بارزانی لەپێناو چارەسەری كێشەكان دەستپێشخەرییەك دەكات

سەرۆكی پارتی چاوەڕێی وەڵامی یەكلاكەرەوەی وەفدی حكومەتی هەرێمە بۆ لای قوباد تاڵەبانی

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بڕیارە جارێكی دیكە لیژنە وەزارییەكەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆدەبنەوەو دوا وەڵام بگەیەننەوە بە مەسرور بارزانی، ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن، سەرۆكی پارتی لەو پێناوەدا دەستپێشخەرییەك دەكات.

تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، لەمانگی تشرینی دووەمەوە بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران ناكەن.

نیگەرانییەكانی تیمی یەكێتی سێ پاكێجەو یەكێكیان پەیوەندی بەدۆخی دارایی و مووچەوە هەیە لەسلێمانی و دووەمیان دۆسیەی ئەمنییە كەخۆی لەكوژرانی عەقید هاوكار جاف دەبینێتەوەو هەروەها دۆسیەی سێیەم پرسی دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانیە وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی بڕیارە بەمزووانە تیمی حكومەتی هەرێم كەپێكهاتوون لە(پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و نوێنەری پارتی و دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نوێنەری گۆڕان و عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان و كەسوكاری ئەنفالكراوان و نوێنەری سۆشیالیست سەردانی قوباد تاڵەبانی لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی لەهەولێر بكەنەوە.

ئەو وەفدە وەڵامی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەگەیەننەوە بە قوباد تاڵەبانی كە

مەسرور بارزانی رەزامەندی نیشانداوە دەسەڵاتەكانی قوباد تاڵەبانی لەسنووری سلێمانی زیاتر بكات و دۆخی دارایشی بەستووەتەوە بەڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق كە كێشەی مووچە لەو رێگەیەوە چارەسەر دەكرێت.

لەبارەی دۆسیەی هاوكار جاف، مەسرور بارزانی داوای لەتیمەكەی حكومەت كردووە كە ئەو پرسە یاسا لەهەرێمی كوردستاندا یەكلاییدەكاتەوەو كەسوكاری هاوكار جاف بۆ خۆیان سكاڵایان لەسەر تۆمەتبار تۆمار كردووە.

پەیامەكانی مەسرور بارزانی، دوای ئەوە بووە كە لەكۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی داواكارییەكانی قوباد تاڵەبانی كراوەو بڕیارە لیژنەكە بەمزووانە سەردانی بكەنەوە.

دوای سەردانی تیمی حكومەتی هەرێم بۆ لای قوباد تاڵەبانی و لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەكانی ئەگەر كێشەكان چارەسەر كران و تیمی یەكێتی گەڕانەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی هیچ هەنگاوێك نانێت لەسەر ئەو پرسە.

ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكران، پێشنیار كراوە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستپێشخەرییەك بكات لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكانی پارتی و یەكێتیدا.

دكتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئاگاداری هیچ دەستپێشخەرییەكی كاك مەسعود نیم بۆ كۆبوونەوەی لایەنەكان و چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان پارتی و یەكێتیدا».

هەروەها وتیشی:» مەسعود بارزانی ئەگەر دەستپێشخەری بكات، بێگومان دەتوانێت رۆڵی هەبێت و لایەنەكان كۆبكاتەوە لەپێناو چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا كەئەوەش داواكاری هەموولایەكە».

مەحمود عوسمان:

"مەسعود بارزانی ئەگەر دەستپێشخەری بكات، بێگومان دەتوانێت رۆڵی هەبێت و لایەنەكان كۆبكاتەوە لەپێناو چارەسەری كێشەكاندا"

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی بۆ هاوڵاتی دووپاتكردەوە كەدوای هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی بۆ رازیكردنی قوباد تاڵەبانی و تیمی یەكێتی بێهیوا بووەو ئەو پرسە لەئێستادا دراوەتە دەست مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم چارەسەری بكات كەئەو تیمەی حكومەت وەك نێوەندگیر كاری لەسەر دەكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، داواكارییەكانی تیمی یەكێتی بێجگە دۆسیەی هاوكار جاف لای مەسرور بارزانی وەڵامی چارەسەركردنیان دراوەتەوەو لیژنەكە وەڵامەكان دەگەیەننە قوباد تاڵەبانی، تەنها پرسی هاوكار جاف پێویستی بە لێكتێگەیشتن و رێكەوتنی پارتی و یەكێتی هەیە لەئاستی باڵادا لەبەرئەوەی دۆسیەی ئەمنیەو بەو هۆیەوە بودجەی دژەتیرۆر راگیراوە.

لەماوەی رابردوودا، پرسی جێگرتنەوەی تیمی یەكێتی لەحكومەتی هەرێم لەتۆڕەكانی سۆشیال میدیا بڵاوكرایەوە، بەڵام بەرپرسەكەی پارتی جەختی لەوەكردەوە كە «پرسێكی لەو شێوەیە بوونی نیەو پارتی دەیەوێت كێشەكان لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات نەك دۆخەكە خراپتر بكات، ئەمە نیەتی فەرمی پارتییە».

هاوڵاتی پەیوەندی بەچوار بەرپرسی پارتییەوە كرد لەئاستی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، بەڵام ئەوەیان خستەڕوو كە تەنها وتەبێژی حزب مافی لێدوانی لەوبارەیەوە هەیە.

ستران عەبدوڵا:

"هەر كەسێك دەستپێشخەری بكات یەكێتی رەتیناكاتەوە، چونكە بۆ مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانە"

هاوكات، ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی كە لەم ژمارەیەی ئەمڕۆدا بڵاوكراوەتەوە جەخت لەوە دەكاتەوە كەیەكێتی لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكاندایەو دەشڵێت:» كاك بافڵ چەند جارێك خۆی  چووەتە پیرمام (مەسیف سەڵاحەدین) ویستی پەیوەندییەكی باش رێكبخات بۆ ئەوەی بتوانین كێشەكان چارەسەر بكەین، قەت یەكێتی دەرگای هیچ گفتوگۆیەكی لەكاك مەسعود دانەخستووە».

جەختی لەوەش كردەوە»هەر كەسێك دەستپێشخەری بكات یەكێتی رەتیناكاتەوە، چونكە بۆ مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار