بە کامێرای هاتوچۆ ژنان و کچانی بێسەرپۆش لە ئێران سزا دەدرێن

کامێراکانی پۆلیسی هاتوچۆ بۆ کۆنتڕۆڵی سەرپۆش لە ئێران بەکاردەهێنرێن

پۆلیسی هاتوچۆی ئێران

یەک ساڵ لەمەوپێش



دەسەڵاتی ئێران بۆ سزادانی ئەو کچ و ژنانەی کە پابەندی سەرپۆش نابن  کامێراکانی پۆلیسی هاتوچۆ بەکاردەهێنێت.

محەمەدحسێن حەمیدی، بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆ لە ئێران رایگەیاند؛ کامێراکانی چاودێریی بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی شۆفێران و ئۆتۆمبێلەکان سودیان لێوەردەگیرێت بە مەبەستی ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی پابەندی سەرپۆش نابن.

بە وتەی حەمیدی ئەو سیستمە کامێرایانەی کە ئێستا لە ئێراندا بۆ تۆمارکردنی سەرپێچیی ئۆتۆمبێل بەکاردەهێنرێت، دەتوانێت سەرپێچی نەبونی سەرپۆش و باڵاپۆش تۆمار بکات.

ئاماژەی بەوە کراوە ؛ کامێراکانی چاودێریی پۆلیسی هاتوچۆ بە جۆرێک رێکدەخرێن کە هاوکات سەرپێچییەکانی ئۆتۆمبێل و کەسانی بێسەرپۆش تۆمار بکات و داوتر بەشەکانی دیکەی پۆلیس و دادگا لەسەر بنەمای تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی تایبەت بە سەرپۆش، سزا بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن.

بەڕێوبەری پۆلیسی هاتوچۆ رونی کردوەتەوە؛ ئەو کامێرایانی پۆلیسی هاتوچۆ بۆ کۆنتڕۆڵی قەرەباڵغی و ترافیکی هاتوچۆ لە تاران بەکاری دەهێنێت لە لایەن دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانیشەوە سودی لێوەردەگیرێت بە بێ ئەوەی تۆمارەکانی پۆلیسی هاتوچۆ روبەڕوی کێشە ببێتەوە.

پێشتر رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) بڵاوی کردەوە: کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیاتی (پۆلیسی ئەخلاق) لە شەقامەکان بە کامێرا چاودێریی سەرپۆش و باڵاپۆشیی کچان و ژنان دەکات و لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە ئاگاداریان دەکات و سزایان بۆ دەبڕێتەوە.

لە چەند رۆژی رابردودا بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی جەختیان لە توندکردنەوەی رێوشوێنەکانی سەپاندنی سزا بەسەر کچان و ژنانی بێسەرپۆشدا کردوەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار