تیمی حكومەتی هەرێم سەردانی قوباد تاڵەبانی دەکەنەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بڕیارە بەمزووانە لیژنە وەزارییەكەی حكومەتی هەرێم دوبارە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی لە هەولێر سەبارەت بە گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران کۆببنەوە.
تیمی حكومەتی هەرێم کە سەردانی قوباد تاڵەبانی دەکەن پێكهاتوون لە(پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و نوێنەری پارتی و دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نوێنەری گۆڕان و عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و كەسوكاری ئەنفالكراوان و نوێنەری سۆشیالیست ).
نیگەرانییەكانی تیمی یەكێتی سێ پاكێجەو یەكێكیان پەیوەندی بەدۆخی دارایی و مووچەوە هەیە لەسلێمانی و دووەمیان دۆسیەی ئەمنییە كەخۆی لەكوژرانی عەقید هاوكار جاف دەبینێتەوەو هەروەها دۆسیەی سێیەم پرسی دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانیە وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.
هاوکات مەبەست لە سەردانەکەی تیمی حکومەت گەیاندنی وەڵامی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمە بە قوباد تاڵەبانی كە مەسرور بارزانی رەزامەندی نیشانداوە دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی لەسنووری سلێمانی زیاتر بكات و دۆخی دارایشی بەستووەتەوە بەڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق كە كێشەی مووچە لەو رێگەیەوە چارەسەر دەكرێت.
هەروەها بە پێی ئەو بەدواداچونانەی ڕۆژنامەی هاوڵاتی کردوێتی ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكران، پێشنیار كراوە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێشخەرییەك بكات لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی پارتی و یەكێتیدا.
