاشای ئێدێسا، بۆ عیسای رزگاركەری چاك، كە لە ئۆرشەلیم دەركەوتووە، سڵاو دەكات، سەبارەت بە ئێوە و چارەسەرەكانتان ئاگادار كراومەتەوە، دەگوترێت بەبێ بەكارهێنانی دەرمان و گژوگیای پزیشكی خەڵك چاك دەكەنەوە، چونكە دەگوترێت كە ئێوە وادەكەن نابینایان ببینن و شەلەكان بڕۆن، هەم دەتوانی گولی پاك بكەیتەوە و هەم ڕۆحی خراپ و شەیتانەكان دەردەكەن و تەندروستی بۆ ئەوانە دەگەڕێننەوە كە لە مێژە نەخۆشن و مردووش زیندوو دەكەنەوە، كاتێك هەموو ئەمانەم بیست، بە یەكێك لەم دووانە باوەڕم كرد: یان تۆ خودی خوایت كە لە ئاسمانەوە دابەزیویت و ئەم كارانە دەكەیت، یان كوڕی خوایت. لەسەر ئەم بڕوایە بە دڵسۆزی بۆم نووسیویت و ئارەزوو دەكەم تۆ سەختی بكێشیت و گەشتێك بەرەو ئێرە (ئورفە) بكەیت و ئەو نەخۆشییە چارەسەر بكەیت كە من تووشی بووم. چونكە گوێبیست بووم كە جولەكەكان گاڵتەتان پێدەكەن و نیازیان هەیە خراپەكاریتان بەرانبەر بكەن، بەڕاستی شارەكەم بچووكە، بەڵام ڕێك و پێكە و ئەوەندە گەورەیە جێگای هەردووكمانی تێدا ببێتەوە.»
وەڵامی عیسای مەسیح بۆ ئەبگار:
«ئەبگارۆس، تۆ بەختەوریت، بەو پێیەی باوەڕت بە من هێناوە، لەكاتێكدا منیشت نەبینیوە، چونكە لەبارەی منەوە نووسراوە، ئەوانەی منیان بینیوە باوەڕم پێ ناكەن، بەڵكو ئەوانەی نەیانبینیوی باوەڕت پێدەكەن. سەبارەت بەو بەشەی نامەكەت كە پەیوەندی بە سەردانكردنمەوە هەیە، دەبێت ئاگادارتان بكەمەوە، كە دەبێت هەموو كۆتاییەكانی ئەركەكەم لەم وڵاتەدا بەجێبهێنم و دوای ئەوە جارێكی دیكە بگەڕێمەوە بۆ لای ئەوەی كە منی ناردووە. بەڵام دوای هەستانەوەم یەكێك لە قوتابییەكانم دەنێرم كە نەخۆشیەكەت چارەسەر دەكات و ژیان بە تۆ و هەموو ئەوانەی لەگەڵتدان دەبەخشێت.»
بەپێی تۆمارە مەسیحییەكان، دوای هەستانەوەی مەسیح، لە وەڵامی داواكاری تایبەتی پادشا ئەبگاری پێنجەم بۆ عیسای مەسیح كە بەڵێنی دابوو یەكێك لە قوتابییەكانی بۆ بنێرێت، سان ئادای لەلایەن سان تۆماسەوە رەوانەی ئورفە كراوە.
دوای چاكبوونەوەی پەرجۆئاسای پادشا، هەموو بنەماڵەی شاهانە و زۆرێك لە خانەدانەكانی دەوری پادشا لە ئاوهەڵكێشران و بوون بە مەسیحی، لە نێوانیاندا چەندین كاهینی پەرستگاكانی خواوەند بێل و نابووی تێدابوو. دواتر لە جێگای ئەم پەرستگایانەدا كڵێسایەك درووستكرا. ئادای بوو بە یەكەم قەشەی ئورفە، دواتر ئاگای كە بازرگانێكی ئاوریشم بوو، بوو بە نزیكترین قوتابی ئادای.