مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراق

11 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لە کۆبوونەوەی شەوی پێنجشەممەیدا، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی بودجەی عێراقی بە کۆمەڵێک گۆڕانکارییەوە پەسندکرد.

دیارترینی ئەو گۆڕانکارییانەشی کراون بریتییە لەوەی وەزارەتی دارایی سەرپەرشتیی هەژماری بانکیی تایبەت بە داهاتەکانی نەوتی کوردستان بکات و دوای رەزامەندیی وەزارەتی دارایی ئینجا هەرێمی کوردستان دەتوانێت پارەی لێ خەرجبکات.

بەپێی بەڵگەنامەی پەسندکراوی نێو کۆبوونەوەکەی شەوی پێنجشەممەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بەو دوو مادەیەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، گۆڕانکاریی  لە ئەو دوو ماددەیەدا کراون، ئەوەش وایکردووە بەشێک لە ئەندامانی کوردستان لە لیژنەکە ناڕازی بن و دەنگی پێنەدەن و بچنەدەرەوە لە کۆبوونەوەکە

تائێستا نزیکەی 80 ماددەی رەشنوسەکە پەسەندکراوە و بڕیارە ئەمڕۆ بەشەکانی دیکە پەسەند بکرێن بۆ ئەوەی رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ دانیشتن و دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە

ئەمەی خوارەوە  هەردوو مادەکەیە کە لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023 پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە

ماددەی 13 :

یەکەم: شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بۆ ساڵانی 2004 تا 2022 یەکلایی دەکرێتەوە، لەدوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی ناوەندیی و بە هەماهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێم، ئەویش بە پشتبەستن بەو ماف و ئەرکانەی لە یاساکانی بودجەی فیدراڵیی تایبەت بە هەر ساڵێکی داراییدا هاتوە.

دوەم:

ا: حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پابەند دەبێت بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراو بە تێكڕای 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ یان ئەو پاڵاوگانەی وەزارەتی نەوت گرێبەستی لەگەڵ کردون، بەو پێیە داهاتە کۆتاییەکان بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی فیدراڵی.

ب: حکومەتی هەرێم پابەند بێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی بە خەزێنەی دەوڵەت و بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی، دیوانی چاودێریی دارایی عێراقیش بە هەماهەنگی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم کاری وردبینکردن دەکات لەو داتایانە.

ج: وەزارەتی دارایی عێراق پابەندە بە پێدانی شایستە داراییەکانی مانگانەی هەرێمی کوردستان بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە بەپێی خشتەی هاوپێچ، دوای ئەوەی هەرێم بڕگەکانی ئەلف و با جێبەجێ دەکات، دواتریش هەماهەنگی دەکرێ لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بە ناردنی بودجەی خەرجکراوی مانگانە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری بۆ دانانی لە چوارچێوەی کۆی هەژمارەکانی مانگانە دەوڵەت، بەو پێیەی یەکلاییکردنەوەی ژمێرەیی تایبەت بە ماف و ئەرکە نەوتی و نانەوتییەکانی هەردولا بکرێت.

د: ئەو پارەیەی لەسەر حکومەتی هەرێمە لە پارەکانی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی ناسراو بە (تی بی ئای) لەلای بانکە حکومی و تایبەتەکان یەکلایی دەکرێنەوە و پارەکە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت و لە ساڵی دارایی 2023 دەستپێدەکات و بۆ پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت.

گرنگترین خاڵەکانی ماددەی 14:

١-وەزارەتی دارایی عێراق داهاتەکانی نەوتی هەرێم لە هەژمارێکی بانکی لەلای بانکی ناوەندیی عێراق دادەنێت، سەرجەم ئەو داهاتانەی لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمەکانییەوە دەست دەکەوێت بەبێ لێبڕین بۆ هەر مەبەستێک بێت دادەنرێت، تا ئەو کاتەی وەزارەتی دارایی عێراق دەسەڵاتی خەرجکردنیان دەداتە سەرۆک وەزیرانی هەرێم یان ئەو کەسەی کە لە شوێنی ئەو دەبێت، دەبێت ئەو هەژمارەش لەلایەن لیژنەی پسپۆڕان لە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و حکومەتی عێراق وردبینی بکرێت و سەرجەم هەژمارەکانی دیکەی هاوشێوەی دادەخرێن.

٢-وردبینی ئەو هەژمارە بانکییەی لە بڕگەی یەکەمدا هاتوە بە سەرجەم هاتو و دەرچوەکانی لەلایەن ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییەوە دەکرێت کە لە بڕگەی دوەم ئاماژەی بۆ کراوە و راپۆرتی خولی تایبەت بەو بابەتە دەدرێت بە دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی لە هەرێمی کوردستان.

٣-وردبینی داتاکانی دارایی ساڵانە، نیوەساڵی، چارەکەساڵی، مانگانە دەکرێت و بەواژۆی وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان و چاودێری ژمێرەی سەربەخۆ "کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکە" و کۆپییەکی پشتپێبەستراوی دەدرێتە وەزارەتی دارایی فیدراڵی.

٤-لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردولا پێکدەهێنرێت ئەرکی پێداچونەوەیەکی گشتگیرە بۆ ماوەکانی رابردو لە هەرچییەک کە پەیوەندیی بە کەرتی نەوت و گازەوە لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەنێوان نەوتی فیدراڵی و هەرێم پێکدەهێنرێت و دەرچون بە تێڕوانینێک لەگەڵ دەستوردا بگونجێت بەمەبەستی یەکلاییکردنەوە بۆ قۆناخی رابردو.

٥-ئەوەی لە حوکمەکانی بڕگەکانی یەکەم و دوەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەمی ئەم ماددەیەدا هاتوە لە رۆژی دەرچونی ئەم یاسایە و تاوەکو پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز جێبەجێدەکرێت.

٦-هەرێمی کوردستان پابەنددەکرێت بە پێدانی لیستی ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی (مەدەنی و سەربازی) بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەدوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی و بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی هەرێم، بەشێوەیەک بەپێی پلە و ناونیشانی کار بەپێی ژمارە بۆ دیاریکراوەکانی و بەپێی خشتەی هێزی کاری هاوپێچی ئەم یاسایە دەدات بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لە ماوەیەکدا 30-9-2023 تێنەپەڕێنێت.

٧-لە دۆخێکدا ئەگەر ناکۆکیی لە تێڕوانینەکان لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبێت لەبارەی ماف و ئەرکەکان یان پابەندنەبون بەوەی لە ماددەی 13 بڕگەکانی (یەکەم و دوەم) و ماددەی 14 بڕگەکانی (یەکەم، دوەم، سێیەم، چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم) هاتوە ماوەی 15 رۆژ دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە، دوای ئەوە رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نانێردرێت و کار بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەکرێت.

٨-حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی لەپێشترێتی بە خەرجکردنی شایستەکانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان، لەگەڵ پابەندبون بە خەرجکردنی شایستەکانی دارایی پارێزگاکان بەپێی پێوەرە پشتپێبەستراوەکان لەم یاسایە و دادپەروەری و بێ جیاکاری، بەپێچەوانەوە حکومەتی فیدراڵی هەڵدەستێت بە بڕینی پشکی پارێزگای ناڕازی بەپێی ئەم یاسایە دەبڕدرێت و راستەخۆ رادەستی پارێزگا ناڕازییەکە دەکرێت.

٩-حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبن بە راگرتنی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکوک و نەینەوا کە ئێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەردەهێنرێت. 

١٠-حکومەتی فیدراڵی پابەند دەبێت بە بەشداریکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکان لە هەرێمی کوردستان.

١١-پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی خۆی بڕەپارەیەک کە لە رێژەی 10٪ کەمتر نەبێت، مانگانە بخاتە سەر موچەی هەر فەرمانبەرێک، جگە لە تەواوی موچەکەی بۆ قەرەبوکردنەوەی پاشکەوتی ناچاری کە لە ساڵانی رابردودا بڕدراوە، بەردەوامیش دەبێت لەسەر دانەوەی ئەو رێژەیە تاوەکو تەواوی لێبڕینە داواکراوەکان دەدرێتەوە.

هاوکات بەوتەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ سبەینێ شه‌ممه‌ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ سێ ساڵی داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار