كاركردن لەپڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی پەكی دەكەوێت

«بڕیاردراوە زەوییە نایابەكانی سلێمانی بۆ پرۆژەكە بفرۆشرێن»

12 مانگ لەمەوپێش



شەنای فاتح

لەو 400 ملیار دینارەی لەساڵی 2020 بۆ پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی 100 مەتری) سلێمانی بڕیاری لێدرا تائێستا تەنها 35 ملیار دیناری خەرجكراوە، پرۆژەكە نیوەی تەواوكراوە بەڵام لەئێستادا كاركردن تیایدا ئەوەندە بەخاوی بەڕێوەدەچێت وەك ئەوە وایە وەستابێت، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە كەچەند زەوییەكی نایاب لەسلێمانیدا بفرۆشرێت و پارەی تەواوبوونی شەقامی سەد مەتری پێ دابینبكرێت.

پرۆژەی ئۆتۆبانی بابان (شەقامی سەد مەتری) سلێمانی، شارەوانی سلێمانی سەرپەرشتی دەكات و لە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٠ بڕیاردرا بڕی  ٤٠٠ ملیار دینار تەرخانبكرێت و  وادەی تەواوبوونیشی مانگی هەشتی ئەمساڵە، بەڵام تائێستا نیوەی پڕۆژەكە تەواوبووە و تەنها ٣٥ ملیاری بۆ خەجكراوە.

سەبارەت بەكێشەو گیروگرفتەكانی پڕۆژەكە، رۆژنامەی هاوڵاتی پەیوەندی كرد بەكۆمپانیای قەیوان كەلایەنی جێبەجێكاری پڕۆژەكەیە، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدەن، هاوكات سەرچاوەیەك لەشارەوانی سلێمانی كەنەیویست ناوەكەی ئاشكرابكرێت بەڕۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاند:»كاركردن لەشەقامی سەد مەتری سلێمانی خاو بووەتەوەو شایستە داراییەكانی بەكاش بۆ خەرجناكرێت، لەبەرئەوەی لەبانكەكاندا پارەی كاش نییەو وادەی تەواوبوونی شەقامەكەش پەیوەستە بەدابینكردنی پارەوە، تازووتر پارەی بۆ دابینبكرێت زووتر تەواو دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:» سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە كەزەوی نایاب لەسلێمانیدا بفرۆشرێت و پارەی تەواوبوونی شەقامی سەد مەتری پێ دابینبكرێت، لەئێستدا شارەوانی سلێمانی خەریكی فرۆشتنی زەوییەكانە بەتایبەت زەوییەكانی نزیك لەشەقامی سەد مەتری  تائەو بڕە پارەیە  پەیدابكرێت كە بۆ تەواوبوونی شەقامی ١٠٠مەتری سلێمانی پێویستە».

رەمەزان نامیق، سەرۆكی لیژنەی پلان و پرۆژەكان لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكدا بەڕۆژنامەی هاوڵاتی وت:» ئەو پڕۆژەیە زۆر دواكەوتووە، هۆكارەكەشی بریتییە لەنەبوونی پارەی پێویست و بودجە، دەڵێن قەیرانی داراییە، بەڵام ئەوە راست نییەو بەپێی زانیارییەكانی ئێمە زیاتر لە ٢٠ كیلۆمەتر ئامادەیە بۆ قیركردن، بەڵام پارە نییە قیرەكەی پێبكرێت، وادەی تەواوبوونی پرۆژەكەش پەیوەندیدارە بەدابینكردنی بودجەوە، بەپێی پێشبینییەكان حكومەت بەم میكانیزمە بڕیار بدات پڕۆژەكە تەواوببێت بەدڵنیایەوە كاتەكەی خۆی تەواودەبێت و پڕۆژەكە هەر لەشوێنی خۆیدا دەبێت».

  وتیشی:»ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێكی دەركردووەو دەسەڵاتی داوەتە شارەوانی سلێمانی كەزەوییە نایابەكانی شار بفرۆشرێن و داهاتەكەی خەرجبكرێت بۆ شەقامی ١٠٠ مەتری  پێموابێت شارەوانی سلێمانی لەسەروبەندی ئەو بڕیارەدایە كە چۆن جێبەجێی بكەن بەڵام میكانیزمەكەی تائێستا لای ئێمە دیارنییە كە كام زەویانە دەفرۆشن و چۆنی دەفرۆشن».

«بەداخەوە ئێمە حكومەتێكی دڵسۆزمان نییەو حكومەتێكی دووبەشەو بەشی ئەولا خۆیان بەخاوەنی ئێرە نازانن یان دڵسۆزی بەرامبەر ئەملا نانوێنن و پێویستبوو پڕۆژەیەكی ستراتیژی ئاوا سەرۆكی حكومەت خۆی بهاتایەتە سەرخەت و بودجەی بۆ دابین بكردایە.»

نزیكەی هەزار پڕۆژەی تەواونەكراوو وەستاو لەسنووری پارێزگای سلێمانیدا هەیەو شەقامی ١٠٠ مەتریش یەكێكە لەو پڕۆژە ستراتیژیانەو بریتیە لەدروستكردنی رێگایەكی خێرا كە لەشارۆچكەی تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تاوەكو دەگاتە گوندی دەمركان لەشەقامی عەربەت - سلێمانی كۆتایی دێت بەدرێژی (٣٤) كم و ئەم بەشانە لەخۆدەگرێت:

١- چوار سایدی هاتن و رۆشتن كە پانی سایدی سەرەكی ( ٢١ )م و سایدی خزمەتگوزاری ( ١٠ )م كە دووسایدیان بۆ رۆشتن و دوانیان بۆ هاتن بەكاردەهێندرێت، سایدە سەرەكیەكان بەردەوامن و سایدە خزمەتگوزاریەكان یەكتربڕەكان و سایدە سەرەكیەكان بەیەك دەبەستێتەوە بۆ چونەدەرەوەو هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبیل.

٢- سایدی سەرەكی پێكدێت لە (٤) چوار لاین بۆ رۆشتنی ئۆتۆمبیل و لاینێك بە پانی(٣ م) بۆ وەستانی ئۆتۆمبیل بۆ هەر پێداویستیەك، لەلای جەزرە ناوەند لاینێك هەیە بەپانی (٣م) بۆ وەستانی كتوپڕ بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە كێشەیان دەبێت و لەسایدی خێرا لێدەخوڕن.

٣- رێگاكە لەناوەڕاستدا جەزرەیەكی ناوەندی هەیە بە پانی ( ١٢م ) و لەنێوان سایدی سەرەكی و خزمەتگوزاری جەزرەیەكی ناوەندی بە پانی ( ٧م ) هەیە بۆ سەوزكردن و دانانی تۆڕی ئاوەڕۆ، تۆڕی رووناكی و ئاودان بەكاردەهێندرێت هەروەها بە بەربەستی كۆنكرێتی یان گادرێل جیادەكرێتەوە بۆ  پاراستنی سەلامەتی ئۆتۆمبیلەكان.

٤- حەوت یەكتربڕین و ئاستی تێدایە كەسیانیان لەجۆری (كلۆڤەر لەیڤ) و چواریان لەجۆری (تایت دیامۆند)ئۆتۆمبێلەكان تەنها لەم یەكتربڕینەدا دەتوانن ئاڕاستە بگۆڕن یان پێچبكەنەوە یان بچنە دەرەوەی رێگا یان بێنە ناوەوە.

 ٥- ئەم بەشەی كەئێستا جێبەجێدەكرێت بە ( ٥ ) شەقامی ( ٣٠ , ٦٠ )م دەبەسترێتەوە بەشەقامەكانی ( تاسلوجە – سلێمانی ، بازنەی مەلیك محمود ، ڕێگای سلێمانی – عەربەت ) لەڕێگای ئەو یەكتربڕانەی كە دروستدەكرێت لەم پڕۆژەیەدا.

٦- لەم پرۆژەیەدا بڕیاردراوە كە (٤) لەو شەقامانەی كە لەخاڵی (٥) ئاماژەی پێدراوە جێبەجێ بكرێن بۆ ئەوەی سودی زیاتر لەم شەقامە ببینرێت.

٧-  بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان و جوتیاران لەو رێگا لاوەكیانەی كەپێشتر هەبوون (٥) پێنج ئەندەرپاس دروستدەكرێت بۆ هاتووچۆیان لەو شوێنانەی كە هەبووە چونكە ناتوانن شەقامەكە راستەوخۆ ببڕن.

٨- (٧٠) ئاوبارەی كۆنكرێتی كە درێژی هەریەكەیان زیاتر لە (١٣٣) مەترە تایبەت بەپەڕینەوەی ئاوی باراناو بەشێوەی جۆراوجۆر واتە (یەك چاو تا شەش چاو) كە بەدیزاینێكی تایبەت قەبارەكانیان دیاریكراوە جێبەجێدەكرێت.

٩- پردێك لەسەر چەمی تانجەرۆ دروستدەكرێت كە پێكدێت لە (٤) پرد كە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی كوردستان كە پانییەكەیان(١٠٠)مەترە واتە هەر سایدێك پردی تایبەتی خۆی هەیە بەدرێژایی  (450 – 500م)  دەبێت كە نزیكەی (٢٠) ملیۆن دۆلاری تێدەچێت.

١٠-  هەموو پێداویستیەكی خەت كێشان و تابلۆی هاتووچۆ و بەهەموو جۆرەكانیەوە لەڕێگاكەو یەكتربڕەكانی تێدایە.

١١- تۆڕێكی رووناكی مۆدێرنی تێدایە بۆ رووناككردنەوەی رێگاكان و یەكتربڕەكان و ئەندەرپاسەكان لەسەر نوێترین رێنمایی وەزارەتی كارەبا.

١٢- بۆرییەكی ئاوی سەرەكی تێدایە كە ئاو لەبۆری هێڵی سەرەكی دوكان تاوەكو نزیك دەمركان دەگوازرێتەوە بە بۆری جۆراوجۆر كەئاو دەگەیەنێتە باشوری شاری سلێمانی.

١٣- بۆ پاراستنی ئۆتۆمبیلەكان لەڕووداوی نەخوازراو چونكە خێرایی رێگاكە تاوەكو ( ١٢٠ كیلۆمەترە لەكاتژمێرێكدا ) لەهەردوو لای ڕێگاكە بەدووری (٥٠ م ) لەناوەڕاستی رێگاكەوە سیاجێك درووستدەكرێت بۆ پاراستنی رێگاكە لەچوونەژورەوەی هاووڵاتیان و گیانلەبەران بۆ ناو رێگاكەو ڕودانی رووداوی نەخوازراو.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار