چاوەڕوانییەکانی جیهان بۆ ئابووریی چین له 2023 دا
2 ساڵ لەمەوپێش
و. ئەكرەم ئەمین
بەباشكردن و رێكخستنی بەردەوامی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی كۆرۆنا لەچین، بووژانەوەی ئابووری چین بەشێوەیەكی بەهێز پێشكەوتووەو متمانەی زۆر بەگەشەی ئابووری جیهانی زیادكردووە.
لەم دواییانەدا مۆرگان ستانلی، گۆڵدمان ساكس، جەی پی مۆرگان و زۆرێك لەدامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەی وەبەرهێنان پێشبینییەكانیان سەبارەت بەگەشەی ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا زیادكردووە. زۆرێك لەژوورە بازرگانییە بیانییەكان لەچین، وەك ژووری بازرگانی ئەمریكی لەچین، ژووری بازرگانی بەریتانیاو ژووری بازرگانی ئەڵمانیا لەچین، پێیان وایە گۆڕانكاری لەڕێوشوێنەكانی كۆرۆنا لەچین یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستپێكردنەوەی چین بەئاڵوگۆڕو گەشتە بازرگانییەكان.
بەگوێرەی شیكاریی پسپۆڕان، لەساڵی ٢٠٢٣دا، لەگەڵ باشتربوونی وردە وردەی خواست و پاڵپشتی سیاسەت، زیندوویی ئابووری و كۆمەڵایەتی چین زیاتر ئازاد دەبێت و بەردەوام دەبێت لەبوون بە "سەقامگیركەرێك" بۆ بوژانەوەی ئابووری جیهانی و "بزوێنەرێك" بۆ گەشەی ئابووری جیهانی.
شارە جیاوازەكان گرێبەستیان واژۆ كردووە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی گەورە، گەشتە چارتەرەكان ئامادەیی خۆیان بۆ "چوونە دەرەوەی وڵات" راگەیاندووە بۆ وەرگرتنی داواكاری بازرگانی، هەروەها بازاڕی میوانداری و گەشتیاری وردە وردە بەرەو باشتر دەچێت، وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی دەرفەتی نوێ دەبینن، میدیا بیانییەكان ئاماژەی ئەرێنیی بەگەشەسەندنی ئابووری چین دەدەن.
گۆڤاری (InstitutionalInvestor)ی ئەمریكی لەوتارێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كەڕەنگە لەچوارچێوەی ئەگەری خاوبوونەوەی ئابووریی جیهانیدا تیشك بخرێتەسەر بووژانەوەی ئابووری چین. چین بەدەستكاریكردنی سیاسەتە پەیوەندیدارەكان، رەنگە ببێتە "پەناگەیەكی سەلامەت" بۆ وەبەرهێنەران.
بەگوێرەی راپۆرتێك كە لەماڵپەڕی سەنگافورەی (Zaobao) بڵاوكراوەتەوە، ژمارەیەك بانكی وەبەرهێنان یەك لەدوای یەك پێشبینییەكانیان بۆ گەشەی ئابووری چین لەمساڵدا بەرزكردووەتەوە. كۆمپانیای (JPMorganChase) لە 4% بۆ 4.3% و گۆڵدمان ساكس لە 4.8% بۆ 5.2% و مۆرگان ستانلی كە گەشبینترینیان هەیە پێشبینی دەكات ئابووری چین لەم ساڵدا 5.7% گەشە بكات.
هاوكات بەپێی راپرسییەكی ئاژانسی رۆیتەرز كە لەنێوان 49 ئابووریناسدا ئەنجامدراوە، رەنگە رێژەی گەشەی ئابووری چین لەساڵی 2023 بگاتە 4.9%. راپۆرتەكە لەزاری وانگ تاو، سەرۆكی ئابووریی كۆمپانیای یو بی ئێس لەچین رایگەیاندووە، پێشبینی دەكرێت لەدوای مانگی ئازارو نیسانی ئەمساڵ چالاكی ئابووری و بەكارهێنانی چین بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێش بچێت.
رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی لەزاری شرۆڤەكارانەوە پێشبینی دەكات كەكۆی فرۆشی تاكەكەسی چین بۆ كاڵا بەكاربەرەكان لەساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٥٠ ترلیۆن یوان بەزیادبوونی ١١%. بۆیە وەبەرهێنەران و شرۆڤەكاران پێشبینیان كردووە "ساڵێكی گەشاوەتر لەپێشەوەیە".
بەگوێرەی بابەتێكی گۆڤاری "فۆرچۆن"ی ئەمریكی، كۆمپانیای بلاك رۆك كەكۆمپانیایەكی ناسراوی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی سەرمایەو سەروەت و سامانە، هەروەها راپۆرتێكی توێژینەوەی بڵاوكردووەتەوە كەپێشبینی دەكات گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی چین لەساڵی ٢٠٢٣دا بگاتە ٦%، ئەمەش دەبێتە هۆی یاریدەدەر بۆ گەشەی ئابووری جیهان.
بەپێی راپۆرتێكی ئەم دواییەی كەناڵی سی ئێن ئێن، چەند پارێزگایەك لەچین ئامانجی گەشەكردنیان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێشنیار كردووە، كەزۆربەیان لەسەرووی ٥% دانراون، بەمەش یەكەم ئاماژە بۆ ئاراستەی گەشەسەندنی ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا دابینكراوە. بەپێی راپۆرتەكە، داڕێژەرانی سیاسەتی چین رێوشوێنیان بۆ پیشەسازی تەكنەلۆژیاو پیشەسازی خانووبەرە داناوە. ئەم ئاماژانە متمانەی وەبەرهێنەران و شرۆڤەكارانیان زیادكردووە كەپێیان وایە ئابووری چین لەساڵی ٢٠٢٣دا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێش دەچێت.
بەپێی دوایین نوێكردنەوەی ئابووری چین لەلایەن بانكی نێودەوڵەتییەوە، لەگەڵ خراپبوونی گەشەی خواستی جیهانی، پێشبینی دەكرێت پێكهاتەی داواكاری گشتی ئابووری چین وردە وردە بەرەو خواستی ناوخۆیی بگۆڕێت. لەگەڵ باشتربوونی متمانەی بەكاربەران و ئازادكردنی خواستی بەكاربەران، بەكارهێنانی چین وردە وردە باشتر دەبێت؛ هەروەها بەردەوامی گەشەی وەبەرهێنانی ژێرخانی و ئامادەیی وەبەرهێنەران دەبێتە هۆی باشتركردنی گەشەی وەبەرهێنان.
سەرچاوە: persian.cri.cn