یاسای هەڵبژاردنەکان لە عێراق .. ئیدارەی دەوڵەت یاساکە دەگۆڕێت و سەدر و شەقام ناڕازین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
 
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای چوار ساڵ هەڵپەساردن دەنگی لەسەر چەند بڕگەیەكی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراقداو بڕیاریشیدا رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەعێراقدا (بەبێ هەرێمی كوردستان) بەڕێوەبچێت، ئەندامێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش ئاشكرایدەكات هێزەكانی ناو هاوپەیمانێتی ئیدارەدانی دەوڵەت لەسەر تێپەڕاندنی یاساكە كۆكن، چاودێرێكی سیاسیش رایدەگەیەنێت پێناچێت لەمساڵدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و دەكەوێتە ساڵی داهاتوو.
بەرەبەیانی رۆژی 20ی ئادار، ئەنجومەتی نوێنەرانی عێراق سەرەڕای ناڕەزایی بەشێك لەفراكسیۆنە ئۆپۆزیسیۆن و پەرلەمانتارە سەربەخۆكان و بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی پەرلەمان، دەنگی لەسەر حەوت مادەی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەكۆی 15 ماددەی پڕۆژەكە داو كۆبوونەوەكەی بۆ رۆژی 25ی ئادار هەڵگرت، هاوكات بڕیاریشیدا 6ی تشرینی دووەمی 2023ی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدرێت.
پرۆژەیاسای هەمواری هەڵبژاردن كە لەساڵی 2019ەوە هەڵپەسێردراوە هێشتا بەتەواوەتی دەنگی لەسەر نەدراوەو بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو 25ی ئادار دەنگی لەسەربدرێت و تیایدا هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەپڕۆژەیاساكەدا كراون بەیەك و بەگوێرەی ئەو ماددانەی پەسندكراون، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق وەك خۆیان دەمێننەوە كە 329 كورسین و ژمارەی كۆتای پێكهاتەكانیش گۆڕانكارییان تێدانەكراوە كە نۆ كورسییەو دوایین هەڵبژاردنیش بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان لەساڵی 2013 كراوەو بەهۆی رووداوو گۆڕانكارییە سیاسییەكانەوە هەڵبژاردن لەساڵەكانی دواتردا ئەنجامنەدراوە، بەهۆی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩ یاساكە لەپەرلەمان هەڵپەسێردرا، كەئەمەش یەكێك بوو لەداواكارییەكانی خۆپیشاندەران بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان چونكە ئەوكات وەك خۆپیشاندەران رایانگەیاندبوو، ئەنجوومەنی پارێزگاكان خزمەتگوزاری پێشكەش بەخەڵك ناكەن و لەگەندەڵی تێوەگلاون و هەر لەو ساڵەدا كارەكانی ئەنجومەنەكان سڕكراون.
بەگوێرەی ئەو هەموارەی ئەنجامدراوە ماددەی 15 كەتایبەتە بەكورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران هەروەكو خۆی ماوەتەوە كە 329 كورسیەو 320 كورسی بەسەر پارێزگاكاندا دابەشكراوەو ئەو نۆ كورسییەی كەدەمێنێتەوە دەدرێت بەپێكهاتەكان ( مەسیحی پێنج كورسی، ئێزدی یەک كورسی، شەبەك یەک كورسی، كوردی فەیلی یەک كورسی ، سابئەی مەندائی یەک كورسی).
بەپێی ماددەی 16ش كەپەسەندكراوە كۆمیسیۆن پشت بەئامێری ئەلەكترۆنی دەبەستێت بۆ خێراكردنی ئەنجامەكان و پرۆسەی ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی بۆ سەرجەم وێستگەكان كە لەناو هەمان وێستگەدا ئەنجامدەدرێت، پێویستە كۆمیسیۆن لەماوەی (24) كاتژمێردا ئەنجامی هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی رابگەیەنێت، لەحاڵەتێكدا ئەنجامی بژاردنی دەستی و ئەلەكترۆنی هاوتا نەبوون لەهەمان وێستگە كەڕێژەكەی 5% كەمتر بوو، ئەوا ئەنجامی بژاردن و جیاكردنەوەی دەستی حساب دەكرێت و لەحاڵەتێكدا رێژەكە (5%) زیاتر بوو، وێستگەكە دەگوازرێتەوە بۆ سەنتەری وردبینی ناوەندیی لەپارێزگاكەو كۆمیسیۆن لەڕێی بژاردن و جیاكردنەوەی دەستییەوە ئەنجامەكان یەكلادەكاتەوە.
دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی محەممەد شیاع سودانی ، سەرۆك وەزیران بەڵێنی دا  لەماوەی ساڵێك و شەش مانگدا، ئامادەكاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان كەدەسەڵاتیان بەدەستەوەیە لەبری ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەیانەوێت پێش ئەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت و سیستەمەكەش لەفرە بازنەییەوە بگۆڕن بۆ هەر پارێزگایەك یەك بازنەیی (سانت لیگۆ) بێت، هاوكات لەكارنامەی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی بەڵێنی ئەوە دراوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك (كە لەساڵی 2005)ەوە نەكراوە هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی دیكە ئەنجامبدرێت.
بەكارهێنانی سیستەمی یەك بازنەیی (سانت لیگۆ) كەهێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئیدارەی دەوڵەت پشتگیری دەكەن بریتییە لەدابەشكردنی كورسییەكان بەسەر لیست و قەوارەكانی بەشداربوو لەهەڵبژاردن، بەمەبەستی كەمكردنەوەی جیاوازی نێوان ژمارەی دەنگەكان و ژمارەی كورسییەكان، هەروەها لەچوارچێوەی سیستەمەكەدا، هەر پارێزگایەك دەكرێت بەیەك بازنە، ئەو سیستەمەیش لەهەڵبژاردنەكانی ٢٠١٤، ٢٠١٨ جێبەجێ كراو عێراق كرابوو بە ١٨ بازنە.
لەچوارچێوەی سیستەمی (سانت لیگۆ)دا بۆ دابەشكردنی كورسییەكان، سەرەتا لیستێك دروستدەكرێت و لەستوونی یەكەمدا ناوی قەوارە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن دەنووسرێت و لەستوونی دووەمدا دەنگی بەدەستهاتووی هەر قەوارەیەك بەرامبەر ناوەكانیان دەنووسرێت و دواتر لەستوونەكانی دیكەدا، بە ریز دەنگەكان دابەشی ژمارەی تاكەكانی لیستی هەڵبژاردن كە (١.٧)ە دەكرێت و پاشان لەستوونی یەكەمەوە دەست

دەكرێت بەدابەشكردنی كورسییەكان و یەكەم كورسی دەدرێت بە گەورەترین ژمارە، دووەم كورسیش بۆ دووەم گەورەترین ژمارەی ناو دەبێت، بەو شێوە كورسییەكان دەدرێتە ژمارە گەورەكان تا كۆتا كورسی.
بەڵام لەسیستەمی «فرەبازنەیی»دا كە رەوتی سەدرو بەشێكی زۆری هێزە مەدەنی و تشرینییەكان و ئۆپۆزسیۆنەكانی دیكە پشتگیری دەكەن بریتییە لەدابەشكردنی هەر پارێزگایەك بەسەر ژمارەیەك بازنەداو ئەو سیستەمەیش لەهەڵبژاردنەكانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران ساڵی ٢٠٢١ جێبەجێ كرا كەعێراق بەسەر ٨٣ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكرابوو.
ئەحمەد فەواز پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی و ئیدارەی دەوڵەت رایدەگەیەنێت رێككەوتنێك لەنێوان لایەنەكانی ناو هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت (كەیەكێتی و پارتی و سوننەكایشی تیادایە) لەئارادایە بۆ تێپەڕاندنی یاساكەو كوردەكان و سوننەكان پشتگیری تەواوەتیمان دەكەن، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەشدەكات لەدانیشتەكانی پەرلەماندا بۆ یەكلاكردنەوەی یاساكە پەنادەبرێتە بەر یەكێك لەم دوو بژاردەیە، یان ئەوەتا سانت لیگۆ 1.9 پەسەنددەكرێت یاخود سانت لیگۆی 1.7 پەسەند دەكرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت.
عەلی بەیدەر چاودێری سیاسی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕوای وایە لەمساڵدا هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئەنجامنادرێت و دەكەوێتە سەرەتاكانی ساڵی داهاتوو، دەشڵێت لەماوەكانی داهاتوودا یاسای بودجە لەدیمەنی سیاسی پەرلەمانیدا باڵادەست دەبێت و ماوەیەكی زۆر دەخایەنێت.
دەربارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانیش، عەلی بەیدەر دەڵێت بەرژەوەندی كوتلە سیاسییە گەورەكان ئەوەیە یاساكە بەسیستەمی سانت لیگۆی 1.7 یان 1.9 پەسەندبكرێت، چونكە زیاتر بەرژەوەندی خۆیانی تیادایەو گروپ و حزبە بچووكەكان دووردەخاتەوە، بەڵام ئەم خواستە دژی خواستی سەدرییەكان و زۆرینەی هێزو لایەنە مەدەنی و ئۆپۆزسیۆنەكان و خەڵكییە. جەختیش لەوەدەكاتەوە تاوەكو رێژەی سیستەمی سانت لیگۆ كەمتر بكرێتەوە بۆ 1.5، 1.3، 1.1 ئەوا تاڕادەیەك دادپەروەری درووستدەكات و هەلی ئەوە دەڕەخسێنێت كە هێزە بچووك و كەسایەتییە بێلایەنەكان بێنە ناو پرۆسەی سیاسییەوە.
دەنگدان لەسەر هەمواری پرۆژەی یاساكە لەكاتێكدایە پێكهاتەیەكی سیاسی گرنگی عێراق كەئەویش رەوتی سەدرە دژی ئەوەیە دەستكاری بەشێكی گرنگی یاساكە بكرێت كەئەویش گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنە لەفرەبازنەییەوە بۆ یەك بازنەیی و هەرچەندە هێشتا دەنگ لەسەر ئەو بڕگانە نەدراوە، بەڵام بەبڕوای چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق لەحاڵەتی دەنگدان لەسەر ئەو پێشنیارە سەدرییەكان بێدەنگ دانانیشن و دووبارە دەڕژێنەوە سەر شەقامەكان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار