شەڕی درۆن‌و مووشەكی ئێران‌و ئەمریكا لەڕۆژئاواو سوریا

هەسەدە: لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمەوە هێرش دەكرێت

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

فەرماندەیی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)  رایگەیاند: لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریاوە هێرش دەكرێتەسەر خەڵكی مەدەنی و قوربانی هەیە، هاوكات لەچەند رۆژی رابردوودا دوای هێرشەكانی سەر بنكەیەكی سەربازی هاوبەشی هەسەدەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەدەوروبەری پارێزگای حەسەكە، ئەمریكا وەك وەڵامدانەوەیەك هێرشی كردەسەر ئەو گروپانەی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانن لەڕۆژهەڵاتی سوریاو 19 چەكدار كوژران، ئەوە لەكاتێكدایە فەرماندەیەكی باڵای لەسوپای  پاسدارانی ئێران دەڵێت: تاران هیچ فەرمانێكی نەداوە بۆ هێرشكردنەسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی سوریا.

رۆژی ٢٢ی ئازار، سەرچاوەیەك لەوەزارەتی دەرەوەی روسیا بەمیدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاند، ئیسرائیل بەموشەك هێرشی كردووەتەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب و فڕۆكەخانەی سەربازی نەیرەب.

هەرچەندە، ئەو سەرچاوەیە ئاشكرای نەكرد كەئایا جگە لەزیانی ماددی هیچ سەربازێكی سوریا، یاخود میلیشیاكانی سەر بەئێران كوژراون یان نا، بەڵام هەندێك رێكخراوی نێودەوڵەتی ئاماژەیان بەوەكرد كەئەگەری هەیە لەهێرشەكەدا كوژراوو برینداریش هەبن.

 

واشنتۆن: ئێران هێرشی كردووە

رۆژێك دوای هێرشەكەی ئیسرائیل، بنكەیەكی سەربازی هاوبەشی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە)و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەدەوروبەری پارێزگای حەسەكە بەدرۆن كرایەوە ئامانج. وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لەڕاگەیەندراوێكدا، ئاماژەی بەوەكرد كەدرۆنەكە ئێرانییەو بەهۆی هێرشەكەوە كارمەندێكی ئەمریكی گیانی لەدەستداوەو كارمەندێك و پێنج سەربازی ئەمریكیش برینداربوون.

لەڕاگەیەندراوەكەی پنتاگۆندا باسی قسەكانی لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریكا كراوە كەدەڵێت، “لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، هێرشێكی ورد لەڕۆژهەڵاتی سوریا لەدژی ئەو بنكانە ئەنجامدراون كە لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەكارهاتوون كەسەر بەسوپای پاسدارانی ئێرانن».

لوید ئۆستن رایگەیاند: هێزەكانیان زنجیرەیەك هێرشیان ئەنجامداوە وەك وەڵامێك بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و هەموو رێكارێك دەگرنەبەر بۆ بەرگریكردن و پاراستنی گەلەكەمان و وتیشی: بەشێك لەبریندارەكانیان رەوانەی عێراق كراون و چارەسەریان بۆ دەكرێت.

لەلایەكی دیكەوە، جۆن كێربی رێكخەری پەیوەندییە ستراتیژییەكانی كۆشكی سپی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی «سی ئێن ئێن» رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆكی وڵاتەكەی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەك بەرپرسیاری هێرشەكەی حەسەكە دەزانێت و وتی: جۆ بایدن زۆر بەخێرایی فەرمانی كردووە كەوەڵامی هێرشەكان بدەنەوە.

دوای وەڵامە خێراكەی ئەمریكا بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی، میلیشیاكانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران لەدەوروبەری دێرەزۆرو هەندێك ناوچەی باشوری رووباری فورات، جارێكی دیكە بارەگاكانی هاوپەیمانان كرانە ئامانج. جۆن كێربی پشتڕاستی كردەوە كە بەدوو مووشەك جارێكی دیكە، هێرش كراوەتەسەر بارەگای هێزەكانیان لەباكوری رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتووەتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە رۆژنامەی (الجریدە)ی كوەیتی لەزاری سەركردەیەكی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویكردەوە: كەئێران هیچ فەرمانێكی نەداوە بۆ هێرشكردنەسەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لەڕۆژهەڵاتی سوریا، كە بەهۆیەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژراو  پێشهاتە ئەمنییەكان لەو ناوچەیە بۆ ئێران كتوپڕ بووەو هەینی رابردوو تاران پەیامێكی بەپەلەی ناردووە بۆ واشنتۆن و تیایدا بێبەریبوونی خۆی لەهێرشەكردنەسەر بنكە سەربازیەكەی ئەمریكا دەربڕیوە.

 

هەسەدە: هێرش دەكرێتەسەر خەڵكی مەدەنی

لەو بارەیەوە، فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، دوای گرژییەكانی ناوچەكە كەسەرەتا بەدرۆنێك هێرشكرایەسەر بارەگای هاوبەشی هێزەكانیان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەحەسەكە، گوندەكانی ناوچەی زیبانی سەر بەڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر موشەكباران كراون و موشەكەكانیش لەو ناوچانەوە هاوێژراون كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سەر بەڕژێمی سوریان. بەهۆی هێرشەكانیشەوە، ژنێك و كچەكەی برینداربوون.

هەسەدە سەرەخۆشی لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرد بەهۆی گیانلەدەستدانی كارمەندێكی ئەمریكی، رایگەیاند: « ئێمە ئەم جۆرە هێرشانەو بەتایبەت هێرشكردنەسەر خەڵكی مەدەنی ئیدانە دەكەین و رایدەگەیەنین كەگرژییەكان ئاڵنگاری بۆ شەڕی دژی داعشدا دروستدەكات كەئێمە سوورین لەسەر ئۆپراسیۆنەكانمان لەدژی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە.

دوابەدوای راگەیەندراوەكەی هەسەدە، چەند چەكدارێكی نەناسراو، لەڕۆژئاوای شاری دێرەزۆر هێرشیان كردەسەر كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی شەڕڤانانی هەسەدە. سەرچاوەیەكی سەربازی بەئاژانسی «نۆرس پرێس»ی راگەیاند، هێرشەكە لەشارۆچكەی حەوایج ئەنجامدراوەو بەو هۆیەوە دوو شەڕڤان برینداربوون كەبرینی شەڕڤانێكیان سەختە.

 

كوژراوانی ئێران لەسوریا

مەرسەدی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤیش لەبارەی ئاماری شەڕو گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانان و میلیشیاكانی سەر بەسوپای پاسدارانی ئێران دوو راگەیەندراوی بڵاوكردەوە. مەرسەدی سوری دەڵێت، بەگشتی لەهێرشەكانی ئەمریكا ١٩ چەكداری سەر بەئێران كوژراون و هەورەها كارمەندێكی ئەمریكی كوژراوەو شەش ئەمریكیش برینداربوون.

ئەمەش لەكاتێكدایە كەسەرچاوەیەكی سەربازی بۆ كەناڵی پرێس تی ڤی ئێران بەئامانجگرتنی بارەگا سەربازییەكانی ئێرانی بەدرۆخستەوەو وتی، هێزەكانی ئەمریكا كۆگایەكی هەڵگرتنی تۆوی دانەوێڵەی لەناوچەی حەرابیشی نزیك لەفڕۆكەخانەی سەربازیی دێرەزۆری بۆردوومان كردوەو هیچ زیانێك بەهێزەكانی سەر بەئێران نەگەیشتووە.

 

ئێران هەڕەشە دەكات

حكومەتی ئێرانیش لەبارەی ئاڵۆزی و پێكدادانەكانی ئەم دواییە لەنێو خاكی سوریا هاتە دەنگ و ناسر كەنعانی  وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەكۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسیدا، بانگەشەی ئەوەی كرد كەسوپای ئەمریكا لەنێو خاكی سوریا خەڵكی مەدەنی دەكاتە ئامانج و وتی: « سوپای ئەمریكا كە بەشێوەیەكی نایاسایی لەنێو خاكی سوریایەو بەشێك لەخاكی ئەو وڵاتەی داگیركردووە، هێرش دەكاتەسەر ئامانجە جۆراوجۆرەكان و ئەمەش پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە».

كەنعانی باسی لەوەكرد كەبەرپرسانی ئەمریكا تۆمەتی ناڕاست دەدەنە پاڵ جمهوری ئیسلامی و پێویستە ئەمریكا بزانێت، رۆڵی سەردار سلێمانی لەشەڕی دژی داعش لەسوریا فەرامۆش ناكرێت و لەئێستاشدا راوێژكارە ئێرانییەكان، كاریگەریەكی بەرچاویان لەنێو خاكی سوریا هەیەو لەهاوكاریكردنی سوریا بەردەوام دەبن.

هەروەها كەیوان خوسرەوی وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی رایگەیاند، ئەمریكا دەیەوێت بەهێرشەكانی، پرۆسەی داگیركاری نێو خاكی سوریا بشارێتەوەو ئێران تاوانبار بكات و وتی: « ئێران وابەستەی شەڕی دژی تیرۆرە لەسوریاو لەدژی هەموو جۆرە هەنگاوێك بووە كەئارامی ناوچەكە تێكدەدات. بەڵام وەڵامی هەموو جۆرە هێرشێك لەدژی هێزەكانمان لەنێو خاكی سوریا دەدەینەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار