کەمپی هۆڵ 31هەزار عێراقی تیادایه

یەک ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحموود

 

حكومەتی عێراق رووبەڕووی مەترسییەكانی سەرهەڵدانی داعش دەبێتەوەو بەرپرسێكی سەربازیش رایدەگەیەنێت هێشتا نزیكەی 400 بۆ 500 چەكداری داعش لەعێراقدا ماون، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكاش ئاشكرای دەكات دەستگیركراوەكانی داعش لەكەمپەكانی سوریاو عێراقدا سوپایەكی زیندانیكراوی داعشن، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراقش دەڵێت هەموو ئەو عێراقیانەی كە لەكەمپی هۆڵ-ی سوریا دەستگیركراون مەرج نییە هەموویان داعش بن، ئیدارەی خۆسەریش لەباكووری رۆژهەڵاتی سوریا هۆشداری ئەوە دەدات توانای پێویستی لەبەردەست نییە بۆ بەردەوامیدان بەدەستبەسەركردنی ئەو خێزانانەی داعش كە لەكەمپی هۆڵن.

دوای شكاندنی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش لەعێراق لەساڵی 2017 و لەناوبردنی زۆرینەی چەكدارەكان و دەستگیركردنیان، هێشتا بەنیسبەت حكومەتی عێراقەوە مەترسییەكانی ئەو رێكخراوە كۆتایی نەهاتووەو رۆژانە هێزە ئەمنییەكانی عێراق چالاكی لەدژی پاشماوەكانی ئەو رێكخراوە لەناوچە جیاجیاكانی عێراقدا بەڕێوەدەبەن.

فەریق رووكن قەیس محەمەداوی جێگری فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكانی عێراق كەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا دەكات رایگەیاند: بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە باوەڕپێكراوەكان كۆی پاشماوەی چەكدارانی داعش لەعێراقدا لە 400 تا 500 چەكدار تێناپەڕێت و لەسێ یان چوار پارێزگادا كردەوەیان هەیە، ئاماژەی بەدوایین چالاكیش كرد كە لەبیابانی ئەنبار لەدژی چەكدارانی داعش ئەنجامدراوەو تیایدا 22 چەكداری ئەو رێكخراوە كوژراون.

هاوكات فەریق عەبدولوەهاب ساعیدی فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاندووە پرۆسەكە لەناوبردنی سەربازگەیەك بووە كەچەندین سەركردەی داعشی تیادا بووەو چالاكی ئەو رێكخراوەیان لەپارێزگاكاندا ئاراستەكردووە نەوەك لەناوبردنی مەفرەزەیەكی گەڕۆكی ئەو رێكخراوە بێت.

بەپێی راپۆرتێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش كە لەمانگی شوباتدا بڵاوكراوەتەوە رێكخراوی داعش 5000 پێنج هەزار تاوەكو 7000 حەوت هەزار ئەندام و لایەنگرو چەكداری لەسوریاو عێراقدا هەیە، هاوكات لەساڵی 2022 دەزگای دژەتیرۆری عێراقی نزیكەی 150 چەكداری ئەو رێكخراوەی كوشتووە.

شوێنی چەكدارانی ئەو رێكخراوەش لەناوچە بیابانی و شاخاوییەكانی پارێزگاكانی ئەنبارو تكریت و موسڵ و دیالەو سنوری عێراق و سوریا كردەوەی تیرۆریستیان هەیەو هاتوچۆ دەكەن، بەجۆرێك لەڕووی لۆجستییەوە سود لەناوچەكانی ئەنبارو نەینەوا دەبینن و لەڕووی چالاكیشەوە ناوچەكانی باكوری كەركوك و باكوری رۆژهەڵاتی دیالەو باكووری سەڵاحەدین و باكوری پارێزگای بەغدا چالاكن.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكاش هۆشداریدا لەهەبوونی سوپایەكی دەستگیركراوی داعش لەزیندانەكانی سوریاو عێراق بەوەی ئەگەر بێت و ئازادبكرێت ئاسایشی ناوچەكە دەخەنە مەترسییەوە.

مایكل كۆریلا فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریكا دوای سەردانیكردنی باكووری رۆژهەڵاتی سوریاو كۆبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و سەردانیكردنی كەمپی هۆڵ و زیندانی غوێران كەهەزاران چەكدارو خێزانی داعشەكانی تیادا دەستبەسەرو زیندانیكراون رایگەیاند چەكدارە دەستگیركراوەكانی داعش لەسوریاو عێراق سوپایەكی راستەقینەی زیندانیكراوی ئەو رێكخراوەن، ئاماژەی بەوەشكرد ئەگەر بێت و ئازادبكرێن  مایەی مەترسییەكی راستەقینەن بۆ سەر ئاسایشی ناوچەكە، وتیشی: هیچ چارەسەرێكی سەربازی بۆ دەستگیركراوانی داعش نییە.

فەرماندەكەی سوپای ئەمریكا باسی لەوەشكرد شەڕكردن لەدژی ئەو رێكخراوە شەڕكردنە لەپێناو ئارامی و ئاسایشی نەك هەر سوریاو عێراق بەڵكو هەموو ناوچەكە و هەرگیز رێگەنادەین جارێكی دیكە ئەو رێكخراوە سەرهەڵبداتەوە.

دوای لەناوبردنی رێكخراوی داعش لەساڵی 2019 لەسوریا، چەكدارانی ئەو رێكخراوە لەناوچەكانی نێوان پارێزگای حمس لەناوەڕاست و دێرزور لەنزیك سنوری عێراق چالاكن و جاروبار كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامدەدەن.

هاوكات وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ژمارەی هاووڵاتییە عێراقییەكانی كەمپی هۆڵی لەسوریا ئاشكراكردووەو رایگەیاند هەموو ئەو عێراقییانەی لەو كەمپە دەستبەسەرن سەر بەرێكخراوی داعش نین.

ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاندووە هاووڵاتییە عێراقییەكانی ناو كەمپی هۆڵ ژمارەیان 31 هەزار كەسەو هەموویان سەر بەداعش نین، هەرچی كەسێكیان سەلمێنرا سەر بەداعشە راستەوخۆ رەوانەی دادگاكان دەكرێت، ئاماژە بەوەشدەكات جگە لەسوری و عێراقییەكان كەزۆرینەی دەستبەسەركراوانی كەمپی هۆڵ پێكدەهێنن، ژمارەی هاووڵاتیانی هەر وڵاتێكی دیكە 50 بۆ 60 كەسێكە. ئەو وەزیرە جەختیشی لەوەكردووەتەوە سەردانەكەی ئەمجارەی ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق سەردانێكی هاندانی بووە بۆ ئەوەی وڵاتانی جیهان هاووڵاتیانیان لەكەمپی هۆڵ ببەنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان.

ئیدارەی خۆسەریش لەباكووری رۆژهەلڵاتی سوریا هۆشداری ئەوە دەدات توانای پێویستی لەبەردەست نییە بۆ بەردەوامیدان بەدەستبەسەركردنی ئەو خێزانانەی داعش چجای ئەوەی بتوانێت هەموویان دادگایی بكات و داواش لەوڵاتان دەكات كە هاووڵاتییەكانی خۆیان وەربگرنەوە بەتایبەت ئەوانەی كەمپی هۆڵ، بەڵام سەرەڕای هەموو داواكاریی و هۆشدارییەك ژمارەیەكی كەم لەوڵاتان هاووڵاتیانی خۆیان وەرگرتووەتەوە وەك ئۆزبەكستان و كازاخستان و كۆسۆڤۆ و ژمارەیەكی كەم لەوڵاتە ئەوروپییەكانیش ژن و منداڵیان وەرگرتووەتەوە.

بەپێی راپۆرتێكی ئیدارەكە خەڵكی زیاتر لە 50 وڵات لەكەمپی هۆڵ دەستبەسەرن، گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی هەندێ وڵاتیش تەنیا بەهۆی دۆخێكی تایبەتی مرۆیی وەك نەخۆشی و بێ باوكییەوە بووە.

بەپێی راپۆرتەكەی ئیدارەی خۆسەری، ئیدارەكە داوای لەتەواوی وڵاتان كردووە ژن و منداڵەكانیان ببەنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام پرۆسەكە زۆر بەخاوی بەڕێوەدەچێت بەجۆرێك هەر لەسەرەتاوە تاوەكو كۆتایی مانگی یەكی ساڵی 2023 زیاتر لە 400 ئافرەت و 1000 منداڵ بۆ 30 وڵات گەڕێندراونەتەوە.

فەرماندەی سوپای ناوەندی ئەمریكاش بڕوای وایە منداڵانی كەمپی هۆڵ  لەبەردەم هەڕەشەو مەترسی رۆژانەدان بەوەی فێری توندوتیژی دەكرێن، داواشیكرد دانیشتوانی كەمپەكان دووبارە ئامادە بكرێنەوە بۆ رۆیشتنەوە بۆ وڵاتان و كۆمەڵگاكانی خۆیان.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار