هەرێم داوا لە حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکات چەک دانێن

یەک ساڵ لەمەوپێش



وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان كردووەو داوایانكردووە كەبنكەو بارەگاكانیان لەچەك دابماڵرێن و بچنە چەند كەمپێكی نوێ لەسنوری پارێزگای موسڵ.

فشارەكانی ئێران بۆ دوورخستنەوەو دەركردنی پارتەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێكردن و رۆژنامەی هاوڵاتی ئاشكرای دەكات پارتەكانی رۆژهەڵات سەرجەم داواكارییەكانی ئێرانیان كە لەڕێگەی شاندێكی هەرێمەوە پێوتراوە رەتكردووەتەوە.

یەكێك لەئامانجە سەرەكییەكانی گەشتەكەی عەلی شەمخانی نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی كەهاوكات ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێرانە بۆ بەغداد جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا دوورخستنەوەو چەككردنی پارتەكانی رۆژهەڵات بووە.

ئەو پارتانە كەنزیكەی 38 ساڵە لەهەرێمی كوردستان جێگیربوون و لەئێستادا ژمارەیەكیان لەچوارچێوەی ناوەندی هاوكاریی حزبەكانی كوردستانی ئێران هەماهەنگیی سەربازیی و سیاسییان هەیە داوایان لێكراوە هێزی سەربازیی لەبنكەو بارەگاكانیان نەمێنێت و هاوشێوەی كامپێكی پەنابەران ئەو بارەگایانە بخرێنە ژێر چاودێریی نەتەوەیەكگرتووەكان..

رۆژنامەی هاوڵاتی لەچەند سەرچاوەیەكی تایبەتەوە ئەو زانیاریانەی دەستكەوتووە، كەشاندێكی هەرێمی كوردستان سەردانی ناوەندی هاوكاری كردووەو پەیامی حكومەتی بەغدادی گەیاندووەتە ناوەندی هاوكاریی و پێانڕاگەیەنراوە كەحكومەتی عێراق داوای كردووە بنكەو بارەگاكان و ئەندامانی ئەو پارتانە لەچەك داماڵرێن و رەوانەی چەند كامپێك لەسنوری پارێزگای موسڵ بكرێن.

ئەو شاندە جەختیان لەوە كردووەتەوە داواكارییەكان لەسەر خواستی ئێران و لەچوارچێوی رێككەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغدادەو ئەگەری هەیە ئەو داواكارییانە ئەگەر تاماوەیەكی دیاریكراو جێبەجێ نەكرێن ئەوا حكومەتی عێراق راستەوخۆ دەستوەردان بكات و دوور نییە بەزەبری هێز بنكەو بارەگاكانی پارتەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان چۆڵ نەكات.

بەرپرسێكی ناوەندی هاوكاریی كەنەیویست ناوی ئاشكرابكرێت لەگەڵ پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكانی هاوڵاتی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كۆكن لەسەر ئەوەی پابەندی داواكارییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران نابن كەدەیەوێت لەڕێگەی حكومەتی عێراقەوە بیسەپێنن.

ئەو بەرپرسە جەختی كردەوە: كەئەگەر پێداگریی و فشارەكانی حكومەتی عێراق بۆ سەر پارتەكانیان زیادبكات و ناچاربكرێن بەچۆڵكردنی بنكەو بارەگاكانیان لەزڕگوێزو كۆیە ئەوا بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری خەباتی چەكداریی نابن و رێگەی شاخ و سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگرن و لەو ناوچانە جێگیر دەبن.

شەمخانی لەگەشتەكەی (19/3/2023) بۆ بەغداد بەیاوەریی شاندێكی باڵای ئابوریی و ئەمنیی لەگەڵ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كۆبووەتەوەو سەرەڕای واژۆكردنی رێككەوتنێكی ئەمنیی سەبارەت چەككردن و رادەستكردنی ئەندامانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، پێشنیاری كردووە ئاسانكاریی بكرێت بۆ بازرگانیی و مامەڵەی ئابوریی نێوان عێراق و ئێران بەدراوی درهەمی ئیماراتی بكرێت و تەنانەت قەرزەكانی عێراق بەدرهەم رادەستی ئێران بكرێنەوە.

 

روحی قاسم سولەیمانی لەعێراق

عەلی شەمخانیی كە بە قاسم سولەیمانییەكەی خامنەیی ناودەهێنرێت ئەگەرچی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێرانە، بەڵام لەئاستی باڵاترین بەرپرسی دیپلۆماسی كۆماری ئیسلامی هەنگاو دەنێت و تەنات یەكلاكردنەوەی رێككەوتنی نێوان تاران و ریاز دوای حەوت ساڵ لەپچڕانی پەیوەندییەكان و گرژیی و ناكۆكییەكان بە شەمخانی سپێردرا.

دەوترێت عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی راستەوخۆ گرێكوێرەكانی پەیوەندییە سیاسیی و ئەمنیی و سەربازییەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێی داوەتە دەست شەمخانی و بەوەش رۆڵی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سوپای قودس دەگێڕێت كەساڵی 2020 بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەفڕۆكەخانەی بەغدا بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان كوژرا.

شەمخانی تەنها كەسی سەربازیی ئێرانە كەپلەی دەریاوانی هەیەو لە رووی سەربازییەوە فەرماندەیی دەیان شەڕی لەسەردەمی جەنگی ئێران و عێراق گێڕاوەو تەنها كەسێكیشە كە لەماوەی 40 ساڵدا هیچ كاتێك پەراوێز نەخراوەو باڵی ریفۆرمخوازو محافزكاری كۆماری ئیسلامی بەبەردەوامی لەپۆستە هەستیارەكاندا پشتیان پێبەستووە.

ئەو كەئێستا نوێنەری عەلی خامنەیی و ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشە جموجۆڵەكانی بەشێوەیكی بەرچاو زیادی كردووەو بەجۆرێك وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە لەماوەی دوو هەفتەدا بەقەدەر شەمخانی گەشتی بۆ چین و عێراق و ئیمارات  وڵاتانی دیكە نەكردووەو بەزمانێكی دیكە شەمخانی وەزیری دەرەوەی ناو بازنەی سیاسەتی دیپلۆماسیی خامنەیی وەك لوتكەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامییە.

شەمخانی پێشتر لەڕێككەوتی (10/8/2021) دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، رایگەیاند تاران بەرپرسانی بەغدادو هەولێری لەجموجۆڵی نەیارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان و ناوچە سنورییەكان ئاگاداركردووەتەوەو ئەگەر بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێم دەرنەكەن ئەوا سوپای پاسداران كاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەو حزبانە دەبێت.

 

داوای چەكداماڵینی پارتەكانی رۆژهەڵات

كۆماری ئیسلامی ئێران نزیكەی شەش مانگە بەبەردەوامی جاڕی ئەوە دەدات كەدەبێت پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم چەك بكرێن و ئەندامانی ئەو پارتانە كەداواكراون، رادەستی ئێران  بكرێنەوە و لەدوایین پێشهاتیشدا ئەو داواكارییە لەسەر زاری شەمخانی بەواژۆكردنی رێككەوتنێك لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمیانیی عێراق دووبارە كرایەوە.

پێش مانگێك لەگەشتەكەی شەمخانی بۆ بەغداد ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەتاران رایگەیاند؛ دانوستان و كۆبوونەوەكان لەئاستی باڵای ئەمنیی و ئاسایشیدا، پێكهێنانی دەستەیەكی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراقی لێكەوتووەتەوە بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگریی دوو وڵاتەكە.

كەنعانی وتیشی: پارێزگاریی لەیەكپارچەیی سنوری عێراق دەكەن و جەخت لەوەدەكەنەوە كەخاكی ئەو وڵاتە نابێت بەهیچ شێوەیەك ببێتە هەڕەشەو مەترسیی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی و حكومەتی بەغداد بەپرسیارە لەپاراستنی سنورەكانی خۆی لەگەڵ ئێران و لە «دیداری رابردووی حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد جەخت لەوەكراوەتەوە كەچەكدارانی نەیاری كۆماری ئیسلامی (پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان) لەچەك دابماڵرێن و رادەستی ئێران بكرێن».

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەكردووەتەوە كەكۆماری ئیسلامی پەیوەندیی دۆستانەو برایانەی لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد هەیەو چاوەڕێی ئەوەیان لێدەكەن لە رووی ئەمنییەوە هاوكاری وڵاتەكە بن و لەخاكی عێراقەوە مەترسیی بۆ ئێران دروستنەكرێت، چونكە بۆ پشتیوانیی لەهاووڵاتیانی خۆیان وڵاتەكەیان پاشەكشێ بۆ كەس ناكات.

تاران و حزبەكانی رۆژهەڵات

لەدوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، سوپای پاسداران لانیكەم چوار جار بەدرۆنی خۆكوژو موشەك و تۆپخانەكانی بنكەكانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی لەهەڵگوردو برادۆست تادەگاتە بارەگاكانی ئەو پارتانە لەكۆیەو زڕگوێز كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە 21 كەس كوژران و نزیكەی 90 كەسیش برینداربوون.

ئێران بەپشتبەستن بەماددەی 51ی جاڕنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان هێرشەكانی ئەنجامدەدات و بەپێی ئەو ماددەیە هەر حكومەتێك مافی وەڵامدانەوەی هەیە كەهێرشی سەربازیی بكرێتەسەر لەكاتێكدا پارتەكانی رۆژهەڵات هیچ هێرشێكی سەربازییان لەهەرێمی كوردستانەوە دژی سەروەریی خاكی ئێران ئەنجامنەداوە.

محەمەد پاكپور، فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس رایگەیاند؛ دوای هێرشەكانی (28/9/2022)ی سوپای پاسداران بۆ سەر پارتەكانی رۆژهەڵات، هۆشدارییان داوەتە حكومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بۆ چەككردن و دوورخستنەوەی چەكدارانی نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام ئەو پارتانە وەك خۆیان ماونەوەتەوەو ئەوەش هۆكاری دووبارەبوونەوەی هێرشەكانی سوپای پاسداران بووە.

ساڵی 1984 دوای فشارەكانی كۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران، هێزەكانی ئەو پارتانە بەتەواوەتی لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دابڕان و روویان لەناوچەكانی سەفرە، زەرون، گەڵاڵە، مەعلومەو چەند ناوچەیەكی دیكەی باشوری كوردستان كردو دوای ساڵانێك مانەوە لەو شوێنانەو دوای راپەڕینی ساڵی 1991 هێزەكانی سەر بەحزبی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵەو خەباتی ئیسلامی بەتەواوەتی لەچەند بارەگاو ئۆردوگایەك لەكۆیەو زڕگوێز جێگیركران و لەسەر داواو رێنمایی بەرپرسانی هەرێم زۆربەی چالاكی و جموجۆڵە سەربازییەكانی خۆیان لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران راگرت.

ئەو پارتانە كەبانگەشەی پێداگریی لەدۆسیەی رەوای گەلی كورد لەڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن رەتیدەكەنەوە دژی كۆماری ئیسلامی دەستبەرداری خەباتی چەكداریی ببن و ئەگەر ناچاربكرێن ئەوا بنكەو بارەگاكانیان بەرەو سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەگوازنەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار