رێككەوتنی سعودیەو ئێران .. رێككەوتنێك لەبەرژەوەندیی ئەمریكا

2 ساڵ لەمەوپێش



رێككەوتنی سعودیەو ئێران ..
رێككەوتنێك لەبەرژەوەندیی ئەمریكا
نووسینی: مایكل مەكفۆڵ و عەباس میلانی تووێژەرانی زانكۆی ستانفۆرد
وەرگێڕانی: هاوڵاتى
 
رێككەوتنی چین و سعودیەو ئێران چۆن دەتوانێت خزمەت بەبەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكات؟ پەكین و مۆسكۆو رەخنەگرانی سیاسەتەكانی ئیدارەی بایدن لەواشنتۆن ئەم رێككەوتنە بەپاشەكشەیەك بۆ كاریگەری و پێگەی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان دەزانن.
بەڵام ئەگەر كەمێك قووڵتر سەیر بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە نەك تەنها ئاسمانی سەر واشنتۆن وێران نەبووە؛  بەپێچەوانەوە كاریگەرییە ئەرێنییەكانی ئەم رێككەوتنە بۆ واشنتۆن لەكورتخایەن و درێژخایەندا زیاترە لەدەرئەنجامە نەرێنییەكانی.
كاتێك كەكۆی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لەبەرچاو دەگرین، ئەم رێككەوتنە یارمەتیدەرە بۆ پێشخستنی چەند ئامانجێكی ئەمنی ئەمریكا لەناوچەكەداو تەنانەت لەدرێژخایەندا دەتوانێت بێزاركەر بێت بۆ ئامانجەكانی چین.
خاڵی یەكەم و گرنگتر ئەوەیە كەدەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی تاران و ریاز دەتوانێت ئاگربەست لەیەمەن بەهێزتر بكات. تائێران رازی نەبوو پاڵپشتی حوسییەكان و هێرشەكانیان بۆ سەر سعودیە رابگرێت، ریاز رازی نەبوو پەیوەندییەكانی لەگەڵ تاران دەستپێبكاتەوە.
ئەمە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاو بۆ یەمەن و دیموكراتەكانی ئێران باشە.  ئەمریكا دەیەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستێكی سەقامگیرتر بێت و رێككەوتنە نوێیەكە هەنگاوێكی ئەرێنییە بەو ئاراستەیە.
بێگومان نابێت كەس ئەو وەهمەی هەبێت كەدەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، كۆتایی بەهەموو ململانێكانی ئێران و سعودیە دەهێنێت.  ئەم رێككەوتنە هەنگاوێكی ئەرێنی و پێویستە؛  بەڵام هەنگاوێكی بچووكیشە كەدەتوانرێت بەئاسانی تێپەڕێنرێت. بەڵام پەیوەندییەكی باشترو زیاتر لەنێوان تاران و ریاز دەتوانێت پێش بەململانێی گەورەتر بگرێت و ئەمەش لەبەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریكایە.
دووەم: پێویستە بزانرێت ئایا سوودەكانی ئەم رێككەوتنە بۆ ئێران دەگۆڕێت بۆ دەستكەوتی درێژخایەن یان نا؟  تائێستاش ئێران و خواستە ئەتۆمییەكانی وەك هەڕەشەیەكی ئەمنی سەیردەكرێن و رێككەوتنی ئەم دواییە هیچ گۆڕانكارییەك لەم دۆخە ناكات.
ئاستی بێمتمانەیی نێوان سعودیەو ئێران هێشتا بەرزە.  ئەگەر ئەم رێككەوتنە لەیەكتر بكەوێت، ئەگەری ئەوە زیاترە كەئێران تاوانبار بكرێت، تەنانەت لەلایەن چینیشەوە.
سێیەم: تێڕوانینێكی هەڵەیە ئەگەر ئەم رێككەوتنە بەزیانێكی درێژخایەن بۆ دیپلۆماسیەتی ئەمریكا بزانین. ئەمریكا نابێت هەوڵی سنوورداركردنی دەسەڵاتی چین لەهیچ بوارێكدا لەهەر شوێنێكی جیهان بدات، پێویستیش ناكات ئەم كارە بكرێت.
ئەمە ئەو هەڵەیە بوو كەواشنتۆن لەكاتی شەڕی سارد دژی یەكێتی سۆڤیەت كردی و لەتاڵاوەكانی وەك جەنگی ڤێتنام و پشتیوانیكردنی یاخیبووانی ئەنگۆلادا گیریخوارد.
ئاخر ئەمریكا ئیتر سەرچاوەی پێویستی بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتی رێگریكردن لەهەموو جیهاندا نییە.  بەڵكو پێویستە روو لەڕێگری هەڵبژێردراوی چین بكات.
رێككەوتنی سعودیەو ئێران یەكێكە لەو نموونانەی كەواشنتۆن پێویست ناكات وزەی خۆی بۆ لاوازكردن خەرج بكات.  لەهەندێك كاتدا دیپلۆماسی چینی لانیكەم دەتوانێت تەواوكەری بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بێت و ئەم رێككەوتنە نموونەی ئەوەشە.
سەرۆكی چین ئێستا هاوبەشێكە لەشانی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاشتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەمە كارێكی ئاسان نییە؛ وەك چۆن ئەمریكاش لەماوەی دەیان ساڵدا دركی بەم راستییە كردووە.
رێككەوتنی نوێ دەتوانێت بەئاسانی شكست بهێنێت. بەیاننامە هاوبەشەكەی پەكین هیچ شتێكی روون باس لەوەناكات كە لایەنەكانی رێككەوتنەكە چۆن كاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بەپێشێلكارییەكانی یان هەڵسوكەوتی پێچەوانە.  دیپلۆماتكارانی چینی چۆن كاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بەپێكدادانی سەربازی نێوان هێزەكانی سعودیەو هێزەكانی سەر بەئێران لەیەمەن یان بەرامبەر بەهێرشێكی تیرۆریستی لەیەكێك لەو دوو وڵاتە كەپەنجەی تاوانباركردن بۆ لایەنی بەرامبەر رابكێشێت؟ یان رێوشوێنە نوێیەكانی ئیسرائیل بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران چیە؟
ئەگەر بەناچاری جارێكی تر گرژییەكانی نێوان ئێران و سعودیە هەڵگیرسێنەوە، ئایا چین دەتوانێت بەزۆر پێشكەوتنێكی دیپلۆماسی بكات بەبێ ئەوەی خۆی بخزێنێتە ناو سیاسەتی ئاڵۆزی ناوچەكەوە؟ لەم قومارە مەترسیدارەدا، هەر سازشێك لەلایەن پەكینەوە سنوورەكانی وەك زلهێزێكی گەورە ئاشكرا دەكات.
چوارەم: نابێت زیادەڕەوی لەدەرئەنجامە نەرێنییەكانی ئەم رێككەوتنە بكەین بۆ پەیوەندییەكانی ئەمریكاو سعودیە.  سعودییەكان بۆ ساڵانی داهاتوو، ئەگەر دەیان ساڵ نەبێت، بەردەوام دەبن لەپشتبەستن بەئەمریكا بۆ ئاسایشی خۆیان؛  لەهەمان كاتدا بەقووڵی لەگەڵ ئابووری ئەمریكادا تێكەڵ بوون.
لەمانگی ئازاردا سعودییەكان یەكێك لەگەورەترین داواكارییەكانی بۆینگیان بەخشییە كۆمپانیای بۆینگ كە تائێستا بۆ فڕۆكە دروستكراون، كە كۆشكی سپی بەگەوهەر وەسفی كردووە.  هەروەها سعودییەكان پێویستیان بەئەمریكایە بۆ باشتركردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار